10/12/2018 09:36 AM

نیشانه‌كانی نه‌خۆشی سورێژه‌

سورێژه‌ جۆرێكه‌ له‌ هه‌وكردنی سیستمی هه‌ناسه‌ی منداڵان و له‌ڕێگه‌ی هه‌ناسه‌وه‌ ئه‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌سێكی‌ تر. ئه‌رگه‌رچی ڤاكسینی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌مێك ساڵه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئێستاش هه‌موو ساڵێك ئه‌بێته‌ هۆی مه‌رگی زیاتر له‌ 100 هه‌زار منداڵی ته‌مه‌ن خوار 5 ساڵان.

نیشانه‌كانی سورێژه‌:
10  بۆ 14 ڕۆژ پاش ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ نیشته‌ ناو جه‌سته‌، نیشانه‌كانی سورێژه‌ خۆیان پیشان ئه‌ده‌ن و بریتین له‌:
*تا
*كۆكه‌ی وشك
*به‌ربوونی ئاوی لوت
*ئازاری گه‌رو
*هه‌وكردن و ئاوسانی چاو
*په‌ڵه‌ی سووری بچووكی سه‌ر گۆناو ناو ده‌م كه‌ ناوه‌نده‌كه‌یان هه‌ندێك شین یان سپی ئه‌نوێنێت و به‌ "كۆپلیك" ئه‌ناسرێن
*لیر كردنێكی پڕو زۆر، كه‌ ئاوێته‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئازار.

قۆناغی یه‌كه‌م: هه‌وكردن و شاراوه‌ بوون
له‌ 10 بۆ 14 ڕۆژی یه‌كه‌می گیرۆده‌بووندا، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ حاڵه‌تی شاراوه‌ی هه‌یه‌و هیچ چه‌شنه‌ نیشانه‌یه‌كی نییه‌.

قۆناغێ دووه‌م: هێماو نیشانه‌ ناڕوونه‌كان
له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا، سورێژه‌ به‌ تایه‌كی كه‌م ده‌ستپێده‌كات كه‌ كۆكه‌ی وشك، به‌ربوونی ئاوی لوت، هه‌وكردنی چاو و ئازاری گه‌رو هاوڕێیه‌تی ئه‌كه‌ن. ئه‌م قۆناغه‌ 2 بۆ 3 ڕۆژ ئه‌خایه‌نێت.

قۆناغی سێهه‌م: گرژبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌و ئیش و ژانی پێست
ئه‌م قۆناغه‌ به‌ په‌ڵه‌ی سووری بچوك ده‌ستپێده‌كات كه‌ به‌ ئارامی زیادئه‌كه‌ن و به‌ره‌به‌ره‌ پێست دائه‌گرن و حاڵه‌تێك ڕووئه‌دات كه‌ پێست پڕئه‌بێت له‌ په‌ڵه‌و لیر. پاش چه‌ند ڕۆژێك ئه‌م حاڵه‌ته‌ ته‌شه‌ئه‌ستێنێ بۆ باسك و سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی جه‌سته‌ وه‌كو ڕان و قاچه‌كان. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تاش به‌رزئه‌بێته‌وه‌ بۆ 40 یان 41 پله‌.

قۆناغی چواره‌م: قوناغی گواستنه‌وه‌
كه‌سی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی سورێژه‌ له‌ماوه‌ی 8 رۆژدا ئه‌توانێت ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ كه‌سانی‌ تر. ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ 4 ڕۆژی پێش سه‌رهه‌ڵدانی په‌ڵه‌ سووره‌كان و لیركردنی پێسته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و 4 ڕۆژی یه‌كه‌می ئه‌م ماوه‌یه‌ش ئه‌گرێته‌وه‌ كه‌وا ئه‌م ئاسه‌وه‌ره‌ له‌سه‌ر پێست هه‌ن.

هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی سورێژه‌:
*نه‌كوتانی ڤاكسینی سورێژه‌
*گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
*كه‌می ڤیتامینی A

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved