18/12/2018 09:44 AM

سلێمانی.. شوێنێكی ئاماده‌كردنی نێرگه‌له‌ داده‌خرێت

لیژنه‌ی ریستۆرانت، شوێنی ئاماده‌كردنی نێرگه‌له‌یه‌ك له‌ شاری سلێمانی داده‌خات و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت، شوێنه‌كه‌ گونجاو نیه‌ بۆ شوێنی ئاماده‌كردنی نێرگه‌له.

هه‌رێم عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی لیژنه‌ی ریستۆرانتی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت رایگه‌یاند: به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان شوێنی ئاماده‌كردن و گه‌یاندنی نێرگه‌له‌ی ماڵی داده‌خات.

وتیشی: شوێنی ئاماده‌كردنی نێرگه‌له‌ی ماڵی كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی هه‌یه‌ كه‌ نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌كانی ته‌ندروستی و گه‌شتوگوزار، نه‌بوونی كامێرای چاودێری و ناردنی نێرگه‌له‌ی خێرا بۆ شوێنه‌كان به‌بێ ره‌چاوكردنی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی.

هه‌رێم عه‌بدولره‌حمان وتیشی: هه‌بوونی خواردنه‌وه‌ مه‌ستییه‌كان له‌ نێرگه‌له‌ی ماڵی یه‌كێكی تره‌ له‌ سه‌رپێچیه‌كان،‌ به‌پێی یاساو رێنماییه‌كان نابێت له‌ كافتریا، شوێنی ئاماده‌كردن و كێشانی نێرگه‌له‌و گازینۆكان خواردنه‌وه‌ مه‌ستییه‌كان دابنرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌رووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌.

روونیشيكرده‌وه‌: به‌هۆی نزیكی شوێنه‌كه‌ له‌ مزگه‌وته‌وه‌، نێرگه‌له‌ی ماڵی گونجاو نییه‌ بۆ ئاماده‌كردنی نێرگه‌له‌، كافتریا، شوێنی كێشانی نێرگه‌له‌و گازینۆ، كه‌ ئه‌مه‌ش نه‌بوونی مه‌رجێكی تره‌ له‌ شوێنه‌كه‌دا.

وتیشی: به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ریستۆرانته‌وه‌ نێرگه‌له‌ی ماڵی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌ی رێكاری یاسایی پێویستی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved