25/11/2018 03:17 PM

خالقی: ئەفسانەی میلۆدی كوردی

خەلیل عەبدولڵا

مەزهەری خالقی هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە‌و لەرێی هونەرەكانی موزیك‌و گۆرانی‌و بەرهەمە رۆشنبیری‌و كەلەپوورییەكانیەوە، خزمەتێكی فرەی پێشكەش بەكاروانی كلتووریی كردووە.
ساڵی 1938 لەشاری سنەی خۆرهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە.لەسنە تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە‌و لەو شارە بۆ ماوەیەك بووە بەمامۆستا‌و لەبواری پەروەردە‌و خوێندندا خزمەتی بەخوێندكارانی كورد كردووە. 
ساڵی 1958 بۆ خوێندن چۆتە تاران‌و لەزانكۆی تاران بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە فیزیا‌و ماستەر لە بەڕێوەبردنی پیشەسازی بەدەست هێناوە.
مامۆستا مەزهەر هەر لەقۆناغی سەرەتایی‌و كە هێشتا تەمەنی 8 ساڵ بووە، خولیای هونەری گۆرانی بووە.مامۆستا ئەسەدی كە مامۆستای هونەری خالقی بووە لەقۆناغی سەرەتایی ، هەر زوو دركی بەوە كردووە كە خالقی منداڵێكی بەهرەمەندە‌و دەنگ خۆشە، هەربۆیەش بایەخی زۆری پێداوە‌و فێری سۆڵفێچ‌و مەقاماتی كوردی‌و فارسیی كردووە.
خالقی لە تەمەنی 14 ساڵیدا زیاتر دەركەوت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەچووە رادیۆی سنە‌و هەفتانە راستە‌وخۆ لەو رادیۆوە گۆرانی پێشكەش ئەكرد، بەهۆی دەنگە خۆش‌و ئەفسوناوییەكەوە زیاتر لەناو خەڵكدا ناسرا.مامۆستا مەزهەر خولیا‌و ئاواتی ئەوە بوو زیاتر پەرە بەهونەرەكەی بدات‌و لەرووی زانسیتییەوە زیاتر خۆی پەروەردە بكات، بۆ ئەوەش چووە لای مامۆستا حەسەن كامكار‌و سوودێكی زۆری لەوانە هونەرییەكانی بینی‌و لە كوالیتی كارو بەرهەمە هونەرییەكانیدا رەنگی دایەوە.
ئەو كاتەشی خالقی چووە تاران، دەرگایەكی گەورەی هونەری بەروویدا كرایەوە‌و چەندین مامۆستای دیارو بەناوبانگی ئێرانی وەك( حەنانە، كەسرەوی، مەللاح، بەهاری، یوسف زەمانی، ناسری‌و موجتەبا میزادە)ی ناسی كەسوودی زۆری لەتوانا‌و ئەزموونی ئەو هونەرمەندە گەورانە بینی‌و هونەرەكەی خۆی پێ‌ دەوڵەمەند‌و موتوربە كرد.
هەرلە پایتەخت، خالقی چووە رادیۆ تاران‌و لەرێی ئەو رادیۆوە، وەك بێژەر‌و وەرگێڕ‌ومیدیاكار كاری كرد‌و بەرهە هونەرییەكانیشی بڵاو كردەوە‌و خزمەتی زۆری پێشكەش بەكایەكانی كەلتووری كوردی كرد.
هەر لەتاران دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا لەگەڵ چەند ئۆركسترای بەناوبانگی وەك ( ئۆركسترای سەمفۆنیك، ئۆركسترای گەورەی رادیۆی تاران‌و ئۆركسترای وەزارەتی هونەرە جوانەكان)‌و ئۆركستراكانی تردا كار بكات‌و دەیان ئاواز‌و گۆرانی تۆمار بكات كە دەنگدانەوەی زۆریان لەكایەی هونەریی كوردی‌و زیاتر ناساندنی ئەم هونەرمەندە گەورەیە هەبوو.
مامۆستا خالقی بەهۆی هەلومەرجی دژواری سیاسیی ئێرانەوە، لەساڵی 1983 رووی لەباشوری كوردستانی كرد‌و لەناوچە ئازاد كراوەكانی شۆڕش لە سەرگەڵو ‌و بەرگەڵو گیرسایەوە‌و ماوەی شەش مانگ لەو ناوچەیە مایەوە‌و دواتر سەفەری كرد بۆ دەرەوەی وڵات‌و بووە پەناهەندە لەشاری لەندەن.لەئاوارەیی‌و پەناهەندەییش لەلەندەن هەر دڵی لای هونەر‌و كەلتوور بووە‌و لەوبوارەدە خزمەتی كردووە‌و شوێن پەنجەی دیارە.ساڵی 2003 گەڕایەوە باشوری كوردستان‌و لە شاری سلێمانی جێگیر بوو.
وەك خولیای هونەری‌و كەلتووری هەمیشەیی خۆی، لەگەڵ كاروانی رۆشنبیریی كوردستان رێی كرد‌و ئەمجارە ئنستیتویەكی بەناوی (ئینستیتوی كەلەپووری كورد) دامەزراند ، دوو بنكەی سەرەكی لەشارەكانی سلێمانی‌و دهۆك‌و ئۆفیسی لە كەركوك‌و پارچەكانی دیكەی كوردستان كردەوە.ئامانجی ئەم ئینستیتویە پاراستن‌و ئارشیفكردنی كەلتورو كەلەپووری زارەكی كوردستان‌و هەموو پێكهاتە ئاینی‌و نەتەوەییەكانی دیكە بوو.
ئەم ئینستوتە خزمەتێكی گەورەی بە بوارەكانی هونەرو كەلەپوور‌و كەلتوری كوردی لەچەند رشتەیەكی جیاوازدا كردووەز لەوانە:
-كۆكردنەوەی چەندین بابەتی كەلتووری‌و فەرهەنگی ‌و هونەری رەسەنی كوردستانی تۆماركراوی سەد ساڵی رابردوو بەشێوەی دیجیتاڵ.
- ئامادەكردنی كۆمەڵێك بەرهەمی هونەری‌و كەلتووری لە شێوەی دەنگ‌و رەنگ‌و فیلم‌و كتێب‌و بڵاوكردنەوەی زیاتر لە300كتێب بەزمانەكانی كوردی( زاراوە جیا جیاكان)‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی.
-دەیان بەرهەمی كلتوری بەدەنگ‌و رەنگ‌و لەشێوەی سی دی‌و دی ڤی دی‌و فیلم تۆمار كردووە‌و لەرێی میدیا‌و بازارەوە بڵاو كراونەتەوە.مامۆستا مەزهەری خالقی خاوەنێك خەرمانێك بەرهەمی هونەری‌و كلتووری‌و كەلەپوورییە‌و هەمیشە وەك سەربازێكی ون خزمەتی زۆری بەكاروانی رۆشنبیری‌و هونەری كوردستان كردووە‌و شوێن دەستی دیارە‌و جێگەی ستایش‌و دەستخۆشییە.
خزمەت‌و بەرهەمەكانی خالقی هی ئەوەیە زیاتری لەسەر بنوسرێ‌‌و لێكۆڵینەوەی هەمەچەشنەی لەسەر بكرێ‌‌و نامەی ماستەر‌و دكتۆرای لەسەر بهێنرێ‌.
‎پڕ بەدڵ دەستخۆشی لە مامۆستا مەزهەری خالقی ئەكەم بۆ كارو بەرهەم‌و بەخششە هونەری‌و كەلتوورییەكانی‌و هیوای تەمەن درێژی‌و تەندروستی باش‌و سەركەوتنی زیاتری بۆ ئەخوازم.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved