28/10/2018 03:06 PM

ئەحمەد ھەردی

ئەحمەدی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی عەزیز بەگ (١٩٢٢ - ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦) ناسراو بە ئەحمەد ھەردی یەکێک لە شاعیران و نووسەرانی بە ناوبانگی کوردە لە باشووری کوردستان کە زۆربەی تەمەنی لە بواری ئەدەب و شێعری کوردی دا کاری کردووە.

ئەحمەد ھەردی لە بنەماڵەیێکی ڕووناکبیر لە سلێمانی لە دایک بوو. ئەو زانیارییەکی زۆری لە بواری شێعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبی دا ھەبوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە. ھەروەھا ئەو لە بزۆتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا بەشدار بووە. پاش بەسترانی پەیمانی جەزایر ئەو چوو بۆ ئێران و دواتر لە ١٩٩٣ کۆچی کرد بۆ وڵاتی بریتانیا.

ئەحمەد ھەردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەلاحەدین وەکوو مامۆستا دەرسی دەوتەوە.یەکەمین کۆمەڵە شێعری ئەحمەد ھەردی لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو بووەوە و لەو کاتەوە چەندین جار دووبارە لە چاپ دراوە.

هەردی لە ساڵی ١٩٢٢ لە سلێمانی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٤١ بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا. پاشان لەکۆتایی چلەکاندا لەسەر ھەڵوێستی سیاسی لەوەزیفە دەرکراوە و چەند جارێک تووشی زیندان و دوورخستنەوە بووە. ساڵی ١٩٥٧ کۆمەڵێک شیعری بەناوی رازی تەنیاییەوە بەچاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی تردا کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد (کاژیک) ـیان دامەزراندووە، ھەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی. سەردەمێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە، سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە. ساڵی ١٩٦٦ لەسەردەشت لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێران (ساواک)ەوە دەستگیر کراوە، لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێراق. پاش رێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، ساڵی ١٩٧٣ تا ١٩٧٤ لەکۆلیجی ئادابی زانکۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە. لەگەڵ ھەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی ١٩٧٤ دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە. پاش ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لەئێران ئاوارە بووە تا ساڵی ١٩٧٩. ساڵی ١٩٧٩ شەڕی نێوخۆی حیزبەکان نائومێدی دەکات، بڕیار دەدات بۆ پاراستنی ھەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی بەعسدا، جارێکی تر لەساڵی ١٩٨٨دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە، بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی کورد (پاسۆک). ساڵی ١٩٨٩ وازی لە پاسۆک ھێناوە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینی ١٩٩١. ساڵی ١٩٩٢ لەلەندەن نیشتەجی بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کێشی عەرووز لەشیعری کوردیدا تەواو کردووە. پاش رووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە. بەھۆی ژیانی پڕ لەئاوارەیی، دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوە، دەقی ئەدەبی، ھونەریی فەوتاون، رووناکییان نەدیوە. رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ لەماڵەکەی خۆیدا لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە.


ھەردی لە وەسفی تەمەنی خۆی دا دەڵێت:
ھەموو ئاواتی ئاکامم گوڵاڵەی لالەزارێ بوو
شریتی سەرگورشتەی من خەوێکی نەوبەھارێ بوو
ھەموو پێچانەوەی ژینم بریتی بوو لە چیرۆکی
لە کورتی و زوو بەسەرچوونا بزەی سەرلێوی یارێ بوو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved