3/11/2018 03:03 PM

دیلان، لە بابەتەوە بۆ بابەتگەرایی

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

لەم كورتە ووتارەدا،بەپێویستی نازانین بەدرێژی بچینە نێو بەرنامە وكارنامەكانی بابەتگەرایی وجیاوازییەكانی لەگەڵ بابەتدا،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بابەتگەرایی بەشێوە گشتی وكورتكراوەكەی بریتیە لەخوڵقاندنی پەیوەندییەكان لەنێوان واقیع وخەیاڵدا بەوپێیەی واقیع لەبنەڕەتدا دروستكەری خەیاڵە وپێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.جگە لەمەش،بابەتگەرایی بەدوای مەبەستێتی دەقدا دەگەڕێت ئەویش لەڕێگەی چەمكی دیدگەرایی وتەوەرگەراییەوە.بەمەش كارنامەكانی خۆیان لەگواستنەوەی مانا سروشتی وگشتییەكان بۆ مانای مانا تایبەتەكاندا دەبینێتەوە.لێرەدا دامەزراندن و ووروژاندنی بابەتێك ،كەدواتر پێدەنێتە قۆناغی دروستبوونی گوتارەوە،دەبێتە بابەتی بیركردنەوەكانی خاوەن دەق وەك ئەوەی بۆ ئەو گوتارە خوڵقابێت،دواتر گواستنەوەیان بۆ تێكڕای خەڵكی.بۆ نموونە،گەر بگەڕێینەوە بۆ دەقی "شێخ مەحمودی زیندووی " دیلان ئەوا ڕەهەندە مەعریفییەكانی بابەتگەرایی ئەوەمان پێدەڵێن كە دیلان:
-   توانای گواستنەوەی خەیاڵی شیعری بۆ واقیعێكی فیكری وسیاسی وئەخلاقی هەیە.واتە لەكاتێكدا كەباس لەگەورەیی مەلیك دەكات ئەوا ئەمە گێڕانەوەیەكی خێرای خەیاڵ نییە بەڵكو بەهێزكردنی ووزەكانی زەمەنی مەلیكە لەزەمەنێكی جیاوازدا.ئەمە لەكاتێكدا بەلای تێكڕای خەڵكییەوە ئەو ووزەیە كۆتایی پێهاتووە بەكۆتایی مەملەكەتەكەی مەلیك.بەمانایەكی جیاوازتر،گەر لەلای تێكڕای خەڵكی مەملەكەتەكەی مەلیك خەیاڵێكی زەمەنی ڕابردوو بێت ئەوا لەلای دیلان كوتاییەكەی بەسەرەتا دەست پێدەكات.بەمەش گرێ كوێرەی خەیاڵ وواقیع كۆتاییان پێ دێت لەبەرژەوەندی هێزی بەردەوامی ووزە نیشتمانی ونەتەوەییەكانی دیلان وهاو بیرەكانی.
- مەبەستێتی كەناخی مەلیك ومەمەلەكەتەی بۆ تێكڕای خەڵكی ئاشكرا بكات بەوەی كەمەلیك كەسێكی هەلپەرست وخۆپەرست نەبووە ،بەڵكو لەپێناو گەل ونەتەوەكەیدا ئێش وئازارەكانی هەڵبژاردووە.بەمەش دەقەكە لەشیوەنێكی سروشتییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بابەتێكی گێڕانەوەگەری گرنگ كەتێڕای خەڵكی ئاگاداری ووردەكارییەكانی گێڕانەوەی ئەو گێڕانەوەگەرییە نیە.بۆ نموونە،دیلان لەدەقەكەیدا بایەخێكی گەورەی بەجێگە داوە وەك كوردستان وبەردە قارەمان وئاوباریك وبەرانان وهەڵگورد وئارارات وهەورامان وداری كەلی..هتد.كارنامەی سەرەكی ئەم ئامادەبوونە جێگەییە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی پەیوەستێتی ومەبەستێتی مەملەكەت كەتەنها مەملەكەتی سلێمانی نیە ،بەڵكو زۆریش گەورەترە لەو سنوورە.یان مەبەستێتی كەبڵێت ئەمە تەنها داوای مەلیك نیە بۆ دامەزرندن بەڵكو مێژووەكەی كۆنترە بەكۆنی زەمەنی مێژوو.هەروەها گوتار وبانگەوازەكانی مەلیك لەو جێگایانە ڕەگی داكوتاوە وهەروا بەئاسانی كۆتاییان پێ نایەت.
- مەبەستێتی كەبابەتێكی سروشتی دیاریكراو گەورە بكات .لەلایەكەوە تێكڕای خەڵكی بەشداربن لەبابەتی مەلیك ومەملەكەتەكەی ،بەڵكو بەردەوامییەك بدەن بەو بابەتە.لەلایەكی تریشەوە دەرگای ڕاڤەكردن لەبەردەم خوێنەردا بكاتەوە وئەو خوێنەرە قایل نەبێت بەیەك ئاڕاستەیی خوێندنەوە.هەر لەبەر ئەمەشە دەقەكە چەندین خوێندنەوە لەخۆ دەگرێت وەك سۆسیۆڵۆژی وفیكری وسیاسی.ئەمانە بێگومان لەڕێگەی ڕەخنە تازەگەرایی ودوای تازەگەراییەكانەوە ئەنجام دەدرێت.
هەموو ئەمانە وزیاتریش ئەوە دەگەیەنن كەدیلان لەپاڵ بەهرە شیعرییەكەیدا كەسێكی ڕۆشنبیر بووە ودەزانێت چۆن دەقەكانی دادەمەزرێنێت وچۆنیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.واتە لەدەرەوەی دەق كەسێكی سروشتی نەبووە وبەهۆی خوێندنەوە چڕەكانی ئاگاداری خۆی ودەرەوەی خۆشی بووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved