به هاوكاری رێكخراوی شنه‌بای ژاپۆنی، به‌شێكی نوێ له نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ده‌كرێته‌وه، كۆنسۆڵی ژاپۆنیش دووپاتیده‌كاته‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وامده‌بێت له هاوكاری هه‌رێمی كوردستان. ڕۆژى 20-12-2018 به‌شێكی نوێ له نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كرایه‌وه، كه بریتییه له هۆڵێكی وه‌رزش و راهێنان و له‌لایه‌ن رێكخراوی شنه‌بای ژاپۆنییه‌وه به‌بڕی 183 هه‌زار دۆلار دروستكراوه. له‌كاتی كردنه‌وه‌ی به‌شه‌كه‌دا د.رێكه‌وت حه‌مه ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: سوپاسی كۆنسوڵی ژاپۆن و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و هه‌موو خه‌ڵكی یابان ده‌كه‌ین له به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانییان كردووه. وتیشی: هاوكاری رێكخراوی شنه‌باو حكومه‌تی ژاپۆن هاوكارییه‌كی له‌مێژینه‌یه. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رو پزیشكان و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كانی شێرپه‌نجه ده‌كه‌ین چونكه كاریگه‌ری باشیان هه‌بووه له به‌ره‌وپێشێبردنی چاره‌سه‌ره‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له هه‌رێمی كوردستان. د.رێكه‌وت حه‌مه ره‌شید وتیشی: شانازی به نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له سلێمانی و نانه‌كه‌لی هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی دهۆك ده‌كه‌ین، چونكه خزمه‌تێكی به‌رچاویان به نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه كردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه گرانه بۆیه له جیهاندا كاری خێرخوازی بۆ ده‌كرێت و له هه‌رێمی كوردستانیش سندوقی شێرپه‌نجه هاوكارێكی گرنگی نه‌خۆشخانه‌كانی شێرپه‌نجه‌و توشبووانی بووه، چونكه توانراوه به‌و پارانه‌ی كه له‌و سندوقانه كۆكراونه‌ته‌وه چه‌ندین نه‌خۆش ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكرێت. وتیشی: له ئێستادا زۆربه‌ی چاره‌سه‌كانی شێرپه‌نجه له كوردستان ده‌كرێت و هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌سه‌ركردنیش به تیشك خێراتربكه‌ین. له كۆتایی قسه‌كانیدا رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لالی له هاوكاریكردنی توشبووانی شێرپه‌نجه‌دا بیری ئامادده‌بووان هێنایه‌وه‌و رایگه‌یاند بۆ یه‌كه‌مجار مام جه‌لال له ساڵی 2009 یه‌كه‌م هاوكاری پێشكه‌شكردو رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌رده‌وام هاوكارمانن. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure