22/12/2018 04:18 PM

كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژ دابەشی كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای هەولێركرا

 

لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی هەولێر(كتێبخانەی زەیتون)، كۆبەرهەمی كتێبەكانی خاتوو گەلاوێژ وەك دیاری پێشكەشی كتێبخانە گشتیەكانی سنوری پارێزگای هەولێر كرا كە پێكهاتبوو لە 30 كتێبخانەو چەند دەزگایەكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ڕوناكبیری شاری هەولێر.

ڕۆژنامەنووس ژین عەبدولڵا بەڕیوبەری سایتی galawezh.com ئاماژەی بەوەدا، كۆبەرهەمەكان پێكهاتوون لە 21 بەرهەمی ئەدەبی لە بوارەكانی یادەوەری و ڕۆمان و چیرۆك و نۆڤلێت و ئەدەبی منداڵان و وەڕگێڕان، بە دیاری پێشكەشی كتێبخانەكانی  وەزارەتی ڕۆشنبیری سنوری پارێزگای هەولێر كرا و پێكهاتبوو لە 30 كتێبخانەو كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سەلاحەدین و كتێبخانەی كۆڵەی ژینی كەمئەندامان و كتێبخانەی پەرلەمان و كتێبخانەی سریانی.
هاوكات بە هاوكاری یەكێتی نووسەرانی كورد، لقی هەولێر بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ پێشكەشی ژمارەیەك نووسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووس كراو بڕیاریشە لە ئایندەیە كی نزیكدا كۆبەرهەمەكان لەشاری دهۆك و پاشان لەشاری بەغدا دابەشبكرێت.
هەرلەو مەراسیمی دابەشكردنی بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ، خەلیل عەبدولڵا بەڕیوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وتارێكی پێشكەشكردو ڕایگەیاند: خاتوو گەلاوێژ وەك ژنە ئەدیب‌و نوسەرێك شوێنێكی دیاری لە كایەی ئەدەبی‌و روناكبیریی كوردیدا هەیە‌و خاوەنی چەند بەرهەمێكی ئەدەبی ناوازەیە‌و یاداشتەكانیشی وەك هاوژین‌و هاوڕێی خەبات‌و تێكۆشانی مامۆستا برایم ئەحمەد تۆمارێكی جوان‌و راستگۆیانەی قۆناغێكی هەستیاری مێژووی كوردستانە، كە بەزمانێكی سادە‌و پاراو‌و شیرینی كوردی نوسراون.
 ئاماژەی بەوەشكرد، بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ ئاوێنەیەكی روونی ژیانی خۆی‌و خانەوادە‌و بنەماڵە رووناكبیر‌و  سیاسی‌و تێكۆشەرەكەیەتی، مامۆستا هەمزە عەبدوڵا ‌و مامۆستا برایم ئەحمەد‌و سەرۆك مام جەلال، وەك سێ‌كەسی نزیكی‌و سێ‌ستوون‌و سێ‌ سەركردەی دیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان  لە دوو روەوە كاریگەرییان لەسەری هەبووە، یەكەم: لەرووی ئەدەبی‌و رووناكبیرییەوە سوودی لەفیكرو دید‌و تێڕوانینی شارستانی‌و پێشكەوتنخوازانەی ئەوان وەرگرتوە.
دووەم:بەهۆی هەلومەرجی دژواری سیاسییەوە كاریگەرییان لەسەر واقیعی ژیانی هەبووە‌و  ناچاری خۆشاردنەوە‌و ئاوارەیی‌و دوورخستنەوە‌و شاخ‌و غەریبی‌و دوورە وڵاتییان كردووە، ئەو ژیانە سەخت‌و دژوارە بوونەتە سەرچاوە‌و هەوێن‌و ئیلهامبەخشی بەرهەمەكانی‌و لەدەقە ئەدەبییەكانیدا رەنگی داوەتەوە.
لە كۆتای مەراسیمەكەشدا كەسەرلەبەیانی ڕۆژی 20/12/2018 بە ڕیوەچوو.كۆبەرهەمەكان پێشكەشی  نوێنەرانی كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای هەولێركرا.

خاك-فۆتۆ: هێمن كاكەیی











زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved