19/12/2018 09:59 AM

خوێندنى باڵا: زمانى ئینگلیزی بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێمە وەک میللەتێک کە بمانەوێت دوانەکەوین و لەگەڵ پێشکەوتنەکان هەنگاوبنێین، پێویستە هەموو ئامرازەکان بەدەستبێنین، فێربوونى زمانى ئینگلیزیش وەک زمانێکى سەردەم و زمانى زانست بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە، بۆیه‌ پێویستە ئەو کەسانەى ده‌یانەوێت دانەبڕێن لە پێشکەوتنەکان هەوڵى فێربوونى ئەم زمانە بدەن.

ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى مەراسیمێکى تایبەتدا هات کە رێکەوتى 18/12/2018 لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەت بە ئامادەبوونى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا بڕوانامەى کۆتایيهاتنى خولى بەهێزکردنى زمانى ئینگلیزى به‌سه‌ر فەرمانبەرانى به‌شداربووی خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی دابەشکرا.

لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەموومان دەزانین خولى زمانى ئینگلیزى یەکێکبووە لە بایەخە هەرە گرنگەکانى وەزارەت و هەمیشە ئێمە کارمان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى په‌ره‌پێدانی زمانى ئینگلیزى بۆ هەموو لایەک کردۆتەوەو کارو هەوڵى جدیشمان لەوپێناوە ناوە، چونکە ڕوونە زمانى ئینگلیزى زمانى زانست و سیاسەت و بازرگانى و تەواوى لایەنەکانە، کە کار بۆ پێشکەوتنى دەکرێت.

وتیشى: ئێمە وەک میللەتێک کە بمانەوێت دوانەکەوین و لەگەڵ پێشکەوتنەکان هەنگاوبنێین پێویستە هەموو ئامرازەکان بەدەستبێنین، فێربوونى زمانى ئینگلیزیش وەک زمانێکى سەردەم و زمانى زانست بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە، بۆیه‌ پێویستە ئەو کەسانەى بیانەوێت دانەبڕێن لە پێشکەوتنەکان هەوڵى فێربوونى ئەم زمانە بدەن.

بەهێنانەوەى چەند نمو,نەیەکى دیار کە لەسەرەتاوه‌ هەوڵى فێربو,نى زمانیان داوەو دواتر بوونه‌تە هۆکارێک بۆ دۆزینەوەى کارێکى باش و ڕەخساندنى ده‌رفه‌تی خوێندنى زیاتر، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى درێژەى بە وتەکه‌یداو لەبه‌ر ڕۆشنایى ئەوەشدا گرنگى فێربوونى زمانى دووەم بەتایبەت زمانى ئینگلیزى ڕوونکردەوەو لەو چوارچێوەیەشدا وتى: زمان دەرگایەکەو بە کرانەوەى زۆرشت به‌دەستدێت، بەتایبەت ئێمە كه‌ ئێستا لە چەرخى تەکنەلۆجیاداین و هەموو پەیوەندیەکانمان بازرگانە گەورەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانمان بەو زمانە واتە بە زمانى ئینگلیزيیەو ڕوونیشە ئەم زمانە زمانى زانست و سەردەمە.

لە کۆتایى وتەکه‌یدا د.یوسف گۆران سوپاسى ڕێکخراوى ئیمیدێستى کرد کە خولەکەى بەڕێوەبرد، هاوکات دەستخۆشى و پێزانینى ئاڕاستەى بەشداربونى خولەکە کردو داواى لێکردن دابڕاو نەبن لە فێربوون و بەردەوامبن و ڕاشیگەیاند: دەبێت ئەمکارانە بەردەوامبن و هەوڵبدرێت لە تەواوى زانکۆکان پەرە بە زمان و فێربوونى بدرێت.

دواتریش (كریستۆڤه‌ر لیتۆلی) سەرپەرشتیارى ڕێکخراوى ئیمیدێست لە عيراق لەمیانه‌ى پێشکەشکردنى وتەیەکدا ڕۆڵ و گرنگى فێربوونى زمانى ئینگلیزی ڕوونکردەوەو ئەوەى ڕاگەیاند کە زمان گرنگە بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەت و بازرگانى گه‌شت و خوێندن و زانست.

لە کۆتایى مەراسیمەکەشدا لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى دەرچوون و تەواوکردنى خول بەسەر بەشداربووانی خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی  دابەشكرا، كه‌ ژماره‌یان (67) كه‌س بوو.

خولى فێربوون و بەهێزکردنى زمانى ئینگلیزى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە هاوکارى ڕێکخراوى ئیمیدێست بۆ ماوەى (3) سێ مانگ بەردەوامبوو، کە تیایدا بە شێوازێکى مۆدێرن و لەلایەن مامۆستایانى پسپۆڕ وانە بە فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەوترانەوە.


خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved