7/11/2018 02:56 PM

شەهید لە زاكیرەی جەزایرییەكاندا


سەهەند ئازاد
بەر لەوەی بچمە سەر باسی رۆمانەكە دەمەوێت قسەیەك لە بارەی وەرگێڕ و نووسەری رۆمانەكەوە بكەم سەباح ئیسماعیل نووسەر و وەرگێڕ یەكێكە لەو وەرگێڕانەی بە هێمنی كاری خۆی دەكات، بە زمانێكی جوان و تێر تەسەل و رۆمانە عەرەبیەكانمان بۆ وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی لە پاش وەرگێڕانی رۆمانی درێژترین ساڵ، وەرزی كۆچ بەرەو باكور، شیكاغۆ، باڵەخانەی یەعقوبیان، رۆمانی مرۆڤێك ناوی لەناواندا نییەی واسینی ئەلئەعراج دەكاتە كوردی بەو زمانە جوانە، جێی داخە لە نێوەندی ئەدەبی كوردی بەرهەمە جوان و نایابەكان وەك بەرهەمە خراپەكان لە پاش بڵاوبوونەوەیان بە بێدەنگییەكی ترسناكدا گوزەر دەكەن و زۆربەكەمی قسە لەسەر دەقەكان دەكرێت.
هەرچی واسینی ئەلئەعرەجە بە یەكێ‌ لە رۆماننووسە ناودارەكانی جەزایر دادەنرێ‌ و لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی پەیداكردووە، رۆمانەكانی بۆ سەر زمانی عیبری و ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتاڵی وەرگێڕدراون، واسینی لە ساڵی 1954 لە جەزایر لە دایك بووە و لە بنەچەدا  ئەندەلوسییە و لەسەدەی 17دا باپیرانی روویان لە جەزایر كردووە، باوكی واسینی كریكاری هێڵی ئاسنی بووە لە فەرەنسا، لەساڵی 1959 بەر لەوەی پەیوەندی بە هێزی رزگاركەری نیشتیمانییەوە بكات لە ژێر ئەشكەنجەدا شەهید دەكرێت و ئیدی واسینی وەك منداڵێكی بێ‌ باوك بەجۆرێك دەژی كە، سەرئەنجام دەبێت بەكەسایەتییە ناودارەی ئەمڕۆ، كە خاوەنی شانزە رۆمانە لەوانە (البوابە الزرقا‌و، نوار اللوز، احلام مریم الودیعە، انپی السراب ، سیدە المقام، ژاكیرە الما‌و، گرق الیاسمین، سۆناتاالاشباح وچمیر الغائب و....هتد) هەر وەها خاوەنی هەشت كتێبە لە بواری لێكۆڵینەوەی ئەدەبی لەوانە (اتجاهات الروایە العربیە ، دیوان الحداپە، النزعە الواقعە الانتقادیە فی الروایە و....) و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی رۆمانی جەزایری، خەڵاتی قەتر، خەڵاتی شێخ زاید، خەڵاتی كتێبی ئاڵتونی و.... جگە لەمانە واسینی ئەلئەعراج خاوەنی بروانامە لیسانس و ماجستێر و دكتۆرایە لە زانكۆ عەرەبی فەرەنسییەكان و سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی عەربی و فەرەنسی دەكات.                                     
رۆمانی مرۆڤێك ناوی لە ناواندا نییە (چمیر الغائب) ساڵی 1990بڵاو بووەتەوە و ساڵی 2001 بۆ سەر زمانی فەرەنسی وەرگێڕدراوە، ئێستاش ئەوەتا بەكوردییەكی جوان و رەوان لەبەردەستی ئێمەی خوێنەری كورد دایە، سەباح ئیسماعیل كردوویەتی بە كوردی و لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئاڕاسە و واسینی ئەلئەعراج و تارێكی دەربارەی وەرگێڕانی رۆمانەكەی بۆ كوردی نووسیوە و لە مانشێتی وتارەكەوە خۆشحاڵی خۆی لە وەرگێرانی رۆمانەكە بۆ سەر زمانی كوردی دەردەبڕێ‌ و لەو وتارەدا باس لە وەرگێڕان و خۆشەویستی و زمان دەكات، واسینی سەبارەت بە وەرگێڕانی رۆمانەكەی بۆ كوردی دەڵێت (هەینێ‌ پێشنیاری وەرگێڕانم پێدەگات هەردەم تووشی سەراسیمەیی دێیم و هەرگیز لە مەودای بڵاوبوونەوەی زمانەكە، یاخود بەرتەسكی ناپرسم. پرسیاری سەرەكی من ئەوەیە، داخۆ چۆن دەقەكەم لە وڵات و خەیاڵگە و رۆشنبیرییەكی تردا دەپەڕێتەوە، پارادۆكسەكانی چین؟) هەروەها وەرگێڕیش پێشەكییەكی بۆ نووسیوە وتێدا  راگوزەرێكی خێرا دەكات بە نێو رۆمانەكەدا و هێڵەگشتییەكانی رۆمانەكە باس دەكات. 
ئەم رۆمانە حیكایەتی رووداوەكانی شۆڕشی جەزایرییە و نوسەر دەربارەی شۆڕشێك دەدوێت، لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا ژیانی جەزایرییەكانی كرد بە گۆمێك خوێن، حیكایەتی داگیركاری فەرەنسا و شۆڕشی جەزایرییەكانی و چیرۆكی پارتی كۆمۆنیستی جەزایری دەگێڕێتەوە، باس لە ململانێ‌ و تەكتولاتی ناو شۆڕش دەكات و چیرۆكی خۆخۆری و یەكتر كوشتنی شۆڕشگێڕەكان دەگێڕێتەوە، بیرەوەری شۆڕشێك دەگێڕێتەوە كە سەرئەنجامەكەی گەندەڵی و جەللادی شۆڕشگێرەكانە، دیوەدزێو و نابووتەكەی شۆڕشی جەزایری باس دەكات كە چۆن شۆڕشگێڕانی دوێنێ‌ و جەللادەكانی ئەمڕۆ جەزایر تاڵان دەكەن و شوێنی جەللاد دەگرنەوە، واسینی وەك مێژوو نووسێكی مایەپوچ شۆڕشی جەزایر ناكات بە حیكایەتێك و خوێنەری پێ فریو بدات، بەڵكو وەك رۆمانووسێكی خاوەن ئەزموون و بەسەلیقە و راستبێژ رووداوەكان بە تەكنیكێك دەگێڕێتەوە كە چێژ بەخوێنەر دەبەخشێت و هاوكات راستییەكان نیشان دەدات و جیاواز لەو رۆماننوسانەی شۆڕشی جەزایر دەكەن بە داستانێكی پڕ لەسەروەری، واسینی لە پاڵ سەروەری و شۆڕش و حورمەتی شەهیداندا رووە رەشەكەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان نیشان دەدات و نیگاری شۆڕش وەك خۆی دەكێشێ‌ و نائارامی رۆحی شەهید نیشان دەدات، نائومێدی گەلی جەزایری باس دەكات، لەبەرانبەر دەسەڵات و فەرامۆشكردنی شەهیدان، گێڕەرەوە حوسێن كوری مەهدی محەمەدە یەكێكە لە شەهیدانی جەزایر و حوسێن بە پێناسەی خۆی دەست پێدەكات و ژیان و بەسەرهات و رووداوەكانی خۆی و باوكی و جەزایر دەگێڕێتەوە، باس لە شەهید بوونی باوكی دەكات و گازندەی ئەوەدەكات كە، هاوڕێكانی باوكی تەنانەت گۆڕی باوكیان فەرامۆش كردووە و لە دۆخێكدا دەژین، دەڵێی بیریان چووەتەوە كەسێكیان دەناسی ناوی مەهدیە و ئێستا شەهید بووە و ئەوان بۆ جارێكیش لە گۆڕی ئەو هاوڕێیەیان ناپرسن، حوسێن پاڵەوانی رۆمانەكە كوڕی مەهدی كەسێكی داروخاوە و لە نائومێدیدا دەژی، رەشبینی بە جۆرێك باڵی بەسەر ئەم رۆمانەدا كێشاوە، كە گێڕەورەوە بە باوەڕی تەواوەوە دەڵێت تەنانەت خوداش چاو لە ئاستی ئەم قەسابخانەیە دەنووقێنێ‌، نائومێدی پاڵەوانەكان لە رووداوە خوێناوییەكاندایە كە جەزایر بەرەو دۆخێكی ترسناك و رووخێنەر دەبات و شۆڕشگێڕەكانیش بەرگی جەللادیان پۆشیوە، نووسەر بەجۆرێك نیگاری شار دەكێشێ‌، كە لە تابلۆیەكی رەش دەچێت، گێڕەرەوە رۆژنامەنووسێكە لە نێو نائومێدی و غەمگینیدا دەسوڕێتەوە و ریپۆرتەرێكە ریپۆرتاژەكانی لەبارەی شەهیدەكانەوەیە و ئیدی حەق دەدات بە خۆی كە ریپۆرتاژێك لەسەر باوكی (مەهدی) ئەنجام بدات كە شەهیدێكە و لە زاكیرەی حوسێندا خەریكە بە تەواوی ون دەبێت و گێڕەرەوە باسی فەرامۆشكردنی مەهدی دەكات لەلایەن هاوڕێكانییەوە كە مۆنۆمێنتێكیان لە رێگایەكی چەپەكدا بۆ درووست كردووە، نووسەر لەزاری گێڕەرەوەوە حیكایەتی شەهیدێك دەگێڕێتەوە كە بەجۆرێك فەرامۆشكراوە نەناوی دەهێنن و نەباسی دەكەن و هاوخەباتەكانی سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەندكردنن و حوسێنیش بۆ هەر كوێیەك دەڕوات رۆحی مەهدی لەگەڵدایە، بەشێكی ئەم رۆمانە گفتوگفۆیە لەسەر شەهید، كێ‌ شەهیدی راستە قینەیە و كێ‌ مردوو یان كوژراوی ئاساییە ئەم گرفتە لەپاش شۆڕش رووبەرووی زۆر وڵات بووەتەوە و زۆرجار روویداوە پارتێكی شۆڕشگێڕ ژمارەی پارتیزانەكانی دوو سێ‌ هەزار كەسێك بووە و كەچی لەسەردەمی دەسەڵاتدا بەلای كەمەوە پانزە بۆ بیست هەزار شەهیدی هەبووە، مەهدی شەهیدێكی شۆڕشی جەزایرە و فەرامۆشكراوە و حوسینی كوڕی ئەو خەمەی لە كۆڵناوە و بە شەقام و جادەكانی شاردا دەگەڕێت و لە كارەساتە تاڵەكان حیكایەتێكی غەمگین دەگێڕێتەوە، رستەیەك كە زوو زوو لەم رۆمانەدا دووبارە دەبێتەوە لەبارەی بەفیرۆچوونی خوێنی شەهیدانەوەیە، حەیف بۆ ئەو خوێنەی بەفیرۆرۆیی، ئەمە رستەی سەر زارێكە كە بێزارە لەو كەشە گەندەڵ و پڕ ناعەدالەتییەی وڵاتی شێواندووە. نووسەر باس لە شارێك دەكات كە دووجار شەهیدە دەسەڵاتدارانی شارەوانی ئەو شارەش ژیان لە مەیخانە و قەحپەخانەكاندا بەسەر دەبەن و هەرچی شاریشە وردە وردە یادەوەرییەكانی كاڵ دەبنەوە و ناوی مەهدیش لە شەقامەكەدا ون دەبێت و تەنانەت لە یادەوەری شاریشدا ناوی نامێنێت ئەوە حوسێنە رۆحی مەهدی و یادگاری مەهدی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕێت.
 نووسەر باسی گەندەڵی دەكات و هاوكات باسی ئەو ژنانە دەكات كە جەستەی خۆیان هەرزان فرۆش دەكەن، دەربارەی شارێكی ناهۆشیار دەدوێت كە هەموو نەخۆشن، ئیدی دۆخێكی ناتەندروست لەم رۆمانەدا هەیە كە مرۆڤەكان بەرەو كەشێكی نەخۆش و ناتەندرووست دەبات و كوڕە گەنجەكان بەرەو ژیانێكی ناتەندرووست و پڕكێشە دەبات، نووسەر بە گەڕانەوەی مەهدی بۆ شار لە دوورخراوەكەیەوە كەشێكی فانتازی و پڕ لەغەم و تراژیدیمان دەداتێ‌، وەك لە رۆمانەكەدا هاتووە دەڵێت خەم كرم ئاسا خۆی لە دڵدا گرمۆڵە دەكات، تراژیدیای ئەم رۆمانە بەهەند وەرنگرتنی خوێنی شەهیدانە و فەرامۆشكردنیانە، بەجۆرێك كە شەهیدان گەر لەو بێرێزی و فەرامۆشكردنە بەئاگابن پەشیمان دەبنەوە لە خۆ فیداكردنیان، ناپاكی بەرانبەر بە كەسانێك كە خۆیان بۆ وڵات فیداكرد، نووسەر باسی ژیانی نامورادی و پڕ تەنگەژە و تاڵی عیشەی ژنی مەهدی دەكات، لە پاش شەهید بوونی مەهدی عیشە و حوسێن دووكەسایەتین ژیانێكی پڕ لەغەم دەگوزرێنن جگە لەدووری مەهدی غەمی ئەو فەرامۆشكردنە دەخۆن لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمە لە كاتێكدا مەهدی رۆحی لە نێو شەقامەكانی جەزایردا دەسوڕێتەوە و كەچی دەسەڵات داوای بەڵگە دەكات بۆ شەهید بوونی، نووسەر لە رێگای راپۆرتەكانی رۆژنامەوە باسی كوشتنی تیرۆریستەكان دەكات، لە رێگای ئەو راپۆرتانەوە زەمەن دیاری دەكات، كە پەنجاكانی سەدەی رابردووە، هاوكات دەستنیشانی كاتی كوژرانی مەهدی  دەكات كە ساڵی 1959 لەشەڕی نێوخۆدا وەك كەسایەتییەكی بەرپرس لە شۆڕش دا دەكوژرێت، نووسەر لە كوشتنی مەهدییەوە باسی راگەیاندنەكان دەكات راگەیاندنی فەرەنسی كوشتنی مەهدی بە شەڕی نێوخۆوە گرێ‌ دەدات و راگەیاندنی عەرەبیش شەهید بوونی مەهدی بە شەڕی دژ بەداگیركەرەوە گرێ‌ دەدات، لێرەدا نووسەر باسی دوو جۆر راگەیاندنی دژ بەیەك دەكات، ئیدی شەهید بوونی مەهدی دەچێتە دۆخێكی نادیار و ئاڵۆزەوە، نووسەر چیرۆكی ئەو دز و جەردەو تاڵانچییانە باس دەكات، كە دەستیان بەسەر جەزایر و خوێنی شەهیداندا گرتووە، دەسەڵات داران ئەو دز و جەردانن كە خوێنی خەڵكی دەمژن و ماڵ و سامان و داهاتی خەڵكی و وڵاتەكە دەبەن و هەرچی شەهیدانیشە فەرامۆشكراون.
 واسینی باس لەو دەسەڵاتدارانە دەكات كە وڵاتەكە تاڵان دەكەن لێرەوە وێنەی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و وڵاتێكی برسی و رووت و قووت و پڕ كیشە و ئازار دەكێشێت، ئەوەشی لە شەڕی داگیركەر و جیهاد دا شەهیدبوو هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت، نووسەر دەڵێ‌ لە جەزایردا پۆلیسێك بناسی باشترە لەوەی وەزیرێك بناسی، ئەمەش دەلالەت لەوە دەكات دەسەڵات لە جەزایردا فەوزایەكی وەهای درووست كردووە كە گەندەڵی و ناعەدالەتی هۆكاری درووست بوونی پاشاگەردانییە، نارێكییەكان لەو پاشا گەردانییەوە درووست دەبێت كە ئیتر كەس گوێ‌ بۆ كەس ناگرێت و هەركەسە خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێ‌، نووسەر باسی حیزب و رۆژنامە دەكات و تانە لە دیموكراسییە درۆیینەكەی جەزایر دەگرێت و باس لە پارت دەكات، كە دەسەڵاتی بەسەر هەمووشتێكدا هەیە و هەموو شتێك بەتەزكییەی پارت دەروا بەڕێوە، شتێك نییە ناوی بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی بێت و بەرژەوندییەكانی پارت لەسەرووی بەرژەوندییەكانی نیشتیمانەوەیە، ئیدی شار دەمرێت لە سەردەمی دوای رزگاركردنی وڵاتدا شار ون دەبێت، شار یادەوەری لە دەست دەدات و ئیدی شار كەلاكێكی بۆگەنە، شارێك دووجار شەهید بێت دڵ و رۆحی لە دەست بدات و یادەوەری لەدەست بدات شارێكی مردووە، هاوكات باس لە عەشقێك دەكات عەشقی مریەم عەشقێكی ئەبەدی، عەشقێكی ون و غەمی شار و شەهید تێكەڵ بووەوە، ونبونی مریەم تێكەڵ بەغەمەكانی دیكە دەبێت و نووسەر غەمگینی مرۆڤەكانی جەزایر باس دەكات، هاوكات بەشێكی گفتوگۆكان لەبارەی كۆمۆنیزم و سۆشیالیزمەوەیەلەلای خەڵكی جەزایردا، باشتربڵێن ململانێیەك هەیە لە نێوان بیری چەپ رەوی و بیری ئاینی، بەشێكی ئەم رۆمانە گفتوگۆی پاڵەوانەكانە لە بارەی بیری چەپەوە نووسەر باسی كۆمۆنیزمەكانی جەزایر دەكات لە ژێر كاریگەری كۆمۆنیزمی روسی دا.
 كەشی رەشبینی لەم رۆمانەدا وەهایە كە جەزایرییەكان عاشقی گۆڕن و لەگەڵ گۆڕدا هاودەمیان هەیە، مەرگ و گفتوگۆی مردن و شەهیدان و فەرامۆشی وەها لە حوسێن دەكات كە بەرەو دۆخێكی ترسناك دەروات و بیركردنەوە لەو كەشە سەخت و دژوارە بەرەو شێتی و وڕێنەی دەبات حوسێنی عیشەی ژنی مەهدی شەهیدێكی شۆڕشی جەزایر. بەشێكی ئەم رۆمانە لە سەر نەخۆشخانەی جوانكارییە نووسەر باسی نەخۆشخانەیەك دەكات كە بەرووكەش لە كۆشكێكی كلاسیكی دەچێت و لە شێوەی مزگەوت درووست كراوە، وەك كۆشك و تەلاری هونەری ئسلامی باس لە نەخشە و نیگاری ئەو خەستەخانەیە دەكات، وەك كۆشكێكی عەرەبی باسی دەكات، شێوەی كۆشكێكی ئومەوی دەدات بەو نەخۆشخانەیە، هاوكات لە ناوەڕۆكدا ئەو نەخۆشخانەیە بۆ جوانكارییە و بۆ برینی لووت و چارەسەری چاو و لە قاڵبدانی رووخساری مرۆڤە بۆ شێوەیەكی جوانتر، ئەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان دژی ئاینی ئیسلامە و ئسلام جوانی راستەقینە لە ئیماندا دەبینی، باسی نەخۆشخانەیەك دەكات كە نەشتەرگەری جوانكاری تێدا ئەنجام دەدرێ‌ و بە دونیای تەكنەلۆژیاوە گرێی دەدات و باسی كۆمپانیا فرە رەگەزەكان دەكات.
 واسینی دنیای تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنی پزیشكی و نەشتەرگەری جوانكاری و مێشك باس دەكات، لێرەدا دوو وێنە دەبینین وێنەی وڵاتێك كە گرنگی بە جوانكاری و پێشكەوتن دەدات و هاوكات لە گێژاوی گەندەڵی و كاولكاری دەسەڵاتداراندا نوقم بووە، وەك نووسەر ئاماژەی بۆ دەكات، نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو و ژیار كە توانای گۆڕینی مرۆڤی هەیە هاوكات باس لە وڵاتێك دەكات، كە بیروباوەڕی ئاینی بەرەو كێشەیەكی ئاڵۆزی بردووە و ئاڕاستە فیكرەكان هۆكاری شەڕێكی ترسناكن لە جەزایردا، نووسەر باسی هەرەسی شار دەكات، شار لە دۆخێكی مەترسیداردایە، بیری خۆكوژی وەك كرم هاتۆتە نێو شارەوە، باس لە خەمۆكی و بیركردنەوە لەخۆكوژی، نووسەر لەگەڵ رووداوە گرنگەكانی رۆمانەكەدا رووداوی لاوەكی باس دەكات.
 واسینی ئەلئەعرج لەم رۆمانەدا گرنگی بەشەهید دەدات و حورمەت بۆ شەهیدان دەگێڕێتەوە، لەوڵاتێكدا كە رێزی شەهید ناگیرێ‌ و دەسەڵات سەرقاڵە بەگەندەڵی و دزی، ئەمە چیرۆكێكی سەر سوورهێنەرە لە جەزایرێكدا كەخاوەنی یەك ملیۆن شەهیدن لەبەرانبەر رزگاركردنی وڵاتەكەیاندا، كەچی واسینی دێت بە گێڕانەوەی روداوەكان حەقیقەتێكی تاڵی ئەو وڵاتە باس دەكات كە دەسەڵاتداران هیچ رێزێك بۆ شەهیدان دانانێن، ئەم رۆمانەچیرۆكی پیرۆزكردنی مەهدی و هەمووشەهیدانی جەزایرە وەك نوسەر ئاماژەی پێدەكات و شەهید بە پەیامبەر و پێغەمبەر ناو دەبات، شەهیدان و بنەماڵی شەهێدان لە گێژاودا دەژین ویژدانی سەركردەكان گەیشتووەتە ژێر پلەی سفرەوە ئەوەتا نووسەر لە رۆمانەكەدا  لە بارەی دەسەڵاتێكەوە دەدوێت كە چۆن مامەڵە بە ژنە شەهیدەوە دەكات. قودسییەتی شەهید دەشكێنن.                                                     




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved