2/12/2018 11:41 AM

چه‌ند رێنماییه‌ك بۆ زیادبوونی شیری دایكان

زۆرینه‌ی دایكان وا هه‌ستده‌كه‌ن كه‌ شیره‌كه‌یان كه‌مه‌، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌. باشترین رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن شیری پێویستتان بۆ تێركردنی منداڵه‌كه‌تان هه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاودێری كێشی منداڵه‌كه‌تان بكه‌ن. گه‌ر منداڵه‌كه‌تان به‌پێی ستاندارد گه‌شه‌بكات ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ ئێوه‌ شیری پێویستتان هه‌یه‌و هیچ جێی نیگه‌رانی نییه‌. به‌ڵام گه‌ر گومان ئه‌كه‌ن بڕی شیره‌كه‌تان كه‌مه‌و ئه‌تانه‌وێت زۆری بكه‌ن، ئه‌م چه‌ند ڕێنماییه‌ ڕه‌چاوبكه‌ن:

1- به‌ به‌رده‌وامی و زوو به‌ زوو شیر بده‌ن به‌ منداڵه‌كه‌تان: هه‌رچه‌نده‌ منداڵه‌كه‌ زۆرتر شیر بخوات، شیرێكی زۆرتر به‌رهه‌مدێت. هه‌ر دوو كاتژمێر جارێك شیری بده‌نێ. منداڵه‌كه‌تان به‌جۆرێك هه‌ڵگرن كه‌ به‌ئاسانی بتوانێت مه‌مكتان بگرێت.

2- شیری خۆتان ده‌ربهێنن (بدۆشن): هه‌ندێكجار منداڵ ناتوانێت كۆی شیری ئێوه‌ بخواته‌وه‌، كه‌وایه‌ پاش ئه‌وه‌ی شیرتان دا به‌ منداڵه‌كه‌تان، شیره‌كه‌تان ده‌ربهێنن تا به‌رهه‌مهاتنی شیر به‌رده‌وامبێت.

3- پشووی شیردان: هه‌ركاتێك هه‌ستتانكرد شیره‌كه‌تان كه‌میكردووه‌، دوو یان سێ ڕۆژ ته‌رخانبكه‌ن بۆ شیردان به‌ منداڵه‌كه‌تان و هیچ كارێكی‌تر ئه‌نجام مه‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌بێ دۆخێكی هێورتان هه‌بێت و خواردنیشتان باشبێت.

4- ده‌می منداڵه‌كه‌تان بگوازنه‌وه‌: رێگه‌ به‌ منداڵه‌كه‌تان بده‌ن شیری هه‌ردوو مه‌مكتان بخواته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت پاش دوو یان سێ ژه‌م ئه‌مكاره‌ بكه‌ن، واته‌ ئه‌بێت به‌ته‌واوی شیری مه‌مكێك بخواته‌وه‌ پاشان ده‌ستبكات به‌ مه‌مكه‌كه‌ی‌ تر.

5- كه‌ڵك له‌و كه‌ره‌ستانه‌ وه‌رمه‌گرن كه‌ بۆ یارمه‌تی ئه‌یانخه‌نه‌سه‌ر مه‌مك: به‌بێ ڕاوێژی پزیشك هه‌رگیز ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ به‌كارمه‌هێنن.

6- خواردنی پته‌و مه‌ده‌ن به‌ منداڵه‌كه‌تان: گه‌ر منداڵه‌كه‌تان ته‌مه‌نی ژێر 6 مانگه‌، جگه‌ له‌ شیری خۆتان هیچی مه‌ده‌نێ، مه‌گه‌ر به‌ ڕاوێژی پزیشك نه‌بێت.

7- به‌باشی پشوو وه‌ربگرن: له‌پاڵ خواردنی باش، پێویسته‌ ئێوه‌ به‌باشی پشوو وه‌ربگرن و شله‌مه‌نییه‌كی زۆر بخۆنه‌وه‌.

8- پارێز بكه‌ن له‌ كحول و نیكۆتین: كحول و نیكۆتن نه‌ته‌نها له‌كاتی دووگیانبووندا، به‌ڵكو له‌كاتی شیرپێدانیشدا زیانی هه‌یه‌ بۆ منداڵه‌كه‌تان. كحول و نیكۆتین ئه‌بنه‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی شیرو جگه‌له‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنیان ئه‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌ی منداڵه‌كه‌تان.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved