6/12/2018 10:15 AM

پاش 6 ساڵ چالاكی، لاپه‌ڕه‌ ساخه‌ته‌كه‌ی پۆتین له‌ تویته‌ر داخرا

پاش 6 ساڵ چالاكی، ئاكاونته‌ ساخته‌كه‌ی فیلادێمیر پۆتین له‌ تویته‌ر داخرا كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملوێن فالۆوێری هه‌بوو.

تویته‌ر رایگه‌یاند: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ڕوسیاوه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ فیلادیمیر پۆتین هیچ لاپه‌ڕه‌یه‌كی له‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا نییه‌و دوابه‌دوای ئه‌مه‌ تویته‌ر به‌پێی یاساكانی خۆی، چالاكی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ی وه‌ستاندووه‌و چیتر له‌به‌رده‌ستدا نه‌ماوه‌.

ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ له‌ ساڵی 2012ـه‌وه‌ چالاك بووه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ ئاژانسه‌كان به‌هه‌ڵه‌ وه‌كو سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ ئاماژه‌یان پێده‌كرد. به‌ڵام جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ هه‌رگیز هێمای شینی وه‌رنه‌گرت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی ناو تویته‌ر.

به‌گشتی سه‌رۆك كۆماری ڕوسیا به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی سیاسه‌توانانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، هۆگری چالاكی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نییه‌و تاكه‌ لاپه‌ڕه‌ی ره‌سمی نزیك له‌و، ئه‌كاونتی ره‌سمی ئۆفیسی سه‌رۆك كۆماری ڕوسیایه‌ له‌ تویته‌ر.

هه‌روه‌ها پۆتین تاكه‌ كه‌سایه‌تی ناسراوه‌ نییه‌ كه‌ له‌ تویته‌ر ئاكاونتی ساخته‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ندامانی تۆڕی تویته‌ر كۆمه‌ڵه‌ پۆستێكیان به‌رچاو كه‌وت كه‌ "ئایلان ماسك" رێكلامی بۆ جۆره‌ دراوێكی تایبه‌ت ئه‌كرد. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك ئاشكرابوو كه‌ ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ' ئایلان ماسك"ـه‌وه‌ نییه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved