به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، لیژنه هاوبه‌شه‌كان سه‌مونخانه‌یه‌ك داده‌خات و سه‌رۆكی لیژنه‌كه ده‌ڵێت: شوێنه‌كه هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه. راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه كۆپیه‌كی ده‌ست خاك كه‌وتووه ئاماژه‌ی پێداوه كه، گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت رایگه‌یاندووه: به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی به مه‌رج و رێنمایيه‌كانی كاركردن به‌گشتی و ته‌ندروستی به‌تایبه‌ت، لیژنه‌ی نانه‌واخانه‌ی قائیمقامیه‌ت فڕنی سه‌مونی (عه‌فرین) له گه‌ڕه‌كی زێڕینۆك داده‌خات. وتی: له‌كاتی سه‌ردانی لیژنه‌كه بۆ شوێنه‌كه‌و پشكنین بۆ كه‌لوپه‌ل و پێداویستيیه‌كانی دروستكردنی سه‌مون، ده‌ركه‌وتووه پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی نیه شوێنه‌كه شیاو نیه بۆ سه‌مونخانه، هه‌بوونی قرتێنه‌ركان (جرج و مشك) له شوێنه‌كه‌و بو‌ونی پیساییه‌كی زۆری قرتێنه‌ركان له تاوڵه‌ی سه‌مونه‌كان، یه‌كێكی تره له كه‌مته‌رخه‌می خاوه‌ن شوێنه‌كه، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی به‌تانی بۆ داپۆشینی سه‌مونه‌كان به شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست رێگه پێنه‌دراوه. وتیشی: لیژنه هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وام سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه ده‌فرۆشن ده‌كه‌ن، بۆیه پێویسته پابه‌ندی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بن، به‌پێچه‌وانه‌وه روبه‌رووی یاسا ده‌كرێنه‌وه كه سزاكان له غه‌رامه‌كردن تا روبه‌رووكردنه‌وه‌ی دادگا خۆی ده‌بینێته‌وه. سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی فڕنی سه‌مونی عه‌فرین داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌رووی یاسا ده‌كرێته‌وه. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure