15/12/2018 09:55 AM

بزانه‌ چاو چۆن ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌رئێشه‌؟

سه‌رئێشه‌ هۆكاری زۆره‌، به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ نه‌خۆشی و گرفته‌كانی چاوه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ د.ماكۆك محه‌مه‌د پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری و نه‌خۆشییه‌كانی چاو به‌ سایتی خاكی راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رئێشه‌، چاوه‌، ئه‌وه‌ش له‌چه‌ند حاڵه‌تێكدا وه‌كو:

1- چاوكزی دابه‌زینی ئاستی بینین چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌و سه‌رجه‌میان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رئێشه‌، به‌تایبه‌ت له‌دوای عه‌سران و شه‌وان، یان دوای ئیشكردنی نزیك و به‌كارهێنانی چاو بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر.

2- نه‌بوونی توانای ته‌ركیزكردن واته‌ كاتێك بته‌وێت بخوێنیته‌وه‌ یان ئیشێكی ورده‌كاری بكه‌یت، پاش چه‌ند خوله‌كێك چاوت ڕێچكه‌وپێكه‌ بكات و شته‌كان له‌به‌رچاوت ببن به‌ دوان، یاخود سێبه‌ریان بۆ دروستببێت. ئه‌مه‌ش به‌هۆی هه‌بوونی كێشه‌ له‌ ماسولكه‌كانی جوڵێنه‌ری تۆپه‌ی چاو یان جوڵێنه‌ری بیلبیله‌وه‌ دروستده‌بێت.

3- زۆر به‌كارهێنانی عه‌ده‌سه‌ی چاو، جا هاوێنه‌ی جوانی بێت یان هاوێنه‌ی پزیشكی چونكه‌ ئه‌بنه‌ هۆی ڕووشانی گلێنه‌ی چاوه‌كه‌.

4- به‌رزبوونه‌وه‌ی كتوپڕی په‌ستانی ناو چاو.

5- هه‌وكردنی ناوچاو وه‌كو هه‌وكردنی ڕه‌نگینه‌ی چاو.

6- ڤایرۆسی ده‌ماری پێنجه‌م كه‌ پشتێنه‌یه‌ك له‌ تلۆقی ئاگرین له‌سه‌ر پێستی لایه‌ك له‌سه‌رو چاوێك ئه‌گرێته‌وه‌و سه‌ری تلۆقه‌كان ئه‌ته‌قن و ئه‌بن به‌ برین و ئازارێكی زۆر دروستده‌كه‌ن.

7- هه‌وكردنی كتوپڕی پێڵوی چاو یان نه‌رمه‌ شانه‌كانی ده‌وری تۆپه‌ی چاو.

8- ماندوبوونی چاو به‌هۆی زۆر به‌كارهێنانی شاشه‌، یان دره‌نگ خه‌وتن، یان زۆر خواردنه‌وه‌ی چاو قاوه‌.

9- برینداربوونی گلێنه‌ی چاو به‌هۆی هه‌وكردن یان به‌ركه‌وتنی شتێك یان تیشكی له‌حیم.

10- زۆرجار هه‌وركردنی گیرفانه‌ هه‌واییه‌كانی ڕوخسار (جیوب) یان شه‌قیقه‌ له‌گه‌ڵ بوونی چاوكزی پێكه‌وه‌ سه‌رئێشه‌یه‌كی به‌رده‌وام دروستده‌كه‌ن.

خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved