1/12/2018 02:51 PM

قوبادی جەلیزادە .. ژیان،شیعر،جوانی


کتێبخانەی گشتی سلێمانی ڕۆژی ٢٧/١١/٢٠١٨ کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیری خامە زێڕین ( قوبادی جەلیزادە) لەهۆڵی شاعیری ناودار( لەتیف هەڵمەت ) بەناونیشانی (ژیان ، شیعر ، جوانی ) ڕێکخست.
 لەم کۆڕەدا جگە لە خوێندنەوەی چەند دەقێکی شیعری نوێ باس لە ژیان و نوسینە ئەدەبیەکان و تێکەڵاو بوون بە دنیای نوسین کرا.
لەو کۆڕەدا قوبادی جەلیزادە نوێترین بەرهەمی بەناوی ( بەردێک دەگرمە کیسەڵێک)،(حصە العصافیر) بڵاوکردەوە، ئەم بەرهەمە نوێییە لەچەند هایکۆیەکی جیاواز پێکهاتووە لەگەڵ ئەم هایکۆیانەدا بەچەند مۆتیڤێکی شێوەکاری هونەرمەند ڕۆستەم ئاخالە نەخشێنراون، جگە لەم دوو بەرهەمە قوبادی جەلیزادە بەرهەمێکی دیکەی کە پێشتر بەناوی ( ستیانی بەفر پڕە لە ڕیشۆڵە) بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرد.
دەقەکانی ناو ئەم کۆڕە ئەدەبییە بەشێکی لەلایەن شاعیر خۆیەوە و بەشێکی دیکەی لەلایەن هونەرمەند و ڕوناکبیر یاسین قادر بەرزنجی خوێندرانەوە.

جەلیزادە سەبارەت بەنوسین و تێکەڵ بوونی لە بواری ئەدەبدا و هەمیش وەک دادوەر بوونی ئەم دووکارە پێکەوە وتی:
چۆن دەتوانی شاعیربیت و دادوەریش بیت ئەوە کارێکی قورسە ، بەڵام من بەیەکسانی هەردووکارەکەم جێ بەجێکردووە و هەماهەنگیم لە و دوو دنیا لەیەک نەچووە کردووە،شاعیربوون مەودای فراوانە ، بەڵام دادوەری وەک کەوی نێوقەفەس وایە تەنها لەگەڵ کۆمەڵێ یاسادا مامەڵەدەکەی.
قوبادی جەلیزادە وتیشی : خاڵی هاوبەشی نێوان شیعر و دادوەری لای من ئەوەیە کە من دڕک و داڵەکانی هەردوولا هەست پێ دەکەم  بۆیە شیعر و دادوەری پاککردنەوەی ژیانە لەهەمووشت.

قوبادی جەلیزادە جگە لەنوسینە هەمەچەشنەکانی بە شاعیری ئیرۆتیک ناسراوە
سەبارەت بەم بۆچونە جەلیزادە وتی: من شیعرم بۆ جوانییە بۆسروشتە بۆ ژنە ، ژن وەک هەموو شت نەک جەستە ،ژن وەک گەریلا ، وەک بزیشک ، وەک دایک .....
وەک هەرشتێ ژن لەوکایەدا بوونی هەبێت .

شاعیرودادوەرقوبادی جەلیزادە لەشاری کۆیە لەدایک بووە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە تەواو کردە و بۆ خوێندنی کۆلێژ دەچێتە بەغداد
لەساڵی ١٩٨٨ دەست بەنوسین دەکات و لە ساڵی ٢٠٠٨ شیعری هایکۆ دەنوسیێت وەک هەنگاوێکی جیاواز ، جگەلەمانەش جەلیزادە خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانە لە ناوخۆودەرەوەی وڵات ، خاوەنی چەندین کۆڕوبڵاوکراوەی تایبەتە

خاک-تانیائاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved