2/12/2018 10:35 AM

سوود و زیانه‌كانی دانانی باڵۆنی گه‌ده‌

باڵۆنی ناو گه‌ده‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگاكانی چاره‌سه‌ری قه‌ڵه‌وی و زۆری كێش له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناتوانن ڕێجیم و وه‌رزش بكه‌ن یان نه‌ینانتوانیوه‌ له‌ڕێگه‌ی ڕێجیم و وه‌رزش و ده‌رمانی دابه‌زاندی كێشه‌وه‌ ڕزگاریان بێت له‌ قه‌ڵه‌وی.

باڵۆنی گه‌ده‌ چییه‌. بۆ كێ داده‌نرێت؟ سوود و زیانه‌كانی چین؟ د.كامه‌ران ڕه‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی بۆ سایتی خاكی روونكرده‌وه‌و وتی: باڵۆنی ناو گه‌ده‌ بریتییه‌ له‌ میزه‌ڵانێكی له‌ سلیكۆن دروستكراو كه‌ ده‌خرێته‌وه‌ ناو گه‌ده‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ئامێری هه‌ناوبینی گه‌ده‌وه‌ (نازوڕ) له‌ژێر به‌نجی گشتی یان مه‌وزعیه‌وه‌و پڕده‌كرێت له‌ نۆرماڵ سلاین (تازه‌ترین جۆری كه‌پسولێكه‌وه‌و قوتده‌درێت) و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی سێ بۆ شه‌ش مانگ ده‌مێنێته‌وه‌و دواتر لاده‌برێت.

باڵۆنی گه‌ده‌ بۆ كێ داده‌نرێت؟
1- پێویسته‌ ڕێژه‌ی بارسته‌ی كێشی (BMI) له‌نێوان (%30-%40) بێت.
2- ئه‌و كه‌سه‌ ئاماده‌یی تێدا بێت كه‌ جۆری خواردن و شێوازی ژیانی ڕۆژانه‌ی بگۆڕێت و ده‌ستبكات به‌ وه‌رزش و نابێت وه‌ك پێش دانانی باڵۆنه‌كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی چی ویست بیخوات و بخواته‌وه‌.
3- نابێت پێشتر نه‌شته‌رگه‌ری گه‌ده‌ یان سورێنجكی بۆ كرابێت.
4- نه‌خۆش ده‌بێت ئه‌وه‌ تێبگات كه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی نیه‌و كاتیه‌.
5- ئاسانترین و باشترین جۆره‌كانی ئه‌وجۆره‌یه‌ كه‌ وه‌ك كه‌بسول قوتده‌درێت و نازووڕی ناوێت.

سووده‌كانی باڵۆنی ناو گه‌ده‌:
١- چاره‌سه‌ر‌ێكی خێرا وسه‌ركه‌وتووه‌ بۆ دابه‌زاندنی كێش به‌ڵام هه‌میشه‌یی نیه‌ 
٢- كه‌م كردنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی قه‌ڵه‌وی وه‌ك نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و جه‌ڵته‌ی مێشك و كێشه‌ی هه‌ناسه‌دان
٣- دابه‌زاندنی فشاری خوێن و كۆلیستڕۆڵی خراپ و چه‌وری سیانی و ئاستی شه‌كره‌ له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی هه‌یه‌ و قه‌ڵه‌ون 
٤- كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری ده‌روونی و دڵه‌ڕاوكێ و قه‌له‌قی 
٥- كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و نیشانه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كێشه‌ی سه‌وه‌ڤان و فه‌قه‌رات و نه‌خۆشیه‌كانی جومگه‌ و ئێسقانیان هه‌یه‌ 

زیانه‌كانی دانانی باڵۆن:
1- ڕشانه‌وه‌و دڵ تێكه‌ڵهاتن بۆ ماوه‌ی 1 تا 3 ڕۆژ) و دواتر نامێنێت.
2- فشبوونه‌وه‌ی باڵۆنه‌كه‌و بچوكبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی.
3- جوڵانی باڵۆنه‌كه‌و چوونی بۆ ناو ڕیخۆڵه‌و هه‌ندێكجار گیرانی ریخۆڵه‌.
4- قورحه‌ی گه‌ده‌ یان كونبوونی گه‌ده‌.


خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved