22/12/2018 04:02 PM

خوێندنەوەیەك بۆ مێژووی سیاسی عەبدولكەریم قاسم

 

هەندێك بە فریاد ڕەست و پاڵەوان و نوێنەری هەژرانی دادەنێن..
هەندێك بە هاتنی ماڵوێرانی و كاولكاری جەنگ و كودەتا تاوانباری دەكەن....
ژینۆ عەبدولڵا*

 
ڕەنگە هیچ سەركردەیەك لە مێژووی عێراقی نوێدا، هاوشێوەی عەبدولكەریم قاسم، قسەوباس و كاردنەوەی لێنەكەوتبێتەوەو لەلای زۆربەی هەژاران، پاڵەوان و خۆشەویست و كەسێكی دەستپاك و سادە بووە،  بەهیچ شێوەیەك كورسی دەسەڵات نەیكردۆتە كەسێكی مەغرور و لە خۆبایی.
لەلای بەشێكی تریش پێیان وابووە كەسایەتیەكی سیاسی نەبووەو بەهێنانی سیستەمی كۆماری ماڵوێرانی و كاولكاری و كودەتاو جەنگ نەهامەتی بۆ گەلانی عێراق هێناوەو تائێستاش هاوڵاتیان باجی  سەركێشی ئەم سەركردە سەربازییە كودەتاچیە دەدەن.
كتێبی، عەبدولكەریم قاسم البدایە و النهایە لەنووسینی، شامل عەبدولقادر، بەوردی باسی وێستگە گرنگەكانی ژیانی ئەم كەسایەتیەوە تەواوی لایەنەكانی دەكات.


لە بنەماڵەیەكی هەژارو سادەوە
عەبدولكەریم قاسم (1914-1963)، لە گەڕەكێكی هەژاری و میللی لەبەغدا لە دایك بووەو لە خێزانێكی پێنچ كەسی و باوكی پیشەی دارتاش بووە، لەڕووی بنەمای ئاینیشەوە باوكی سونە مەزهەب و دایكیشی شیعە بووە.ساڵی 1930 ئامادەیی تەواو دەكات و هەر ئەو ساڵە وەك مامۆستا لە هەژارترین ناوچەی پارێزگای دیوانیە دەست بەكار دەبێت.
بەگوێرەی خوێندنەوەی ئەم كتێبە بێت، بەهۆی هەژاری خۆیی و بینین و مامەڵە كردن لەگەڵ  ئەو هەموو هەژارو كەسانی سادەو بێ دەرتان و بێ بەش بوو لەسادەترین ماف و خزمەتگوزارییەك، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەری بەوەی كەدەسەڵاتی وەرگرتووە لە میللەت و بەتایبەت لەگەڵ هەژاران و نەداران زۆر نزیك بووەو بەردەوام پەیوەندی هەبووە لە گەڵیان و گوێی لەداواكاری و خواستەكانیان گرتوەو تا كوژارنیشی هەر وەك كەسێكی سادە ژیاوە.

چوون بۆ كۆلێژی سەربازی
عەبدولكەریم قاسم ساڵی 1932 چۆتە كۆلێژی سەربازی و بەسەركەوتوویی و بە پلەی یەكەم ساڵی 1934 كۆلێژی سەربازی تەواو كردووەو بەسەركەوتووی پلە سەربازییەكانی بڕیوەو ساڵی 1942 كۆلێژی ئەركانی تەواو كردوە.
د. ڕەشید ئەلخەیون مێژوونوس و  و توێژەر و شارەزا لەبواری دیالۆگی ئاینیەكان، باس لەوە دەكات  عەبدولكەریم قاسم كەسێكی كەنارگیر بووەو هاوڕێی نەبوەو لەو دوو قوتابخانە فكریە سەربازیەی كەلە عێراقیشدا هەبووە كە یەكەمیان بەكر سدقی (1886-1937) نوێنەرایەتی كردوەو تەئكیدی لە عێراقی بوون و تەنها خزمەتكردنی بەگەلانی عێراق كردۆتەوە بە بێ جیاوازی قاسم سەر بەم باڵە سەربازییە بووەو بە پێچەوانەی عەبدولسەلام عارف سەر بە باڵی دووەم بووە كە ڕەشید عالی گەیلانی (1892-1965) نوێنەرایەتی كردەوە باڵێكی نەتەوەو پەرستی عەرەبی بوون و داوای یەكگرتنی وڵاتانی عەرەبیان دەكرد. 
دامەزراندی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان
دوای بەشداربوونی عەبدولكەریم قاسم لە شەڕی 1948 –ی فەلەستین و ئەو شكستەی ڕووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی بووە، لەسەرەتای پەنجاكاندا كۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان دامەزارو قاسمیش ئەندامێكی كارا بوو، ئامانجی سەرەكیان ڕووخاندنی سیستەمی پاشایەتی بوو.
لە هاوڕێیەتیەوە بۆ دوژمنایەتی
بەدیدی نووسەری كتێب، قاسم یەك هاوڕێی ڕاستەقینەی هەڵبژارد بوو بەڵام دواتر بوونە دوو دووژمنی سەرسەختی یەكتری ئەویش عەبدولسەلام عارف (1922- 1966) بوو، كاتێك قاسم هێنایە ناو ئەفسەرە ئازادیخوازەكانەوە هەر هەموویان پێیان ناخۆش بوو، بەڵام قاسم بە زۆر سەپاندی  و بە شداری كۆبوونەوەكانی پێدەكرد و كردیە ئەمری واقع بەسەریانەوە.
كودەتای 14 تەمووزی 1958
لەم ساڵەدا گەورەترین گۆڕانكاری و مێژووی لەعێراقی نوێدا ڕوویدا،مێژووی نوێی سیاسی عێرق گۆڕا و سیستەمی كۆماری دامەزرا.
بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەفسەرە ئازادیخوازەكان و بێ ئاگاداری ئەوان، عەبدولكەریم قاسم پلانی سەربازی  داناو عەبدولسەلام عارفیش جێبەجێكرد بە سەركەوتوویی، بەبیانووی  ئاڵوگۆڕو جێگۆڕكێی  سەربازی  لە نێوان عێراق و ئەردەنیان كردە فرسەتێك و یەكە سەربازییەكانیان چوونە شاری بەغدا و ئەوانیش پلانەكەی خۆیان جێبە جێكردو كۆتاییان بەسیستەمی پاشایەتی هێناو هەندیك بە شۆِرش و هەندێك بە كودەتا ناو زەندی دەكەن و مێژووی سیاسی  عێراق چووە قۆناغێكی نوێوە.
ئاڵانگاری ناوخۆو دەرەكی
دوای گرتنە دەسەڵاتی قاسم و عەبدولسەلام عارفیش بووە بە جێگری و كاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناو هەریەكە لە ئەمریكاو بەریتانیاو وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت كوەیت و ئێران و توركیاو وڵاتانی  ئیقلمی لەنێویشیاندا جەمال عەبدولناسر (1918-1970) سەرۆكی ئەو كاتەی میسر بە توندی دژی وەستانەوە.
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە بێت لەو كاتەدا  گەرمەی جەنگی سارد بوو لەلایەن هەردوو وڵاتانی زلهێزی یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ‌و قاسمیش لە باڵی چەپەوە نزیك بووە هەر بۆیە وڵاتانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بە مەترسی گەورە سەیریان دەكرد بۆ سەر  بەرژەوەندیەكانیان.

سەربازێكی سەركەوتوو سیاسیەكی ناشارەزا
دكتۆر ڕەشید ئەلخەیون ئاماژە بەوە دەكات قاسم نەیتوانیوە لە ململانێكانی ناوخۆو دەرەوە ئیدارەیەكی  سیاسی سەركەوتوو و تەكنیك و دیبلۆماسی بەكاربهێنێت و بەوەش دوژمنی لە ناوخۆو دەرەوەی زۆری بۆ دروست كردوە، كەسێكی دڵپاك و سادە بووەو هاوڕێ و دوژمنی تێكەڵاو كردووە، نەیتوانیوە چۆن لە كایەی سەربازیدا سەركەوتوو بێت بە هەمان شێوە لەكایەی سیاسیشدا، هەر بۆیە ساڵانی دەسەڵاتی هە مووی ململانێ بووە.
لە هاوڕێتیەوە بۆ دوژمنایەتی و كوشتن
عەبدولسەلام عارف بیرو بۆ چوون و سیاسەتی ئیدارەدانی دەوڵەتی لەگەڵ قاسم زۆر جیاواز بوو دوور بوون لە یەكتری بوونە بەربەست بۆ یەكتری هەر بۆیە دوای هەوڵی شكست خواردووی كودەتای عەبدولسەلام عارف 1959  دەستگیری كرد و دواتر ئازادی كرد.
د.عەقیل ناسری نووسەرو توێژەر ئاماژە بەوە دەكات 39 جار هەوڵی كودەتا دراوە دژی سیستەمەكەی قاسم و بە هۆی ئەوەی لە ناوخۆو دەرەوە دوژمنی زۆر بووە بەردەوام هەوڵی لە ناوبردنی قاسم دەدراو جەمال عەبدولناسریش زۆر دژی قاسم بوو بەئاشكراو نهێنی هاوكاری و یارمەتیدەر بوو بۆ لە ناو بردنی قاسم و بە گوێرەی سەرچاوە مێژوویەكانیش هاوكاری لۆجستی و مەعنەوەی بەعسیەكانی كردووە لە هەوڵی تیرۆركردنی قاسم لەشەقامی ڕەشیدی بەغدا كە بووە هۆی برینداركردنی و كوژرانی شوفێرەكەی.
كوشتنی زۆر بەی ئەفسەرە ئازایدخوازەكان
ساڵی 1959 بەسەرپەرشتی و ڕابەڕایەتی عەبدولوەهاب شەواف (1916-1959) لە موسڵ ڕاپەڕینێك لە دژی قاسم سەریهەڵدا  و ناسراوە بە ڕاپەڕینی شەواف، بەڵام قاسم زۆر بەتوند وتیژی ڕووبەڕوویان بووەو سەركوتی كردن. ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرەكانی دەستگیركردو دواتر ژمارەیەكی زۆریانی لەسێدارەدا بەتایبەت دامەزرێنەری كۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان عەقید ڕەفعەت ئەلحاج سری، ئەمەش زۆر لەسەر سیاسیەتی ناوخۆو دەرەوەی قاسم كەوت و دوژمنی زۆری بۆ پەیدا كرد چونكە دادگایكردنەكان زۆر ڕووكەش بوون.

دەسكەوتەكانی قاسم
تێبینی هەرچیەك بێت دەربارەی لایەنی سلبی قاسم، بەڵام مێژوونووسان سورن لەسەر ئەوەی لەسەر دەستی ژمارەیەك گۆڕانكاری و یاسا دەركران بوونە هاوكاری هەژاران و باشتركردنی ژیانی گەلانی عێراق و بنەمایەكی بەهێزی ژێرخانی ئابووری  دەوڵەتی دانا لە بواری خزمەتگوزرای  كەرتەكانی كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوەو و تەندروستی و خوێندنەوەو كەسانی مەدەنی و تەكنۆكراتیش بۆ وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی دانا.
لە ڕووی سیاسیشەوە دەستورێكی بەهێزی دانا بۆ یەكەمجار دانی بە میللەتی كوردا نرا بوو، هەرچەندە نەیارانی دەڵێن دواتر بەشی زۆری ئەم دەستورە پێشێلكراوە.
كۆتاییەكی خەمناك
عەبدولكەریم قاسم بەهۆی نزیكی لەخەڵكەوە زۆر متمانەی بە میللەت هەبوو، كەمترین پاسەوانی هەبوو، دڵپاك و دڵساف بووە، هەر بۆیە كاتێك كودەتای ساڵی 1963 دژی ڕوویدا ژمارەیەكی زۆر خەڵك چوونە لای لەوەزارتی بەرگری كەوەك ماڵێكی سادەخۆی تیایدا دەژیا، داوای چەكیان كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی كودەتاچیەكان، بەڵام قاسم ئەو بیرۆكەی ڕەتكردەوەو دواتریش بەمەرجی پاراستنی و ڕەوانەكردنەی بۆ دەرەوەی وڵات خۆی تەسلیم كرد، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر تراژیدی لە بارەگای ڕادیۆو تەلەفزیۆن  گوللە باران كرا.
هاوكات نووسەری كتێب دوو زانیاری تازە باس دەكات بەم شێوەیە:
لە دووەم ڕۆژی گەمارۆدانی قاسم و هاوڕێكانی،باڵیۆزی یەكێتی سۆڤیەت تەلەفون دەكات بۆ قاسم پێ دەڵێت ئەگەر ڕازی بیت سوپای وڵاتەكەی بەشدار دەبێت لە ڕێگای دابەزاندنی هەوایی (انزال جەوی) ڕزگارت دەكەن، بەڵام قاسم دەڵێت من وڵاتەكەم لە داگیركاری ئینگلیز ڕزگاركرد ئێستا بچمە باوەشی داگیركەرێكی تر خەڵك چیم پێدەڵێن و ئەو بیروبۆچوونەی ڕەتكردەوە.
زانیاری دووەم ئەوەیە دوای هەوڵە شكستخواردوەكەی تیرۆركردنەكەی حزبی شیوعی ویستویانە بە فڕۆكەیەك بەرەو مۆسكۆ دوری بخەنەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنن جەلال ئەوقاتی (1915-1963) شوێنی بگرێتەوە، بەڵام  سەلام عادل (1922-1963) سەركردەی باڵای حزبی شیوعی ئەو بیرۆكەیەی  ڕەتكردەوەو وتویەتی ئەخلاقی سیاسیمان ڕێگا نادات ئەو لەچارەسەرو نەخۆشە ئێمە پلانی دژی دانێنن.
ناوی كتێب:عەبدولكەریم قاسم البدایە و النهایە
نووسەر: شامل عەبدولقادر
لە بڵاوكراوەكانی ئەهلیە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بە دوو تۆی 463 لاپەڕە








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved