1/12/2018 10:12 AM

پۆلیسی دوبه‌ی كه‌ڵك له‌ پاسكیلێكی باڵدار وه‌رده‌گرێت

له‌وساته‌وه‌ كه‌ وڵاتی میرنشینه‌كانی ئیمارات وه‌كو جه‌مسه‌رێكی ئابووری جیهان كه‌وتۆته‌سه‌ر زمان، گه‌وره‌ترین شاری ئه‌و وڵاته‌ واته‌ دوبه‌ی، بۆته‌ شوێنێك بۆ تاقیكاری و مانۆڕی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌بواری ته‌كنۆلۆژیادا چالاكی ده‌كه‌ن.

له‌م په‌یوه‌نده‌دا، كه‌ڵك وه‌رگرتنی پۆلیسی ئه‌م شاره‌ له‌ ته‌كنۆلۆژیا به‌ڕاده‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌ڵێن ئۆتۆمبێله‌كانی هێزی پۆلیس خۆی بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی بۆ توریسته‌كان و ئۆتۆمبێلی وه‌ك ئه‌ستۆن مارتین one-77، بوگاتی وێیرۆن، لامبۆرگینی ئۆنتادۆرو فێراری FF، به‌شێكن له‌م كاروانه‌.

ئه‌وجۆره‌ی بیسراوه‌، كۆمپانیایه‌كی ڕوسی به‌ناوی Hoversurf كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ كالیفۆرنیای ئه‌مریكایه‌، ئه‌ركی دروستكردنی جۆره‌ ماتۆڕێكی بۆ هێزی پۆلیسی ئه‌م شاره‌ قبوڵكردووه‌ كه‌ توانای هه‌ڵفڕینی هه‌یه‌. له‌ ئێستاداو له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌م ماتۆڕانه‌، هێزی پۆلیسی ئه‌م شاره‌ سه‌رقاڵی ڕاهێنانی هێزه‌كانی خۆیه‌تی بۆ چۆنێتی لێخوڕینی ئه‌م ماتۆڕه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتی CNN، خالید ناسر الرازوقی سه‌رۆكی دێپارتمانی مێشكی ده‌ستكرد له‌ دوبه‌ی، كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ماتۆڕانه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌و وتوویه‌تی كه‌ ئه‌م ماتۆڕانه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌ شوێنی ڕوودانی تاون كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرێت نه‌ك ته‌نیا بۆ شوێنكه‌وتن و مانۆڕ.

ئه‌م ماتۆڕه‌ كه‌ ناوی هاوربایكS3ـیه‌ له‌ فیبری كه‌ربۆن سازكراوه‌و سوود له‌ چوار مه‌كینه‌ی ئه‌لكتریكی 12.3 كیلۆواتی وه‌رئه‌گرێت كه‌ به‌ یه‌ك كه‌سه‌وه‌ ئه‌توانێ تا 25 خوله‌ك هه‌ڵفڕێت و بۆ شه‌حنبوونه‌وه‌ی باترییه‌كه‌ی ته‌نیا پێویستی به‌ دوو كاتژمێرو نیوه‌و نرخی به‌ 150 هه‌زار دۆلار دیاریكراوه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved