2/12/2018 10:01 AM

تەندروستی هەرێم ژمارەی توشبووانی ئایدز ئاشكرادەكات

تەندروستی هەرێم ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی ئاشكراكرد كە توشی نەخۆشی ئایدز بوون و بەپێی ئامارەكەش لە ساڵی 1986ەوە تائێستا 32 هاووڵاتی هەرێم توشی نەخۆشییەكە بوون و لەمساڵیشدا شەش حاڵەتی نوێی نەخۆشیەكە لەنێو هاووڵاتیانی هەرێم تۆماركراوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئایدزەوە لە ڕاگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خاك رایگەیاندووه: رۆژی جیهانی ئایدز، دەرفەتێكی جیهانییە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و یەكخستنی هەوڵەكانی دەزگا پەیوەندارەكان و خستنەڕووی هاوكاری و پاڵپشتییە بۆ توشبووانی نەخۆشی ئایدز لەسەر ئاستی جیهان.

روونیشیكردۆتەوە: لە جیهان 9.36 ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی كەمی بەرگری لەش (HIV) هەیەو ساڵانە نزیكە یەك ملیۆن كەس دەكوژێت لە جیهان و نزیكەی دوو ملیۆنی تریش وەك توشبووی نوێ دەكاتە قوربانی، هەرچەندە تائێستا ئایدز، چارەسەری بنەبڕكەری نییە، بەڵام دەرمانی دژە ئەیدزی زۆر كاریگەر هەنە كە دەتوانن بەتەواوی كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە بكەن و دەرفەت بەتوشبوو بدەن كە ژیانێكی ئاسایی وەك هەر كەسێكی تر بژیت ئەمەش دەسكەوتێكی پزیشكی مەزن بوو كە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئایدزی رزگاركرد بەجورێك بەكارهێنانی دەرمان رێژەی مردنی 38% كەمكردۆتەوە هەروەها هۆكاری كەمبوونەوەی 36% توشبووی نوێیە، چونكە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز.

ئەوەشی راگەیاندووە: لە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا شەش حاڵەتی نوێی نەخۆشیەكە لەنێو هاووڵاتیانی هەرێم تۆماركراوە، بەمەش كۆی گشتی توشبوانی ئایدز لە هەرێم (لە ساڵی 1986 تا كۆتایی 2018)  دەبێتە 32 حاڵەت، كە نۆیان یان لە ڕەگەزی مێینەن و 23شیان نێرینەن، هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی خۆپارێزین لە هۆبەكانی كۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێمی كوردستان، پشكنینی پێویست و چارەسەرو هۆشیاریان پێدەدرێت.

تەندروستی هەرێم دەشڵێت: ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشكنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، هەموو بیانییەكان كە دێنە هەرێم پشكنینیان بۆ دەكرێت، هەروەها هەموو بوتڵێكی خوێن دەپشكنرێت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێكدێنن، كرێكاری شوێنە گەشتیارییەكان، بەندكراوەكان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوكردنی جگەرو ئەوانەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشكنیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی كۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە هەرێم  كە جگە لەم پشكنیانە، چاڵاكی هۆشیاری و دابینكردنیدەرمان و ئامێرو پێویستی پشكنین لەخۆدەگرێت.

ئاشكراشیكردووە: لەمساڵدا لە ئەنجامی پشكنینی بیانییەكان 23 حاڵەتی نەخۆشییەكە دۆزراوەتەوەو رەوانەی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئەوەش دەڵێت: لەم رۆژەدا پەیاممان بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشكنینی ئایدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیمان لە نەخۆشیەكە، هەروها دووركەوتنەوە رەفتارە مەترسیدارەكان وەك كاری سێكسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری، دووركەوتنەوە لە تاتۆكردن، بەكارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەكارهاتوو. دووركەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەكان.

هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئایدزو ئاشنابوون بە ڕێگاكانی گوازتنەوەو خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەكی خۆپارێزی و بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەكەیە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved