22/11/2018 10:15 AM

بۆ جاری سێیەم وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕيزبەندی زانكۆكانی رادەگەیەنێت

بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی  د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ڕاوێژكارو سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتەكان و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و كونسڵ و نوێنەری وڵاتان و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان بە دروشمی (ڕیزبەندی نیشتیمانی... شاڕێی كرانەوەو متمانەو دڵنیایی) بۆ (جاری سێیەم)، ڕۆژى 21/11/2018 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا لە شاری هەولێر لە مەراسیمێكدا ئەنجامی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵانی (٢٠١٧- ٢٠١٨) ڕاگەیاند.

مەراسیمەكە بە ساتێك ڕێزگرتن بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب دەستیپێكرد، پاشان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكردو دوابەدوای پێشكەشكردنی وتارەكەی ئەنجامی ڕیزبەندیەكەی ئاشكراكرد.

سەرباری ئاستەنگەكان توانیمان سەركەوتوبین
لە سەرەتای وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران دوای بەخێرهێنانی میوانان وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی (خولی سێهەمی) ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ بە دیدارتان شاد دەبم.
هەر لەمیانەی وتاركەیدا باسی لە چۆنیەتی گەڵاڵەكردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان كردو وتی: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كارنامەی (١٠٠ ڕۆژی یەكەمی دەستبەكاربوونمان وەك وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) یەكەمین درافتی پرۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستانمان ئامادەكرد.
وتیشی: لە سەرەتاوە ڕەنگە زۆر كەس پێیان وابووبێت كە ئاستەنگی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و كەلتوری كوردستاندا نەتوانین پڕۆژەیەكی لەوجۆرە جێبەجێ بكەین، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە هاوكاری ئێوەو بە یارمەتی ژمارەیەك هاوكارو دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەتایبەت دامەزراوەی چێنێكاو دەزگای ڕیزبەندی نیشتیمانی ئەڵمانیا توانیمان بەرهەمی ئەم پرۆژەیە ببینین.

پێوەرەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان جۆراوجۆرن
هەر لەمیانەی وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی ئامانجەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان كردو ڕایگەیاند: لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی بریتییە لە ڕێكخستنی پیشبڕكێ لەنیوان زانكۆكانی كوردستان لەسەر بنەمای پێوەرو ستانداردی زانستی.
وتیشی: ئێمە بۆ ڕێكخستنی ڕیزبەندیی نیشتیمانی پشتمان بەستووە بە (هەشت پێوەری سەرەكی) و (چل و سێ پێوەری لاوەكی) كە بریتین لە:

• چالاكی توێژینەوەی زانستی
• كواڵیتی و ئاستی ژێرخانی زانستی و دڵنیایی جۆری خوێندن و فێركردن
• ستافی ئەكادیمی
• كارلێك لەگەڵ كۆمەڵگەو چالاكی كەلتوری
• چالاكی نێودەوڵەتی
• بەدواداچوونی دەرچوان و بەدەستكەوتنی كار لە كەرتی تایبەت
• كتێبخانەكان و گەیشتن بە سەرچاوە ڕەسەنەكانی مەعریفە
• تێڕوانین و فیدباكی خوێندكاران و قوتابیان

لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا د.یوسف گۆران وتی: بەشی هەرەزۆری پێوەرەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بریتین لەو پێوەرانەی كە لەسەر ئاستی دونیا لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە ئاست بەرزەكاندا بەكاردەهێنرێت.

ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان سەدان دەسكەوتی زانستی بەدەستهێناوە
هەر لەمیانەی وتارەكەیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە گرنگی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان كردو ڕایگەیاند: ڕیزبەندی نیشتیمانی ئامرازێكی گرنگبوو بۆ چەسپاندنی ڕوئیاو بەرنامەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پێشخستن و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان. بۆ نمونە دەبینن چالاكی توێژینەوەی زانستی لە پێوەرەكانی ڕیزبەندیی نیشتیمانیدا پشكی شێری پێدراوە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی كە بەشداری رەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەو بڵاوكردنەوەی بەرهەمی توێژەرانمان لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەكان شاڕێی دەركەوتنی زانكۆكانمانە لەسەر نەخشەی ئەكادیمیای جیهانی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە ئەولەویەتی كارەكانی وەزارەتەكەمان بووە، بۆ ئەم مەبەستەش توانیمان ئەمساڵ پرۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی (Research Council) بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم ئەنجومەنە بەرپرسیار دەبێت بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو توێژینەوانەی كە دەچنە خزمەتی  چارەسەركردنی پرسەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئێمە لە هەنگاوی یەكەمدا ٢٥٠ ملیۆن دینارمان تەرخانكردو بەخشرا بە (حەوت پرۆپۆزەڵی زانستی)، هیوامانوایە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كاربكات بۆ چەسپاندنی بودجەی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستاندا.
وتیشی: كواڵیتی و دڵنیایی جۆری پرۆسەی خوێندن و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، هەم لە ڕیزبەندی نیستیمانی گرنگی پێدراوەو لە هەنگاوەكانی وەزارەتیش كارمان بۆ كردووە، خۆشبەختانە ژمارەیەكی بەرچاو لە زانكۆكانمان لە ئێستادا بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی هەنگاویان ناوە.

دەزگایەكی نیشتیمانی سەربەخۆ بۆ متمانە بەخشین دادەمەزرێ
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی نوێ بۆ ئەوەش وتی: لەم ڕیورەسمەدا دەمەوێت مژدەی دەستپێكی پرۆژەیەكی گرنگی وەزارەت ڕابگەیەنم، كە بریتییە لە پرۆژەی دامەزراندنی دەزگایەكی نیشتیمانی سەربەخۆ بۆ متمانە بەخشین بە هەماهەنگی لەگەڵ (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا.
سەبارەت بە ئەركەكانی ئەو دامەزراوەیەش وتی: بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دەبێتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی سەربەخۆ، كاردەكات بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئەم بۆردە بە هەماهەنگی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامازراوەی زێڤا كاردەكات بۆ ئەوەی هەموو پرۆگرامەكانی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەكانەوە.
ئاشكراشیكرد كە بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆژەیەش دامەزراوەی زێڤا لەڕێگەی تیمی نێودەوڵەتییەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكەن و دواتریش هەر خۆیان پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی ڕێكدەخەن.

هەرێمی كوردستان پێشەنگ بووە لە جێبەجێكردنی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان
هەر لە وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە گرنگی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردو وتی: پێوەرەكانی دیكەی ڕیزبەندی نیشتیمانی ڕەنگدانەوەی ڕوئیاو پلان و پرۆژەكانی وەزارەتن، بەشانازییەوە دەڵێین هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێشەنگ بووە لە پەیڕەوكردنی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان، ئەمساڵ هەم لەلایەن ڕێكخراوی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی هەم لەسەر ئاستی عیراقیش داوامان لێكراوە كە هاوكاریان بین و ئەوانیش سوود لە ئەزمونی هەرێمی كوردستان وەربگرن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانین جۆرێك لە سیستمی ڕیزبەندیی دابمەزرێنن، هیواشی خواست ئاست و كواڵیتی زانكۆكان بگەیەنینە ڕادەیەك كە نەوەی نوێ و گەنجانی وڵاتەكەمان باشترین ئاست و كواڵیتی خوێندنیان هەبێت، دەرفەتیان هەبێت ئەو زانست و كارامەییانە وەربگرن كە بتوانن بەئاسانی لە بازاری كاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا كێبڕكیی بەدەستهێنانی هەلی كار بكەن.
وتیشی: ئومێدی گەورەمان هەیە كە زانكۆكانمان بتوانن لە ئایندەدا ببنە سەرچاوەی ئابووری بەهێز بۆ وڵاتەكەمان، پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاری كار دروستبكەن و دەستی كاری خۆماڵی بگەیەننە ئاستێك كە چیتر پێویستمان بە كارامەیی دەرەكی نەبێت، هەروەها هەوڵبدەن كە ببنە سەرچاوەی ڕاكێشانی قوتابی و خوێندكاری نێودەوڵەتی و بەشداربن لە ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر لە هەرێمەكەمان، لە مێژوودا نمونەی ئەو زانكۆیانە زۆرن كە بوونەتە مایەی گەشەكردنی ئابووری بەرچاو لە شارەكاندا.

ژێرخانی ئەلكترۆنی و داتابەیسی ڕیزبەندیی نیشتیمانی یەكێكە لە دەوڵەمەندترین داتابەیسەكان
هەر سەبارەت بە دەسكەوتە زانستیەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان، د.یوسف گۆران وتی: ریزبەندی نیشتیمانی گەلێك دەستكەوتی زانستی مەزنی لەگەڵ خۆی هێنا بەهاو كەلتوری نوێی هێنایە نێو ئەكادیمیای كوردستان، بووە هۆكاری دۆكیومێنتكردنی سەرجەم داتاو زانیارەكانی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و كارو چالاكییەكانی زانكۆكان، ئێستا ژێرخانی ئەلكترۆنی و داتابەیسی ڕیزبەندیی نیشتیمانی یەكێكە لە دەوڵەمەندترین داتابەیسەكانی وەزارەتەكەمان، لەڕێگەی هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی ئەم داتایانەوە باشتر دەتوانین سیاسەتی گشتی و پلانی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا ئاراستە بكەین.
وتیشی: ژێرخانی ئەلكترۆنی ڕیزبەندیی نیشتیمانی شەفافەو لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی (Self-Sustainability)،  واتا بەهۆی شەفافی سیستمەكەوە، زانكۆكان خۆیان داتاو زانیارییەكان داخڵدەكەن و هەر خودی زانكۆكانیش پرۆسەی وردبینی داتاكان ئەنجامدەدەن، كە زانكۆكان بەشداربوون لە داڕشتنی پێوەرەكان و چاودێڕیان كردووە، بۆ ئەوەش نمونەی بە كۆمەڵێك لەو كاریگەریانە هێنایەوەو وتی:

1. بۆ نمونە بە بەراوردكردنی ساڵانی (٢٠١٥ تا ٢٠١٨) ژمارەی فاكتەری كاریگەری كۆكراوە لە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەكانی جیهان (Web of Science / ISI ) بەڕێژەی (% 586) زیادی كردووەو ژمارەی توێژینەوە بڵاوكراوەكان لەو گۆڤارانەی كە ئیندێكس كراون لە (Web of Science and Scopus) بەڕێژەی (%700) زیادی كردووە.
2. هەروەها ئاستی گوگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانی كوردستان لەنێوان ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ بەڕێژەی (%700) زیادی كردووە.
3. بێگومان ئاستی زانكۆكانی كوردستان لەسەر ئاستی ڕیزبەندییەكانی دونیا گۆڕانكاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٤ زۆربەی زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی (شازدە هەزار یان خراپتردا) بوون، بەڵام ئێستا هەندێك لە زانكۆكان گەیشتوونەتە ڕیزببەندی چوار هەزارو ئومێدمان هەیە بەرەو باشتر هەنگاوبنێین.
وتیشی: زۆرگرنگە ئێمە لەسەر ئەم رێچكەیەی ئێستامان بەردەوامبین، تەركیزی تەواومان لەسەر پێوەرە زانستییەكان هەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە پێداویستییەكانی بەرزكردنەوەی كواڵیتی و توێژینەوەو ژێرخانی زانستی و فراوانكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان بكەین.

ئەنجامی ڕیزبەندی زانكۆكان
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ئەنجامەكانی ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ ڕاگەیاند، بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانیش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: سەرەتا دەمەوێت بۆ هەریەك لە پێوەرەكان باشترین پێنج زانكۆ ڕابگەنم:

یەكەم: زانكۆ حكومییەكان
باشترین (٥ زانكۆ ) لە پێوەری توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی كوردستان بریتین لە (زانكۆی كوردستان هەولێر، زانكۆی سۆران، زانكۆی سەلاحەددین، زانكۆی سلێمانی، زانكۆی چەرمۆ).

لە پێوەری ستافی ئەكادیمی باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی هەولێری پزیشكی، زانكۆی كوردستان، زانكۆی سۆران، زانكۆی كۆیە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر).

لە پێوەری چالاكی نێودەوڵەتی باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی كوردستان، زانكۆی سۆران، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، زانكۆی دهۆك، زانكۆی ڕاپەڕین).

لە پێوەری فیدباكی قوتابیان و خوێندكاران باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی ڕاپەرین، زانكۆی كۆیە، زانكۆی كوردستان، زانكۆی گەرمیان، و زانكۆی چەرمۆ).

لە پێوەری دڵنیایی جۆری باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی كۆیە، زانكۆی دهۆك، زانكۆی كوردستان، زانكۆی سلێمانی، زانكۆی سەڵاحەددین).

لە پێوەری چالاكی كەلتوری و پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە باشترین (٥ زانكۆ) بریتین (زانكۆی دهۆك، زانكۆی زاخۆ، زانكۆی سەلاحەددین، زانكۆی كۆیە، زانكۆی كوردستان).

لە پێوەری كتێبخانەو گەیشتن بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەكان باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی كوردستان، زانكۆی هەولێری پزیشكی، زانكۆی سۆران، زانكۆی سەلاحەددین، زانكۆی ڕاپەڕین)

لە پێوەری بەدواداچوونی دەرچوان و دەستكەوتنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی باشترین (٥ زانكۆ) بریتین (زانكۆی كوردستان، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، زانكۆی كۆیە، زانكۆی سلێمانی، زانكۆی هەولێری پزیشكی)

دووەم: زانكۆ تایبەتەكان
باشترین (٥ زانكۆ) لە پێوەری توێژینەوەی زنستی لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەتەكانی كوردستان بریتین لە (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی جیهان، زانكۆی ئیشك، زانكۆی كۆمار، زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی).

لە پێوەری ستافی ئەكادیمی باشترین (٤ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی،  زانكۆی جیهان-دهۆك، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی كۆمار).

لە پێوەری چالاكی نێودەوڵەتی باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی نێودەوڵەتی هەولێر، زانكۆی جیهان دوهۆك، زانكۆی ئیشك، زانكۆی نەورۆز).

لە پێوەری فیدباكی قوتابیان و خوێندكاران باشترین (٤ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی جیهان دهۆك، زانكۆی جیهان هەولێر، زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق-سلێمانی، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی).

لە پێوەری دڵنیایی جۆری باشترین (٥ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی جیهان-هەولێر، زانكۆی ئیشك، زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق-سلێمانی، زانكۆی ناورۆز).

لە پێوەری چالاكی كەلتوری و پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە باشترین (٤ زانكۆ) بریتین (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق-سلێمانی، زانكۆی جیهان-هەولێر ، زانكۆی لوبنانی فەرەنسی).

لە پێوەری كتێبخانە و گەیشتن بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەكان باشترین (٤ زانكۆ) بریتین لە (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق سلێمانی، زانكۆی جیهان-هەولێر، زانكۆی جیهان -سلێمانی).

لە پێوەری بەدواداچوونی دەرچوان و دەستكەوتنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی باشترین (٥ زانكۆ) بریتین (زانكۆی ئەمەریكی عیراق-سلێمانی، زانكۆی جیهان-هەولێر، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆی كۆمار ، زانكۆی ئیشك).

ئەنجامی گشتی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان

یەكەم: زانكۆ حكومیەكان
دەربارەی ئەنجامی گشتی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانكۆ حكومییەكان لەسەر ئاستی هەموو پێوەرەكان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: ئەو زانكۆیانەی كە لە گروپەكەماندا دانراون، بە پێی ئەلفابێت ڕێكخراون، ئەوانیش بەم شێوەیەیە:

گروپی (B)
زانكۆی سەلاحەدین
زانكۆی سلێمانی
زانكۆی سۆران
زانكۆی كوردستان – هەولێر
زانكۆی كۆیە
زانكۆی هەولێری پزیشكی

گروپی (C)
زانكۆی چەرموو
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
زانكۆی دهۆك
زانكۆی گەرمیان
زانكۆی زاخۆ
زانكۆی ڕاپەڕین

گروپی (D)
زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك
زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر
زانكۆی هەڵەبجە

دووەم: زانكۆ تایبەتەكان
دەربارەی ئەنجامی گشتی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانكۆ تایبەتەكان لەسەر ئاستی هەموو پێوەرەكان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: ئەو زانكۆیانەی كە لە گروپەكەماندا دانراون، بە پێی ئەلفابێت ڕێكخراون، ئەوانیش بەمشێوەیەیە:

گروپی (B)
زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق سلێمانی
زانكۆی ئیشك
زانكۆی جیهان هەولێر
زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی
زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنۆلۆجیا
زانكۆی نەورۆز

گروپی (C)
زانكۆی جیهان – دهۆك
زانكۆی جیهان – سلێمانی
زانكۆی لوبنانی فەرەنسی

گروپی (D)
زانكۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی
زانكۆی بەیان
زانكۆی نۆڵج
زانكۆی كاسۆلیك

لە كۆتایی وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: دەمەوێت پڕبەدڵ سوپاسی هەموو زانكۆكانی كوردستان بكەم كە بەگیانی لەخۆبردویی و هاوكارییەوە بەشداربوون لە داخڵكردنی داتاكان و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی تەواوی زانیارییەكان. هەروەك سوپاسی تایبەتی سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی باڵای ڕیزبەندیی نیشتیمانی كرد، كە كاری گرنگیان ئەنجامداوە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، لە كۆتایشدا  پیرۆزبایی لەو زانكۆیانە كرد كە توانیویانە هەنگاوی گەورە بنێن لەپێناو پاراستن و گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن و توێژینەوەی زانستی.

پانێڵێك پێشكەشكرا
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانیش، لە پانێڵێكدا كە لەلایەن د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێوەدەبرا، هەریەكە لە (Prof Dr.werner Stueber)  ڕاوێژكاری خوێندنی باڵا لە دامەزراوەی زێڤای ئاڵمانی و (Didar Dawdi) بەڕێوەبەری كاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی دامەزراوەی زێڤا پانێڵەكانیان پێشكەشكرد، لەمیانەی پانیڵەكانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان كاردەكەین بۆ دروستكردنی بۆردیكی سەربەخۆ بۆ بواری دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین ئەوەش بەهەماهەنگی پسپۆڕە نێودەوڵەتیەكان، هەروەك جەختیان لەسەر ئەوەش كردەوە دەبێ پرۆسەی خوێندن لەژیر كاریگەری تەكنەلۆژیا پێویستی بەگۆڕانكارییە، وتیشیان دەبێ خۆمان بۆ ئەو گۆرانكاریانە ئامادەبكەین و لەهەر پڕۆسەیەكیشدا تایبەتمەندی كەلتوری هەرێمی كوردستان ڕەچاوبكەین.


خاك -  راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved