ئا: هێدی جه‌مال عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌ی ده‌زانرێت هه‌موو گیانله‌به‌ره مه‌مكداره‌كان شیر به‌رهه‌مدێنن بۆ بێچووه‌كانیان كه به ساده‌یی شیر یه‌كسانه به‌خوێنێكی پاڵێوراو، به‌ڵام كه‌متر ده‌زانرێت كه جۆر و پێكهاته‌ی شیری هه‌ر گیاندا‌رێك جیاوازه . وه‌ك ده‌زانرێت پێكهاته‌ی خوێن بڕێكی زۆری چه‌وریی و شه‌كر و پرۆتینی تێدایه كه ئه‌مه‌ش پێكهاته‌یه‌كه زۆربه‌ی زینده‌وه‌ران پێویستیانه بۆ گه‌شه‌كردن، به‌ڵام ئه‌م پێكهاته‌یه ناكرێت ڕاسته‌وخۆ له‌ناو خوێنه‌وه بدرێت به بێچووه‌كانیانی ئاژه‌ڵان یان به‌كاربێت بۆ خواردنی مرۆڤ، به‌ڵكو ده‌بێت بپاڵێورێت . ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له‌ناو له‌شی هه‌موو گیاندارێكی شیرده‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت ئه‌ویش له رێگه‌ی گلانده‌كانی گوان یان مه‌مكه‌وه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ئه‌م گلاندانه كاریان پاڵاوتنی خوێن و جیاكردنه‌وه‌ی چه‌وریی و پرۆتین و شه‌كره له خوێنه‌كه و گلدانه‌وه‌یانه بۆ ناو توره‌كه‌ی گوان یان مه‌مك، دوای تێكه‌ڵكردنی ئه‌م پێكهاتانه له‌ناو گواندا شیر دروست ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجیشه ئه‌وه‌یه هه‌رگیاندارێك شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی شیر به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه بگونجێت له‌گه‌ڵ بێچووه‌كه‌ی بۆ نمونه: سه‌گی ده‌ریا بڕێكی زۆری چه‌وری خوێن وه‌رده‌گرێت و ده‌یكا به شیر كه ڕیچژه‌ی چه‌وریی له شیری سه‌گی ده‌ریادا (60%)زیاتره له شیری مانگا، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌شی بێچووی سه‌گی ده‌ریا پێویستی به وزه‌ی زۆره بۆ خۆپاراستن له سه‌رما. كه‌روێشك بڕێكی زیاتری پرۆتین له‌خوێن وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و شیره‌ی دروستی ده‌كات یارمه‌تی پ=بێچوه‌كانی بدات تا به‌خێرایی ماسولكه‌كانیان گه‌شه بكات. كه‌نگه‌ریش دوو جۆر شیر دروست ده‌كات له دوو گوانیدا كه یه‌كێكیان بڕێكی زیاتری شه‌كری تێدایه بۆ بێچووه تازه له‌دایك بووه‌كانی به‌كاری ده‌هێنێت و جۆری دووه‌میشیان پرۆتین و چه‌وریی زیاتری تێدایه كه بۆ بێچووه گه‌وره‌كانی به‌كاری ده‌هێنێت.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure