22/11/2018 09:40 AM

بۆردی نیشتیمانی متمانەبەخشین بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دادەمەزرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گرنگی دروستكردنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشینی وەك یەكەمین دەزگای نیشتیمانی سەربەخۆ بە هاوكاری دامەزراوەی زێڤای ئەڵمانی بۆ دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووی وەسفكرد.

ئەم جەختكردنەوەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشوازیكردنی هات لە وەفدێكی (دەزگای ناوەندی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا، كە پێكهاتبوون لە (prof. Dr. werner stueber) راوێژكاری خوێندنی باڵا لە دامەزراوەكەو (didar dawdi) بەڕێوەبەری كاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زێڤا كە ڕۆژى ٢١/١١/٢٠١٨ بەشداربوون لە مەراسیمی راگەیاندنی ریزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵانی (٢٠١٧-٢٠١٨).

لەو دیدارەدا كە د.ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوو، د.یوسف گۆران سوپاسی دامەزراوەی زێڤای كرد بۆ كاركردن لە یەكەمین بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان. كە بۆردەكە دەبێتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی سەربەخۆو كاردەكات بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئەم بۆردە بە هەماهەنگی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی زێڤا كاردەكات بۆ ئەوەی هەموو پرۆگرامەكانی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەكانەوە.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوی زانستی خۆشحاڵی خۆشیی نیشاندا بە هاوكاری و هەماهەنگی دامەزراوەی زێڤا دروستكردنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین قۆناغی باشی بڕیوەو دەبێتە یەكەمین دەزگای نیشتیمانی بۆ دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین لە هەرێمی كوردستان.

لەلایەن خۆشیانەوە دامەزراوەی زێڤای ئەڵمانی پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ پرۆژەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دوپاتكردەوە بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی ریزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان و هەڵسەنگاندن و دانانی پێوەر بۆ زانكۆكانی هەرێم، هەروەك پاڵپشتی و هاوكاری تەواوی دامەزراوەكەشیان بۆ دروستكردنی بۆردی نیشتیمانی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشینی هەرێمی كوردستان راگەیاند.

ئەمە لەكاتێكدایە (دەزگای ناوەندی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا بریتیيە لە دەزگای ناوەندی متمانە بەخشینی ئەڵمانیا، كە بەرپرسە لە پێدانی متمانە بە زۆرینەی هەرەزۆری پرۆگرامەكانی خوێندن لە وڵاتی ئەڵمانیاو دەرەوەی ئەو وڵاتە. لە ئێستاشدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگیدان بۆ دروستكردنی بۆردی متمانە بەخشینی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان كە ئامادەكارییەكانی ئەم بۆردە تەواوبووەو لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەست بە كارەكانی دەكات.


خاك - ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved