8/12/2018 02:21 PM

د.جەمال نەبەز:چرایەكی پرشنگدار

پرۆفیسۆر د. جه‌مال نه‌به‌ز نوسه‌ر و بیرمه‌ندی كورد له‌ ته‌مه‌نی 85 ساڵیدا له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچیدوایی كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8-12-2018 پرۆفیسۆر د. جه‌مال نه‌به‌ز نوسه‌ر و بیرمه‌ندی كورد له‌ ته‌مه‌نی 85 ساڵیدا و له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا كۆچیدوایی كرد.

پرۆفیسۆر د. جه‌مال زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ له‌ تاراوگه‌ ده‌ژی و زیاتر له‌ 100 كتێب و 500 لێكۆڵینه‌وه‌و وتار و بابه‌تی نوسیوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر كۆڕ و سیمیناری ئه‌نجامداوه‌.

د. جه‌مال ساڵی 1933 له‌ شاری سلێمانی له‌دایك بوه‌و له‌سه‌ره‌تای خوێندنیدا جگه‌ له‌ خوێندنی ئیسلامی فه‌لسه‌فه‌ و سۆشیۆلۆجی و فیزیا و ماتماتیكی خوێندوه‌و له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ زانكۆی به‌غدا فیزیا و ماتماتیكی خوێندوه‌و له‌ هه‌ولێر و كه‌ركوك و به‌غدا و به‌سڕه‌ وانه‌ی وتوه‌ته‌وه‌.

ساڵی 1962چوه‌ته‌ وڵاتی ئه‌وروپا  به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندن و له‌ زانكۆكانی میونخ و ۆزبۆرگ خوێندنی ئیسلامی و ئێرانناسی و شێوازی وانه‌ وتنه‌وه‌ی خوێندوه‌.

لەساڵی 1967-1970 لە زانکۆی هامبۆرگ خوێندویەتی و هەر لەو ساڵانەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد دادەمەزرێنن.لەساڵی 1970-1979 لەزانکۆی بەرلینی ئازاد زانستە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسی و یاسای خوێندووە.یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کاژیک.

ئامادەكردنی: خەلیل عەبدولڵا
د.جەمال نەبەز كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و ئەكادیمی كوردستانە.
لەچەند بوارو رشتەی جیاوازدا خزمەتی بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە‌و درەختێكی باڵابەرزی بەردار بووە‌و شوێن پەنجەی خزمەت‌و بەخششەكانی دیارو درەوشاوەیە.
ئەو 85 ساڵ لەمەوبەر، واتە لە 1ی كانوونی یەكەمی 1933 لەشاری سلێمانی دایك بوو، لەئامێزی خێزانێكی ناسراودا پەروەردە بوو.
قۆناغەكانی خوێندنی لەشاری سلێمانی تەواو كردو ناوەڕاستی ساڵی 1950 كۆلیجی زانستی زانكۆی بەغدای تەواو كرد‌و لەوانەكانی فیزیا‌و بیركاری پسپۆڕی وەرگرت.
شەش ساڵ وەك مامۆستا وانەكانی فیزیا‌و بیركاری لەقوتابخانە ئامادەییەكانی شارەكانی هەولێر‌و كەركوك‌و بەغدا‌و بەسرە وتەوە.
ساڵانی (1956-1957)سەردانی وڵاتانی سوریا‌و لوبنان‌و ئیرانی كرد‌و چەندین كەسایەتی فیكری‌و رۆشنبیریی كوردی لەو وڵاتانە بینی‌و گفتوگۆی چڕی رووناكبیری لەگەڵ كردن‌و چەند بەرهەمێكی ئەدەبیان بەزمانی كوردی چاپكرد.
ساڵی 1962 بەیەكجاری كوردستانی بەجێهێشت‌و لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە.
لە زانكۆكانی ئەڵمانیا درێژەی بەخوێندن دا‌و لەرشتەكانی زانستی ئسوڵی خوێندنی ئیسلامی‌و ئێرانی‌و زانستی سیاسەت‌و رۆژنامەگەری‌و قانون خوێندی‌و شارەزایی زیاتری پەیدا كرد‌و دواتر وەك مامۆستای زانكۆ لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە‌و ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستی‌و پەیمانگاكانی زمان‌و وەرگێڕان خزمەتی كرد.
د.جەمال نەبەز لەسەرەتای ژیانی لاوی‌و كە خوێندكاری زانكۆی بەغدا بووە،بایەخی بەنووسین داوە‌و وتارە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانی لەرۆژنامەكانی بەغدا بەزمانی عەرەبی بڵاو كردۆتەوە.
كەلەشاری كەركوك مامۆستای بیركاری‌و فیزیا بووە بەزمانی كوردی ئەو دوو وانەیەی وتۆتەوە‌و یەكەم كەسیش بووە كە كتێبێكی بۆ وانەی فیزیا بەزمانی كوردی دانا‌و ساڵی 1960 بڵاوی كردەوە.
د.جەمال نەبەز خاوەنی خەرمانێك بەرهەمی مێژوویی‌و ئەدەبی‌و زانستی‌و رۆژنامەگەری‌و زمانە‌و لەو بوارانەدا خزمەتێكی گەورەی بەدەوڵەمەند كردنی كتێبخانەی كوردی كردووە.
بەداخەوە رۆژی 8-12-2018 مامۆستا‌و زانای گەورەی كوردستان(دكتۆر جەمال نەبەز) لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. درود بۆ گیانی پاک و پیرۆزی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved