17/11/2018 11:14 AM

هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ چیه‌و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟

هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ (واته‌ التهاباتی میزه‌ڵدان و گورچیله‌كان)، نه‌خۆشییه‌كی زۆرباوه‌ كه‌ به‌هۆی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی میكرۆب بۆ ناو ڕێڕه‌وی میز دروستده‌بێت.

له‌باری ئاساییدا میزه‌ڕۆ هیچ میكرۆبێكی تێدا نیه‌، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك هۆكار به‌كتریای تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی ده‌رچه‌ی میز ئه‌چێت به‌ره‌و میزه‌ڵدان و له‌وێشه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وێت بۆ گورچیله‌كان و هه‌وكردنی ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ دروستده‌بێت.

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زۆرباوه‌ له‌ ئافره‌تان، كه‌ به‌ به‌راورد به‌ پیاوان 50 جار زیاتر ئه‌گه‌ری توشبوونیان به‌ هه‌وكردنی میزه‌رۆِ هه‌یه‌.

له‌ باره‌ی هۆكارو چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌، د.داهات حه‌وێزی پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ به‌ سایتی خاكی راگه‌ساند كه‌ زۆر فاكته‌ری جۆراوجۆر ده‌بنه‌ هۆی هێشتنه‌وه‌ی میزو هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ، له‌وانه‌:

1- گیران یان ته‌سكبوونه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی میز، بۆ نموونه‌ به‌هۆی به‌ردی گورچیله‌ یان به‌ردی میزه‌ڵدان، یان به‌هۆی گه‌وره‌بوونی پرۆستات و ته‌سكبونه‌وه‌ی ده‌رچه‌ی میز، یاخود به‌هۆی زمانه‌ی ده‌رچه‌ی میز كه‌ له‌ زگماكیه‌وه‌ دروستده‌بێت. له‌كاتی بوونی شێواوی ئه‌ندامی و شێرپه‌نجه‌ له‌ گورچیله‌كان و میزه‌ڵدان ئه‌گه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زیاتر ده‌بێت.

2- هۆكارێكی تر بۆ مانه‌وه‌ی میز له‌ ڕێڕه‌وی میزو دروستبوونی التهاباتی میز تێكچوونی فرمانی كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌ وه‌كو پێكانی دڕكه‌په‌تك و نه‌خۆشی ڕه‌قبوونی ده‌ماره‌كان multiple sclerosis
3- له‌كاتی بردنه‌ ژووره‌وه‌ی ئامێرێك بۆ ناو ده‌رچه‌ی میز وه‌كو دانانی سۆنده‌ی میز یان له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ندێك پكشنین، ئه‌گه‌ری هه‌وكردنی ڕێڕه‌وی میز زیاتر ده‌بێت.
4- له‌ نه‌خۆشانی سه‌ر جێگاو له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ به‌رگری له‌شیان نزمه‌ وه‌كو نه‌خۆشانی شه‌كره‌و شێرپه‌نجه‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌رمانی ستیرۆیدو دابه‌زێنه‌ری به‌رگری به‌كارده‌هێنن ئه‌گه‌ری هه‌وكردنی میزه‌ڕۆیان زۆره‌.
5- زۆرجار له‌كاتی هه‌وكردنی میزه‌ڵدان و گورچیله‌، نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌ندێك ناڕه‌حه‌تی هه‌ستپێده‌كات وه‌كو میزه‌چركێ و ئازارو سووتانه‌وه‌ له‌كاتی میزكردن، بوونی ئازاری ناو سك یان به‌رمیزه‌ڵدان. له‌رزو تاو هێلنج و ڕشانه‌وه‌، له‌ كه‌سانی به‌ساڵاچوو هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ له‌وانه‌یه‌ ببیێته‌ هۆی بورانه‌وه‌و تێكچوونی هۆش.
6- له‌كاتی بوونی هه‌وكردنی گورچیله‌ پزیشكی پسپۆڕ پشكنینی خوێن و پشكنینی میزو سۆنه‌ری ناوسك به‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ زۆر دووباره‌ بوه‌وه‌ پێویسته‌ زه‌رعی میز ئه‌نجامبدرێت بۆ زانینی جۆری ئه‌و به‌كتریایه‌ی بووه‌ته‌ هۆی هه‌وكردنه‌كه‌و چاره‌سه‌رێكی بنه‌بڕ بكرێت.

چاره‌سه‌ر:
* بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ئاو زۆر بخواته‌وه‌و خواردنه‌وه‌ گازیه‌كان و چاو قاوه‌ كه‌متر بخوات، زۆر گرنگه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ فێربێت میز ڕانه‌گرێت و هه‌ركاتێك میزی پێبو بچێت خۆی خاڵی بكاته‌وه‌.
* له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش چاره‌سه‌ری دژه‌هه‌وكردن و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ میزه‌ڕۆی ده‌شواته‌وه‌ وه‌رده‌گرێت زۆرجاریش پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هۆكاری میزگیرانه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكرێت وه‌كو گه‌وره‌بوونی پرۆستات و به‌ردی گورچیله‌و به‌رزبونه‌وه‌ی شه‌كره‌ی خوێن.


خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved