2/12/2018 04:40 PM

زانكۆی سلێمانی مێژووییەكی پڕشنگداروئاسۆیەكی گەشتر

 

*ژینۆعەبدولڵا

دامەزرندنی یە كەمین زانكۆ لە باشوری كوردستان لە ساڵی 1968، لە شاری سلێمانی با یە خێكی  گرنگ و گەورەو فراوانی هە بوو لەسەرجەم كایەكاندا نەك تە نها لە شاری سلێمانی بە ڵكو لە تەواووی شارە كانی هەرێم بە تایبەت لەو كاتەدا لە هەموو عێراقدا  تەنها زانكۆكانی  بەغدا و موستنسەریەو موسڵ و بەسرە هەبوون.
سەرەتای كردنەوەی زانكۆی سلێمنی بەسێ كۆلێژ  دەستپێكرد بریتی بوون لە بەشەكانی (ئەندازیاری و كشتوكاڵ و زانست) و دواتر وردە وردە بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی و ساڵانی (1971-1972) لەلایەن دكتۆر كەمال فوادەوە بەشی  كوردی كرایەوە.
ئێستاش زانكۆی سلێمانی خوەنی 20 كولێژەو ژمارەی خوێندكرانی بەكالۆریۆس 24 هەزار خوێندكارەو 1908 مامۆستایەلە نێویشیاندا 77 پڕۆفیسۆرهەیە.
مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال
پ.د. حەمەدلێر میسری لە پێكەشكردنی سیمینارەكەد لە كولێژی زمان لە زنكۆی سلێمانی باسی لەوە كرد باڵی مەكتەبی سیاسی بە تایبەت  خوالێخۆشبوان مامۆستا برایم ئەحمەد و سەرۆك مام جەلال فشارێكی زۆریان كرد لەسەركردیەتی   ئەو كاتەی حزبی بەعس و ناچاریان كردن بە بڕیاری ژمارە 143 ی ساڵی 1968 بە كردنەوەی زنكۆی سلێمانی و بووە شانازییەكی گەورە بۆ هە موان و كوردستان بە تایبەت و چەندەها مامۆستا و شارەزاو ئەكادیمی لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە بۆ  كوردستان و جێگا دیاریان هە بوو لە پێشخستنی  كایەی زانستی و  سەرجەم بوارە كانی ژیان. 
لەلە چوارچێوەی چالاكیەكانی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانیدا، لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زنجیرەیەك چالاكی تایبەت بە یۆبیڵی زێڕینی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی و پێگەی لە بزاوتی ڕۆشنبیری و كلتوری و زانستی و فەرهەنگی شاری سلێمانی، لە هۆڵی پ.د. عزەدین مستەفا ڕەسووڵ  ڕێكخست بەدروشمی " زانكۆی سلێمانی مێژووییەكی پڕشنگداروئاسۆیەكی گەشتر".
گەشتنامەیەك دەربارەی دیرۆكی دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی
" یادكردنەوەیەكی ڕاگوزەر بە مێژووی  زانكۆی سلێمانی –بەشی دیراساتی كوردی-" ناونیشانی سیمیناری پ.د. حەمەدلێر میسری بوو تیایدا بەوردی باسی لە بایەخ و گرنگی زانكۆی سلێمانی و ئەو مێژووە پڕشنگدارەی لە كاروانی خەباتی ڕزگاریخوازیدا هەیە تی باسی كردو پاشان چەند خالێكیشی خستە ڕوو بۆ بەرو پێش بردنی ئاستی زانكۆو و پتەوكردنی ڕایەڵەی بە كۆمەڵگاوە.
مامۆستا جەمال عەبدولیش  وەك سەرۆكی بۆردی دمەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی، سیمینارێكی بە ناوی   "گەشتنامەیەك دەربارەی دیرۆكی دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی" پێشكەشكردو ئاماژەی بە چەند خالێكی گرنگ و پڕ بایەخ كرد لە زنكۆی  سلێمانی ئە وڕۆڵە بە رچاوەی هە یبووە لە مێژووی نەتەوەایەتی و زانستی میللە تەكەمان و هەر بۆیە بەبڕیارێكی ڕژێمی بەعس زانكۆی سلێمانی ڕاگواسترا بۆ شاری هەولێر و مامۆستا جە مال عەبدول چەند پێشنیازێكی خستە ڕوو بۆ زیاتر بە رەوە پێشچوونی ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆی سلێمانی.
 پێویستە بوترێت ،بڕیاری دووبارە  دامەزراندنەوەی  زانكۆی سلێمانی لە ڕۆژی (31/10/1992) دراو بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەكی باڵا پێكهاتبوو بەم شێوەیە:
(جەمال عەبدول- سەرۆكی لیژنە ئەندامانی لیژنەش پێكهاتبوون لە: نەوشیروان مستەفاو خالدمحەمەد خاڵ و د. مەحمود دەروێش نادرو د.عزەدین مستەفا ڕەسول و جە لال عومەر سام ئاغاو د.پەروین مستەفا خۆشناو د. نەوزاد عەتارو  ڕەفیق توفیق قەززو عەلی محەمەد عەبدولڵا.....هتد...

بۆچی سلێمانی چەقی مەسەلەكانە
" سلێمانی شاری ژانی گەل و چەقی مەسەلەكان"  ناونیشانی  سیمناری پ.د. زاهیر لەتیف كەریم بوو، سەرەتا بە چەند پرسیارێك دەستپێكرد بەوەی بۆچی سلێمانی هەمیشە دەبێتە چەقی مەسەلە و كێشەكان و بەردەوام  دەبێتە قوربانی و لە و بارەیەشەوە وتی:
ئەم شارە بەدرێژایی تەمەنی سیاسی وئەدەبی وفەرهەنگی وڕۆشنبیری خزمەتێكی بێ ئەندازەی گوتاری فیكری وسیاسی وئەدەبی كوردی كردووە وكەسیش، بەدوژمنەكانیشەوە،نكۆڵیان لەم ڕاستییە نەكردووە.لەهەمان كاتیشدا،پارێزگاری لەخەسڵەتە سەرەكییەكانی كوردیش كردووە وەك:
- پێشەنگێتی ودەست پێشخەرێتی.گەر سەیرێكی سیاقی مێژوویی شیعر وئەدەب وزمان وڕێبازە ئاینی ومێژوو وفێركردن وسیاسەت وفەرهەنگ ومەعریفەتی كوردی بكەین ئەوا، بێ ئارگیومێنت،شاری سلێمانی بەشی شێری بەردەكەوێت.دامەزراندنی زانستی گەردووناسی شێخی گڵەزەردە و قوتابخانەی شیعری بابان ودامەزراندنی ڕێبازی نەقشی وقادری وئەمین زەكی بەگ وتۆقیق وەهبی بەگ ودامەزراندنی یەكەم مەملەكەتی كوردی وقوتابخانەی شیعر وئەدەبیاتی هاوچەرخ ودامەزراندنی بەشێكی دیاری گروپ وحیزبە سیاسییەكان...هتد. 
- بوێرێتی وئازایەتی.ڕۆژهەڵاتناس وگەڕیدە ومێژووناسانی كورد وناوچەكە هەمیشە كەباسی كوردیان كردووە ئەوا بەئازایەتی وجوامێری باسیان لێوە كردووە.سلێمانی شەرەفی ئەوەی پێبڕاوە كەبەشێك لەو ئازایەتی وبوێرییە لەخۆ بگرێت ولەئەنجامیشدا زیانێكی گەورەشی لێ بینیوە.
- فیداكارێتی.بوێری وئازایەتی پێوستی بەفیداكارییە.گەورە وبچووكی كورد هەڵگری دروشمی "سلێمانی،شاری هەڵمەت وقوربانی"ە.فیداكارییەكانیشی بەمەبەستی نمایش ودروشم نەهاتوون بەڵكو پێویستییەكی ئایدیۆڵۆژی وفیكری ونیشتمانی ونەتەوەیی لەپشتەوە بووە.تا ڕێژەی زوڵم وستەمەكانیش زۆر بن ئەوا ئەم شارە زیاتر بەرگری لەخۆی كرتووە.لێرەدا جگە نازناوی"هەڵەمەت وقوربانی " و"پایتەختی ڕۆشنبیری" پێویستە نازناوی شاری ژانی گەلیشی پێبدرێت بەوپێیەی هەمیشە لەنێو كێشە وململانێ وبەرگریگرتن وڕووبەڕوبونەوە وستەمە بەردەوامەكاندا خۆی دەبینێتەوە وقبوڵی نادادپەروەری ناكات.
- هەڵوێستێتی وپەیوەستێتی.سەرچاوە شیعری ومێژووییەكان ئەوە دەسەلمێنن كەسلێمانی هەر لەزەمەنی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆكە وبێ دابڕان خاوەن یەك هەڵوێست بووە بەرامبەر بەخاك ونیشتمان ومەسەلە ڕەواكەی خۆی ودوژمنانی كورد.خۆپیشاندانەكان،هەر لەشەڕی بەردەركی سەرای كۆن وتازە، دەرئەنجامی زوڵم وستەم،یان نادادپەروەی سۆسیۆڵۆژی بووە.ئەم خۆپیشاندەرانە،بەنموونەی هەڵو بەگ وعەولە سیس و....جگە لەهەڵوێستە وپەیوەستبوونیان بەمەسەلەكان كەخۆیان وتێكڕای جەماوەر باوەڕیان پێی هەبووە هیچی تریان لەدەسەڵات نەویستووە.واتە بەرژەوەندییەكی میتریاڵی لەپشت خۆپیشاندانەكانیانەوە نەبووە.تەنانەت ئەوانەشی كەلەسێدار دراون، كەناوەكانیان بەسەركردە وئەندامەكانەوە،تەنها بەلیست ئەژمار دەكرێت ولێرەدا جێگەی نابێتەوە،دیسانەوە لەبەر هەمان فیكر وهەڵوێستە بووە.
- ئازادێتی.سلێمانی،بەشێوە گشتییەكەی،هەمیشە،وەك خواست وحەز وئارەزوویەكی ئایدیۆڵۆژیایی پێشەنگ بووە لەدەربڕینە ئازادەكاندا.لەسەرجەم ڕژێمە حوكمییەكاندا،تەنانەت بەوانەی خۆشمانەوە،بوێرانە وچاونەترسانە ڕووی دەمی ڕەخنەیان لەبەرامبەرەكان كردووە.هەندێكیان بەنووسین وهەندێكی تریشیان ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ناڕەزایی وخۆپیشاندانەوە.
- بابەتێتی.ئەوەی لەم شارەدا ژیابێت ئەوا هەر زوو بۆی دەردەكەوێت كەخەڵكەكەی بەویژدانێكی بابەتیبوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخ ومەسەلەكان كردووە ودەكات.زۆر جار لایەنگرانی حیزب،لەلایەن حیزبەكانیانەوە، ڕووبەڕوی گلەیی وڕەخنە بونەتەوە ودەبن.ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی چەمكی بابەتیبوونە بەسەر ئایدیۆڵۆژیای فیكری وسیاسی.
هەر لەبەر ئەم هۆیانەش بووە كەسلێمانی لەلایەكەوە بووە بەپایتەختی ڕۆشنبیری وئەدەبی.لەلایەكی تریشەوە بەسەرچاوەی دامەزراندنی فیكری سیاسی.گەر بەشێكی  گەورەی گوتاری كوردی بەشێوەیەكی گشتی وگوتاری سیاسی بەشێوەیەكی تایبەتی كەوتبێتە ئەستۆی ئەم شارە ئەوا،بەر لەوەی شارەكە هەستەكەی بریندار بكرێت بەناوزڕاندن،گوتاری كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە وهەڵوەشاندنەوەی خەباتی چەندین ساڵەی تێكۆشان وفیداكاری.بۆیە پێشەنگی حیزب ولایەنەكان پێویستە ڕێگر بن لەدروستكردنی ناوزڕاندنی سەرجەم جێگە وخەڵكەكانی،چونكە لەلایەكەوە جێگەكان جێگەی هەمووانە.لەلایەكی تریشەوە بەرژەوەندی گوتاری كوردی لەوەدایە كەهەمووان یەكگرتوو بن نەك پێچەوانەكەی.ناوزڕاندنیش جگە لەناكۆكی وگرژی وپەرت پەرتبوون هیچی تری لێناكەوێتەوە.زەرەرمەندیش هەر بۆ گوتارەكەیە.
" بۆ سلێمانی" 
-پ.ی.د. حەمەنوری عومەر  كاكییش لە سیمنارەكەیدا بە ناونیشنی " بۆ سلێمانی"  چەند خالێكی ڕوونكردەوە بە م شێویە:
- دامه‌زراندنی زانكۆ بۆ یه‌كه‌م جار ، به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌م و بارودۆخه‌دا له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نیشتمان په‌روه‌ر و دڵسۆز و بیرمه‌نده‌وه‌ كاری بۆكراوه‌ و له‌ خۆوه‌ هه‌ڵنه‌تۆقیوه‌ و هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ خه‌ون و هیوایه‌كیان هه‌بووه‌ كه‌ زانكۆیه‌ك له‌ كوردستاندا بكرێته‌وه‌ ، كاتێك ده‌چنه‌ نێوكاری سیاسی و دانووسان له‌ گه‌ڵ  ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن ئه‌م زانكۆیه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندا بووه‌، ئه‌گینا دیاری و به‌خشینێك ‌نه‌بووه‌ له‌ حكومه‌تی ئێراقی و ڕژێمی ئه‌وسه‌رده‌مه‌وه‌، به‌نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌تایبه‌ت به‌ سلێمانی به‌خشرابێت . ئه‌م زانكۆیه‌ به‌رهه‌می هزره‌بیری ئه‌و جوامێرانه‌ی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بووه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ،له‌لای ئه‌وان هه‌ندێ فاكته‌ر وهۆكاری جیاجیا هه‌بووه‌ ،وه‌ك پێویستییه‌كی له‌ پێشینه‌و سه‌ركی كاریان بۆكردووه‌ .
هۆكاری جوگرافی 
 شاره‌زوور به‌حرو سولێمانی له‌سه‌ر ئه‌و گه‌مییه‌ ڕه‌نگ 
    بۆ شكستی وه‌ك نه‌هه‌نگ بوو ، فیتنه‌یی ئاخر زه‌مان 
شاعیرانی عه‌ره‌ب و جیهانیش باسی شاره‌كانی خۆیان كردووه وه‌ك: 
‌1 – جوگرافیاسلێمانی و به‌شی باشوری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كه‌ ، ده‌رچوانی  12 شه‌شی ئاماده‌یی ، به‌ ئاسانی ده‌توانن  له‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری سلێمانی بۆ ناوشار هاتووچۆ بكه‌ن ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ سێ زانكۆكه‌ی ئێراق .  ته‌نانه‌ت به‌شی  ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان . 
2 – زه‌مینه‌یه‌كی ڕۆشنبیری و كلتوری و شارستانییه‌ت ،ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و سیاسی.
3- یه‌كێك له‌ پێداویستییه‌كانی زانكۆ ، كتێبخانه‌یه‌ ، له‌ سلێمانی ئه‌و كاته‌دا دوو كتێبخانه‌ی گه‌وره‌ هه‌بوون ، كتێبخانه‌ی گشتی و كتێبخانه‌ی ئه‌وقافی سلێمانی ..... به‌ هه‌زاران كتێبی تێدابوو بوون به‌ سه‌رچاوه‌
4 -بوونی زمانێكی ستاندار كه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ دانیپێدا نراوه‌ . 
5 -دیارده‌ی شارستانی  قبوڵ كردن و زوو به‌ره‌و پیرچوونی و وه‌رگرتنی دیارده‌ی شارستانی .

کەریم قەرەنی کە ماڵی خۆی بەخشیە سەرۆکایەتی زانکۆ
پ.ی.د.ئازاد حەسەن فەتاح سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبری كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی باسی لە چەند ڕوونكردنەوەیەك كرد بەم شێوەیە:
بە هەوڵ هیممەتی خەمخۆرانی شار وبیردۆستان و زانست پەروەرانی ساڵەكانی شەست ی سەدەی ڕابردوو لە نێو هەمووشیاندا بەرێز رەوانشاد سەرۆك كۆمار بەرێز مـام جەلال ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە بڕیاری دامەزراندنی زانكۆی سلێمانیدا. زانكۆی سلێمانی بەبریاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ناو شۆرش ژمارە ١٤٣ لە ٢٣/١٠/١٩٦٨ دەرچوو بریار بە كردنەوەی ٣ كۆلێجی زانستی دەدرێت.ئەم بڕیارە بروسكەیەكەو ماڵ بە ماڵی شار دەكات. بە هەوڵ وهیممەتی هەموو خەڵكی شارو دلسۆزانی زانست سەرەتا كۆلێجەكانی زانست، ئەندازیاری، كشتوكاڵ دەكرێنەوە.لەم نێوەندەشدا چەند سەربازێكی وون پیشممەرگە ئاسا و وەك هەڵۆ بە ‌هەڵپە شەوورۆژ دەخەنە سەریەك بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزە لە نێو ئەوانەشدا بەرێزان پرۆفیسۆرد. محمد حەمەسالح بەگ ، د. علی تۆفیق، د. سیروان قادر ئاغا ، د. جەلال شەفیق، د. سعدی غەریب ، د. حیكمەت تۆفیق فكرەت. لێرەدا نابێت رۆلی گەورەو كاریگەری پارێزگاری ئەو كاتی سلێمانی نادیدە بگرین كەریم قەرەنی كە ماڵی خۆی چۆڵ كرد و بەخشیە سەرۆكایەتی زانكۆ.
تیپی مۆسیقای زانكۆی سلێمانی دامەزرا
پ.ی.د.ئازاد حەسەن فەتاح باسی لەوەشكرد: زانكۆ لە ماوەیەكی كورتدا كاریگەری لەسەر رەوتی ژیاریی وكۆمەڵایەتیو كلتوری شاردا بەجێهێشت، خەڵك بە چاوێكی رێزو بە ئومێدێكی زۆر گەشەوە دەیانروانیە زانكۆ. ئەوەبوو تیپی مۆسیقای زانكۆی سلێمانی دامەزراو كە تاوەكۆ ئێستاش گۆرانیەكانی ئەو ساتی زانكۆ وێردی سەر لێوی گەنجانی شارە. هەر لە هەمان كاتدا بزووتنەوەی شانۆیی گەشەی كردوو ڕستێك شانۆگەری پێشكەشكران.ئەمە جگە لە كۆرە ئەدەبیەكان. ئەوەی بۆ كۆلێجەكەمان گرنگە كردنەوەی كۆلێجی ئاداب بوو بۆ ساڵی خوندنی ١٩٧١-١٩٧٢ كە بەشی دراساتی كوردی لەخۆگرتبوو.سەرۆكی بەش خوالێخۆسبوو د. كەمال فوئاد بوو لەگەڵ چەند مامۆستایەكی دلسۆزی وەك د. محمد نوری عارف ، شەماڵ سائب وئبراهیم ئەمین باڵدارو چەندانی تر.
ئەم بەشی كوردیە رۆلی بەرچاوی بینیوە لەنزیككردنەوەی زارو وەچەزارەكانی زمانی كوردیدا بە رادەیەك بنەمای شێوەگرتنی ئەم زمانە نیمجە  ستانداردەی ئێستا دەگەرێتەوە بۆ پێگەی ئەم بەشە كوردیە.
ئەم زانكۆیە زۆری بەخشی لە رۆڵە بەئەمەك و دلسۆزەكانی لە ڕووبەرووبوونەوەی جەورر ستەمی دوژمنانی گەلەكەمان. پاش پاشگەز بوونەوەی رژێمی بەعپ لە رێكەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ لە سالی ١٩٧٤ خوێندكارانی زانكۆ دەستە دەستە و پۆل پۆل روودەكەنە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆرش و زانكۆ لە شاری قەڵادزێ دەكەنەوە، رژێم بە چەكی ناپالم شارەكە لە ٢٤/٤/١٩٧٤ بۆمباباران دەكات وپۆلێك لە رۆحی بەرزەفڕی خوێندكارانی زانكۆ دەگاتە كاروانی شەهیدانی كورد و كوردستان. 
لەم نێوەندەشدا شەهیدان حەمە ساڵح محمد ئەمین سام سام، ازاد حسێن، هیوا عبدالغفور، بورهان عبداللە شاسوار، ئەنوەر شاكەلی، سەروەر علی قادر، عمر مجید.ئەمانە زۆربەیان لەبەشی كوردی بوون سەرقافڵەی كاروانی شەهیدانی زانكۆ بوون.
لە ساتەوە زانكۆ بە تەوژمتر، شیلگیرانەتر ڕۆچووە ناو كۆمەڵگەی كوردیەوە لێرەوە ژیلەمۆی جووڵانەوەیەكی نوێ گەشایەوە و خەباتی رزگاریخوزی نەتەوەكامان چووە قۆناغ وقاڵبێكی نوێ وە. 
رژێمی بەعس بەم گەشەسەندنەی زانكۆدا هەڵنەدەهات
سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زمان ئەوەشی ڕوونكردەوە:  بەڵام زانكۆ لەباری چەندایەتی و چلۆنایەتیەوە هەنگاوی باشی ناو ژماری خوێندكارانی بیانی لە ٢٠٠  خوێندكار تێپەریكرد و ژمارەی كۆلێجەكان بوونە ٦ كۆلێج لە سەرەتای ساڵی هەشتادا ژمارەی خوێندكاران گەیشتە ٥٧٠٠  خوێندكار.چاوی رژێمی بەعس بەم گەشەسەندنەی زانكۆدا هەڵنەدەهات بۆیە لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١ بریارێكی نا زانستیانەی بە گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی داو ناوەكەشی گۆڕی بۆزانكۆی سەلاحەدین. بەم شێوەیە ئەستێرەیەكی گەش لە ئاسمانی رۆشنبیری و كلتوری شار كشا و ئاوابوو. 
سەرەرای ئەوەی كە لەمناڵانی زانكۆی دایكدا زانكۆكانی هەڵەبجە، گەرمیان، چەرموو، راپەرین و كۆیە دەمەزران و بوونە دەستە خوشكی زانكۆی سلێمانی، چەندین زانكۆی ئەهلیش دروست بوون كە مامۆستایان ودەستەی كارگێریان دەرچووان و مامۆستای زانكۆی سلێمانی بوون.
زانكۆی سلیمانی ئێستا ٢٠ كۆلێجی لە خۆ گرتووە كە پرۆگرامی خوێندنی بەرایی و باڵایان تێدایە. لە بواری زانستیەوە لە پێشەنگی زانكۆكانی عێراق و كوردستانە بەڵام دەبێت هەنگاوی زیاتر بنێت تاوەكو بچێتە ریزی پێشەوەی ریزبەندی جیهانی. بۆ ئەوەی زانكۆكەمان بچێتە پێش و هەمیشە پێشەنگ بێ پێوویستە پێداچووونەوەیەكی سەردەمیانە بە پرۆگرامی خوێندندا بكات و لە گەڵ كۆمەڵگەدا كارلێك بكات و چقبەستوو نەبێت، هۆیەكانی خوێندن بە تاقیگە و كەرەستەو ئامێری پێشكەووتو دابینبكرێن و بەرزكردنەوەی كواڵێتی ناوەرۆك و شێوازی توێژینەوەی زانستی و گەیاندنی  توێژینەوەكان بە ستاندەردە نێودەوڵەتیەكان، هەروەها و بایەخدان بە كواڵێتی جێرناڵە زانستیەكان ودابینكردنی كتێبخانەی ئەلیكترۆنی و بەفیرۆنەدانی كاتی خوێندكاران كردنەوەی كتیبخانەكان بۆ ماوەی بە لایەنی كەمەوە ١٠ كاتژمێر لە رۆژێكدا تا دەستیان بگات بە سەرچاوە مۆدێرنەكان .ئەمە پرۆسەیەكی گشتگیرە و رژدی و شێلگیری ووچان درێژی دەوێ بۆ ئەوەی زانكۆكەمان بتوانێت جێگەی خۆی بكاتەوە لەنێو زانكۆ باشەكانی جیهاندا.

" بیبلۆگرافیای ڕۆژنامەوانیی یۆبیلی زانكۆی سلێمانی لە بە لوتكە كردنی شاردا". 
 پ.ی .د. تریفە  عومەر ئەحمەدیش سیمینارێكی دەربارەی بیبلۆگرافیای یوبیلی رۆژنامەوانیی زانكۆی سلێمانی لە بەلوتكەكردنی شاردا پێشكەش كردو باسی لەوە كرد:
بوونی شەپۆلێكی فیكری و هۆشمەندی نێو شاری سلێمانی وەهای كرد بۆ یەكەمجار زانكۆیەك بە ناوی دانیشگای سلێمانی لە ساڵی 1968  لە شاری سلێمانی بكرێتەوە، هەر ئەم شەپۆلە رۆشنبیرییە بەهێزەش بووە هۆی داخستنی لە ساڵی 1981، تا ئازادكردنی كوردستان، لە ساڵی 1992 جارێكی دیكە گیان بە بەری زانكۆی سلێمانیدا كرایەوە، هەر لەو دەمەوە فكرو هزری زانكۆی سلێمانی لە دوتوێی گۆڤارو رۆژنامەو بڵاوكراوەكاندا رەنگیداوەتەوە، كە لەم سمینارەدا بە دوو قۆناغی سەرەكی خرایەڕوو.
كۆی روبەری رۆژنامەوانییی یۆبێلی زانكۆی سلێمانی بەپێی ئەو ئەرشیفەی دەستكەوتبوو، 49 گۆڤارو رۆژنامەو بلاوكراوە بووە، كە بە گوێرەی هەر دوو قۆناغی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە 1968-1981 هەروەها قوناغی دوبارە دامەزراندنەوەی لە ساڵی 1992-2018 دەستنیشانكرابوو، بەجۆرێك لە قۆناغی یەكەمدا 7 دانە لە گۆڤارو رۆژنامەو بڵاوكراوە و لە قۆناغی دووەمدا كە بەسەر سێ وەچە-قۆناغی دیكەی 1992-1999، 2000-2010 هەروەها وەچە-قۆناغی 2010-2018 دابەشكرابوو 42 دانە لە گۆڤارو رۆژنامەو بڵاوكراوە لە سنوری زانكۆی سلێمانیدا بە گرتنەخۆی ناوەڕۆكی جیاوازی وەك رەهەندی زانستی، كۆمەڵایەتی، كلتوری، هونەری، یاسایی، رامیاری‌و پزیشكی،  هەروەها بەشێوەی هەواڵی، رەخنەیی، تەنزئامێز یان توێژینەوەیی بڵاوكراوەتەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە، كە ناوەڕۆكی روبەرە رۆژنامەوانییەكان بەپێیی قۆناغ و وەچە-قۆناغەكان هەڵگری تایبەتمەندێتی جیاوازبوون و پتر لە وەچە- قۆناغی كۆتاییدا قەڵەمی سەربەخۆو زانستی و توێژینەوەیی بەسەر سەرجەم روبەرە رۆژنامەوانییەكەدا دیارە، ئەمەش سەلمێنەری بوونی ئەو هێزە عەقڵانی و رۆشنبیرییە كە هەمیشە شاری سلێمانی و زانكۆكەی بەرەو لوتكە دەبات.

ئەم مەراسیمە ڕۆژی 29/11/2018 بە ڕیوەچوو پ.د. عەبدولقادر حەمە ئەمین ڕاگری كۆلێیژی زمانیش لە وتارێكدا چەند بایەخ و خەسڵەتێكی مێژووی زانكۆی سلێمانی و بەتایبەت بەشەكانی كۆلێژی زمانی خستە ڕوو.
مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی كۆلێژی زمان.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved