19/12/2018 10:16 AM

پێنجەمین رێورەسمی پسپۆڕییە پزیشكییەكان بەڕێوەدەچێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هەنگاوی گەورەمان لەبواری ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشكی لە كۆلێجە پزیشكییەكان لە زانكۆكانی كوردستان ناوەو هەوڵمانداوە بەوردی پێداچوونەوە بە پڕۆسەی خوێندن و فێركردنی نەوەی تازەی پزیشكانی وڵاتەكەمان بكەین، بۆ ئەوەی سیستم و ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشكی لەگەڵ گۆڕانكارییە زانستی و تەكنۆلۆجییەكانی دونیا هاوتەریب بكەین.

ئەم جەختكردنەوەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێك هات كە لە ڕێورەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان پێشكەشیكرد.

لەو ڕێورەسمەدا كە هەریەك لە وەزیری تەندروستی و سەرۆك زانكۆكان و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاگرو سەرۆك بەش و مامۆستاو خوێندكاران و قوتابیان و كەسوكاریان ئامادەیبوون، ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان خولی پێنجەمی دەرچونی سازكردو تیایدا بڕوانامەی پسپۆڕی لە (٢٥) بواری جیادا بەخشرایە (١٠٨) پزیشكی وڵاتەكەمان.

دەرچووان بەشێكی گرنگن لە سەرمایەی مرۆیی
لە سەرەتای وتەكەیدا د.يوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: بەشانازییەوە ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی لە (٢٥) بواری جیادا دەدرێتە (١٠٨) پزیشكی وڵاتەكەمان، كە دڵنیام ئەم پزیشكانەش هاوشانی دەرچوانی پێش خۆیان دەبنە بەشێكی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمەكەمان.

ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشك ڕەخساندووە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی: ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان (بۆردی كوردستانی) یەكێكە لە دامەزراوە نیشتیمانییە گرنگەكانی وڵاتەكەمان و لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ  دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشكی هەرێمەكەمان ڕەخساندوە، ئێمە وەك وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پشتیوانی تەواوی پێشكەوتن و پەرەپێدانی ئەم دامەزراوەیە دەكەین، هیوامانوایە كواڵیتی خوێندن و ئاستی ڕاهێنان و بەهاو كاریگەری توێژینەوە زانستییەكان بەجۆرێك لەم دامەزراوەیە پیشبخەین، كە بتوانین لە ئایندەی نزیكدا متمانەی نێودەوڵەتی بۆ تەواوی پرۆگرامەكانی خوێندن و ڕاهێنانی بۆردی كوردستانی بەدەستبهێنین.

د.یوسف گۆران وتیشی: پلانمان هەیە كاربكەین بۆ فراوانكردنی پلانی وەرگرتن لە پرۆگرامەكانی بۆردی كوردستانی بەجۆرێك هیچ پزیشكێك نەمێنێتەوە لە هەرێمەكەمان، كە بەیەكێك لە پرۆگرامەكانی ئەم بۆردەدا تێپەڕنەبوبێت، چونكە ئێمە باوەڕمانوایە كە پزیشككارانی وڵاتەكەمان دەبێت دەرفەتی گەشەكردن و بەرەوپێشچونی زانستی و كلینكیان بۆ بڕەخسێت و هەمیشە زانیاری و كارامەییەكانیان لەگەشەكردنی بەردەوامدا بێت و بەئاگابن لە پیشكەوتنە زانستییەكانی بواری پزیشكی.

وتیشی: ئەمساڵ لە هەنگاوێكی بوێرانەدا وەزارەتەكامان بڕیاریدا بە لابردنی میچی تاقیكردنەوەكانی بۆردی كوردستانی بۆ هەمو ئەو كاندیدانەی لە پرۆگرامە جیاكان وەرگیراون، چونكە ئێمە باوەڕمانوایە هاوتای سیستمەكانی ڕاهێنانی پزیشكی لە وڵاتانی دونیا، نابێت هیچ پزیشككارێك لە پرۆسەی فێربون و ڕاهێنانی بەردەوام لەپاش بەجێبمێنێت، ئەگەر پزیشكێك لە بوارێكی تایبەتدا گرفتی هەبێت دەبێت دەرفەتی ڕاهێنانی زیاتری پێبدرێت بۆ ئەوەی گرفتەكانی چارەسەربكات، نەوەك بكرێتە دەرەوەی پرۆگرامەكان.

بوارەكانی توێژینەوەی پزیشكی گرنگی زیاتری پێبدرێت
هەر لە وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەشێكی گرنگی پرۆگرامەكانی بۆردی كوردستانی بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەبوارە پزیشكییەكان، هیوامانوایە بوارەكانی توێژینەوەی پزیشكی و (بایۆمێدیكەڵ ڕیسێرچ) زیاتر گرنگی پێبدرێت، وتیشی: لێتان ناشارمەوە پرسیاری گەورە هەیە (لەسەر ئاستی پەبڵیك) دەربارەی سیستمی تۆماركردنی نەخۆش و كۆكردنەوەی داتاكانی نەخۆشی و چۆنیەتی شیكردنەوەو سودلێوەرگرتنیان لەناو سیستمی تەندروستی هەرێمەكەمان، ئێمە دەبێت كاربكەین بۆ دروستكردنی سیستمێكی تۆكمە بۆ تۆماركردنی هەمو نەخۆشیك و هەمو ئەو داتایانەی لەڕێگەی پراكتیزەكردنی كاری پزیشكییەوە دروستدەبن، چونكە لەڕێگەی ئەم داتایانەوە دەتوانین پلانی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە پزیشكییە تەندروستییەكانی هەرێمەكەمان باشتر دابڕێژین.

د.یوسف گۆران وتیشی: دەبێت بۆردی كوردستانی لەمبارەیەوە ڕۆڵ و پلانی هەبێت، دەبێت هاوكاری تەواوی دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی بن بۆ ئەوەی پرسی داتای تەندروستی بەشێوەیەكی زانستی ئەدرێس بكرێت و پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت، سەرەنجام داتاكانی كەرتی تەندروستی داتای ڕاستەقینەو پاك و پوخت بن و ببنە كەرەستەی توێژینەوەكانی ئێوە.

ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێكی گرنگ و هەستیارە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا دوپاتیكردەوە گەشەپێدانی خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوە لەبواری پزیشكی پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە سیستم و ژێرخانی تەندروستییەوە هەیە، پرسی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێكی گرنگ و هەستیارەو پێویستی بە تێگەیشتن و ماندوبون و قوربایدانە، بەتایبەت ئەم ئەركە بەشێوەیەكی سەرەكی لە ئەستۆی پزیشككارانی وڵاتەكەمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، داواكارم كە بۆردی كوردستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆلێجەكانی پزیشكی پشتیوانی  وەزارەتی تەندروستی بكەن جێبەجێكردنی نەخشەڕێگەی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی هەرێمەكەمان، بەتایبەت كاركردن بۆ بنیادنانی سیستمێكی مۆدێرن و كارا بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی (Primary Health Care System)، كە لەم ڕێگەیەوە دەتوانین بە شێوەیەكی زانستی ڕیكۆردی داتای هەمو تاكەكانی وڵاتەكەمان بكەین و خزمەتی زیاتر بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگەیەنین.

دەبێت پزیشكانی ئایندە ئامادەبكەین بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیستمی تەندروستی
لەبارەی ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو و هەنگاو و ڕیفۆرمەكان، د.یوسف گۆران وتی بەشانازییەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا هەنگاوی گەورەمان ناوە لەبواری ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشكی لە كۆلێجە پزیشكییەكانی زانكۆكانی كوردستان، هەروەك هەوڵمانداوە بەوردی پێداچونەوە بە پرۆسەی خوێندن و فێركردنی نەوەی نوێی پزیشكانی وڵاتەكەمان بكەین، كارێك بكەین كە ئاستی خوێندن لە كۆلێجەكانی پزیشكی لە زانكۆكانی كوردستان لە ئاستێكی جیهانی ستانداردا بێت، سیستم و ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشكی لەگەڵ گۆڕانكارییە زانستی و تەكنۆلۆجییەكانی دونیا هاوتەریب بكەین.

وتیشى: ئەركی ئێمەیە وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆكان و كۆلێجەكانی پزیشكی ئەوەیە، كە سیستمی خوێندنی پزیشكی بەجۆرێك دابڕێژینەوە، كە لەڕوی زانستی و كەلتوریی و ئیتیكییەوە پزیشكانی ئایندە ئامادەبكات بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیستمی تەندروستی وڵاتەكەمان، بەخۆشحاڵییەوە توانیمان لە بەشێكی زۆری كۆلێجەكانی پزیشكی لە زانكۆكانی كوردستان پرۆگرامی (Integrated System Based Approach) بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبارەی پەیڕەوكردنی ئەم سیستمەش ڕایگەیاند: پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە لایەنی بیركردنەوەو تێڕوانینی ڕەخنەگرانەو داهێنەرانە لە پرۆسەی فێربوندا بەهێزدەكات و تێگەیشتنی زانستی قوڵتردەكات و باشتر پزیشككاران ئامادە دەكات بۆ چارەسەركردن گرفتە تەندروستییە ئاڵۆزەكان، لەهەمانكاتدا دەرفەت دەڕخسێنێت كە قوتابیان و خوێندكاران لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنەكەیانەوە بە دونیای كلینیكی ئاشنابن و هەلی ڕاهێنانی پراكتیكی چڕتر دەكات.

ئەركی گەورەمان لەپێشەو دەبێت پێكەوە ئەم ئەركانە هەڵبگرین
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئەركەكانی داهاتوو وتی: هەرچەندە ئێوە ئەمڕۆ بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی وەردەگرن، بەڵام وەك دەزانن پرۆسەی فێربون لێرەدا كۆتایی پێنایەت، بەتایبەت زانستی  پزیشكی لەژێر كاریگەری توێژینەوەو پێشكەوتن و ئاوێتەبوونی تەكنۆلۆجییەكان لە سەدەی بیستویەكدا زۆر بەخێرایی گەشەدەكات چاوەڕوانی گواڕانكاری مەزنی لێدەكرێت، بۆیە پێشكەوتنەكانی نانۆتەكنۆلۆجی و (ستێم سێڵ) و ئیدتكردنی جینەكان و (3D Print) (پری دی پرنت) لە دیارترین خەسلەتەكانی پێشكەوتنی زانستی پزیشكین لە سەدەی بیستویەكن. هەربۆیەش وتی، بێگومان دەبێت لەڕێگەی توندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی توێژینەوەی بەردەوام و پرۆگرامەكانی فێركردنی پزیشكی بەردەوام (CME) دەبێت هەوڵبدەن لەبوارە زانستییەكان دانەبڕێن و لەمڕوەوە داواكارم بۆردی كوردستانی و كۆلێجەكانی پزیشكی پرۆگرامی زانستی بەردەوامیان هەبێت.

سوپاس بۆ وەزارەتی تەندورستی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كوردستانی
لە كۆتایی وتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لە سەرجەم دەرچوانی ئەم خولە كردو هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، هەروەك دەستخۆشی لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان كرد بۆ هەوڵ و ماندوبونەكانیان و سوپاسی یەكە بەیەكەی مامۆستاكانی كرد بۆ پێگەیاندنی ئەم پۆلە پزیشكە پسپۆڕە. هەروەك سوپاسی وەزیری تەندروستی و هەموو دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد كە وەزارەتی تەندروستی ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە سەرخستنی پرۆگرامەكانی بۆردی كوردستانی.

هەر لە رێورەسمی دەرچونی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان وتاری هەریەك لە د.رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.سەلیم زەنگە پێشكەشكراو تیایدا باسیان لەم خولەی دەرچوان كرد، كە تیایدا (١٠٨) پزیشك لە (٢٥) پسپۆری جیا لە فاكەڵتییەكانی (هەناو، نەشتەرگەری، پاپۆلۆجی، پزیشكی ددان، تیشك) بڕوانامەیان وەرگرت.

وەزیری خوێندنی باڵا سێ یەكەمی ئەنجومەنی كوردستانی خەڵاتكرد
لەبەشێكی دیكەی رێورەسمەكەدا لەلایەن سەرۆك و یاریدەدەرانی سەرۆكی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان بڕوانامەی دەرچون پێشكەش بە دەرچوان كراو د. یوسف گۆران سێ یەكەمەكانی سەر ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكانی خەڵات كردو هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوو بۆ خزمەتكردن بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بۆ خواستن.

ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان خاوەن (٩٢٩) ڕاهێنراوەو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا (٢٨٤) پزیشكی پسپۆری پێگەیاندوەو بۆ ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ (١٠٧) ڕاهێنراو وەرگیراون، هەروەها پرۆگرامی پسپۆڕیەكانیش لە ئێستادا ئەنجومەنەكە خاوەن (٢٦) پرۆگرامی پسپۆڕی جیاوازە.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved