31/10/2018 03:31 PM

سینەماتۆگراف و مێژووی کینۆ


دەوەن مەعروف


( وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی، کە بێزارم لە ماچی سینەمایی)هێمن موکریانی.چاوپیاخشاندنێک بەکتێبی ( سینەماتۆگراف )هەموو شتێک مێژوویەکی خۆی هەیە، تەنانەت فەلسەفەش مێژوو دەگێڕێتەوە! ئەدەب و هونەر، لە بەرایی دروستبوونیاندا، بەنێو مێژووی شارستانیەتەکانتدا گوزەریان کردووەو داهێنانەکانیان جێگەی سەرنج و ڕامان بوون. سینەماش وەک هەر هونەرێکی دیی، مێژووی خۆی هەیەو لەماوەی ئەو کوورتە مێژووییەدا، جیهانێکی فراوان و نوێی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە. هونەری سینەما چارەنووسێکی باشی بۆخۆی خولقاندووە، بە جۆرێک هونەرەکانی دیی، ناتوانن لە قوورسایی و سەنگینی کەم بکەنەوە. هەروەک چۆن ئەدەب، خاوەن ئایدیای خۆیەتی، بەهەمان جۆر سینەماش ئایدیای خۆی هەیە و گەر لەنێو سینەماتۆگرافیدا نەبێت مەحاڵە بۆ کارکردن جێگەی بایەخ بێت. ڕەخنەگری نێوداری فەڕەنسی ئاندریە بازین١٩١٨ – ١٩٥٨ – AndréBazin) کە بەباوکی (الموجه‌ الجدیده‌ فی السینما الفرنسیه‌- Nouvelle Vague ) نێودار بووە. پێی وایە کە: ڕەخنەگرانی سینەماتۆگراف جوانیناسیان خستە نێو سینەماوە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خۆیان بە فەیلەسوف دەزانی. لەلای دۆڵۆز ئەمکارەیبازین بەسەرکێشیی دەزانی، هەربۆیە بەردەوام نووسینەکانی جێگەی بایەخ بووە لەنێو سینەماکاراندا. کتێبی(سینەماتۆگراف) بۆ سەردەمێک کە سینەما، دەستی غەدری لەسەربوو، بۆ خۆی کارێکی سەرکێشی و نەکردە بوو.(هاوار مستەفاخان) نووسەری سینەماتۆگراف، هەمان کاری ئاندریە بازینە،بەجۆرێکی دیی و لە جوگرافیایەکی دییدا. جوگرافیایەک کە سینەما لەنێویدا ڕووخسارێکی خەمۆکی هەبووەو بە ئاستەم خەندەی ڕووبەڕوو کراوەتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی هوشیاریی ئەقڵ و هونەری خەڵکەوە هەیە. پێش شازدە ساڵ بەر لە ئێستا، هاوار مستەفاخان، بە چاوێکی کراوەی خاوەن ئاوەزێکی فراوانەوە، کتێبێک لەسەر مێژووی سەرهەڵدان و دروستبوونی سینەما دەنووسێت، لەساڵەکانی (١٨٢٤ – ١٨٩٥)کە جێگەی بایەخێکی زۆرە هەم بۆ خوێنەران و هەمیش بۆ خوێندکارانی بەشی سینەمای زانکۆکانی کوردستان. ئەگەر بە وردی لێی بڕوانین، ئەوا بۆمان ساخ دەبێتەوە کە نووسینی کتێبێک بەو جۆرە، بۆ خۆی بەشێکە لە داهێنان! ئەفراندنێک کە هەرگیز ڕێگە نادات دەستی غەدر لە سینەما و سینەماکاران نزیک بێتەوە. لەهەمانکاتدا خستنەڕووی مێژوویەکی گرنگی مرۆڤایەتییە کە بە هونەری حەوتەم ناسراوە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بەتەنیا باس لە مێژووی سینەما نییە، بەڵکو ڕاگوزەرێکی ژیرانەیە بەنێو تونێلە باریک و تاریکەکانی دروستبوونی» سینەما، ڕۆڵی برایانی لۆمێر لە پێشخستنی سینەما، کامێرا، ڕۆژی جیهانی سینەما، ئیپراتۆری سینەما» پاشانیش شیکاریی ژیانی ئەو مرۆڤانەی کە سینەمایان خستە سەر ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی وەک» تۆماس ئادیسۆن، هۆرنەر، کۆڵمان سیلەرز، ماکس، ئامیل سکلاداتۆفسکی، لوئەی و ئۆگێست» گەڕان و منەی لەم جۆرە کارە هەوڵ و ماندووبوونی زۆری دەوێت، چونکە نووسینەوەی مێژوو یان شیکاریی مێژوو پێویستی بە دێکۆمێنتی ڕاستەقینەو دانسقە هەیە. تاکو زانیاریی بەنرخ پێشکەش بە خوێنەران بکات. زیادە ڕووی نییە گەر بڵێم تاکە کتێبە لەنێو کتێبخانەی کوردییدا کە بەم جۆرە لەسەر مێژووی سینەما نووسرابێت. لەدوای شازدە ساڵ ئەم کتێبە دەبێتە میوانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەپاڵ خەڵاتی گزگل،دا خانۆچکەیەک بونیاد دەنێت، بۆ زانین وشارەزابوون سەبارەت بە مێژووی سینەما و دەستڕەنگینەکانی مێژووی هونەری حەوتەم لە جیهاندا.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved