22/12/2018 10:13 AM

كچه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك بووه‌ شاجوانی كوردستان

له‌ هه‌ڵبژاردنی چواره‌مین شاجوانی كوردستان، كچه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك وه‌ك شاجوانی 2018ی كوردستان هه‌ڵبێژردرا.

له‌كۆی 107 كچ كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ناویان بۆ پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان پێشكه‌ش كردبوو، دوای هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ته‌نیا 14 كچ مابوونه‌وه‌، حه‌وتیان خه‌ڵكی سلێمانی، چواریان خه‌ڵكی هه‌ولێر بوون، یه‌كێكیان له‌ دهۆك، یه‌كێك له‌ كه‌ركوك و كچێكیشیان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شداری چواره‌مین هه‌ڵبژاردنی شاجوانی كورستان بوون.

مه‌راسیمه‌كه‌ كه‌ زیاتر له‌ 4 سه‌عاتی خایاند، كه‌ چه‌ندجارێك به‌شداربووه‌كان خۆیان نمایشكردو وه‌ڵامی لیژنه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن "دادوه‌ران"یان دایه‌وه‌و به‌ چه‌ند جۆره‌ جلوبه‌رگێك توانای خۆیان خسته‌گه‌ر، دواجارو له‌كاتی بڕیارندا "سانا مه‌حمود" له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید وه‌ك شاجوانی كوردستان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵبژێردرا.

باوكی سانا، مه‌حمود كه‌شكۆڵ یه‌كێكه‌ له‌ حه‌وت پێشمه‌رگه‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕش، كه‌ به‌ شێخ عه‌لی ناسراو بووه‌ له‌ سنوری ده‌شتی شاره‌زورو دواتر ناوچه‌كانی تردا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی رژێم و جوڵاندنی گیانی پێشمه‌رگایه‌تی و شۆڕشگێڕی له‌دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و كوردستاندا.

سانا مه‌حمود، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی بۆ شاجوانی كوردستان دانراوه‌، له‌ شاری هه‌ولێر شوقه‌یه‌كی پێده‌درێت و دواتر له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ی خۆی دایناوه‌ ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كانی ده‌كات له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان بۆ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساله‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ دوو هاوه‌ڵه‌كه‌ی گه‌شتێكی ئه‌وروپایان پێده‌كرێت و به‌ كاروباره‌كانی شاجوان بۆ خزمه‌تكردنی نیشتمانه‌كه‌یان ئاشناده‌كرێت.

سانا مه‌حمود كێیه‌؟
شه‌وی 20-12-2018 چواره‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و سانا مه‌حمود، كچه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك به‌ شاجوانی 2018ی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.


سانا مه‌حمود ته‌مه‌ن 22 ساڵ له‌ئاهه‌نگێكی تایبه‌تدا له‌ هه‌ولێر وه‌ك چواره‌مین شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردراو.

سانا مه‌حمود خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده‌و باوكی سانا پێشمه‌رگه‌ی كۆن بووه‌و له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌ مه‌حمود كه‌شكۆڵ ناوی ده‌ركردووه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و دروستبوونی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان چۆته‌ شاخ و بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و به‌شداری چه‌ندین نه‌به‌ردی و داستانی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه‌، دواتر به‌ خێزانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌وروپاو له‌ وڵاتی سوید نیشته‌جێبوون.

خێزانی سانا ماوه‌ی 25 ساڵه‌ له‌ وڵاتی سوید نیشته‌جێن، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌ك هاتوونه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك هۆكاره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سوید.

سانا یه‌كێكه‌ له‌و كچه‌ بوێرانه‌ی كه‌ به‌وته‌ی خۆی خێزانه‌كه‌ی هه‌موو جۆره‌ پشتیوانییه‌كی ده‌كه‌ن له‌ پرۆژه‌و به‌رنامه‌كانیدا، ئومێدی ئه‌وه‌شی لێده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌و نازناوه‌وه‌ هیواو ئومێده‌كانی بێنه‌دی، له‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی پڕۆژه‌كانی، تا بتوانێت سه‌ركه‌وتووبێت له‌ خزمه‌تگه‌یاندن به‌ میلـله‌ته‌كه‌ی.

سانا مه‌حمود دوای هه‌ڵبژاردنی وه‌ك شاجوانی 2018 ی كوردستان، رایگه‌یاند: زۆر خۆشحاڵه‌ كه‌ بووه‌ به‌ شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2018، خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو لایه‌ك و كوردستان هه‌یه‌، وتیشی: پلان و به‌رنامه‌م زۆره‌و له‌ داهاتوو ئاشكرای ده‌كه‌م كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكی شاجوانی چی ده‌كه‌م.

هه‌ر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری هه‌ڵبژاردنی خۆی وه‌ك شاجوان رایگه‌یاند كه‌ بڕوای به‌خۆی هه‌بووه‌و ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه‌ له‌لای لیژنه‌ی دادوه‌ری زۆر سپه‌یشه‌ڵ و تایبه‌ت بووه‌.

خاك - ئاژانسه‌كان




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved