25/12/2018 03:09 PM

كەریم قەرەنی:ئەو پارێزگارەی خانووەكەی بەزانكۆ بەخشی

 

خەلیل عەبدوڵڵا

كەلاپەڕەكانی مێژووی گەلی كوردستان هەڵدەدەیتەوە، هەڵوێستی جوان‌و جوامێرانەی هەندێ‌ كەسایەتی سەرنجت رادەكێشێ‌، كەلەخۆبوردانە خزمەتیان بەگەل‌و نیشتمانەكەیان كردووە، بەشێوەیەك ئەو خزمەتە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو كەسە بەنەمری بهێڵێتەوە.
كەریم قەرەنی یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە بەهۆی دڵسۆزی بۆ دامەزراندنی ناوەندە ئەكادیمییەكان، بۆ بڵاو كردنەوەی زانست‌و رۆشنبیری‌و خزمەتكردن  بەخوێندكارانی زانكۆی شارەكەی، بەر لە50 ساڵ لەمەوبەر كەپارێزگاری سلێمانی بوو،لەسەرەتای دامەزراندنی زانكۆی سلێمانیدا خانووەكەی خۆی بەو زانكۆیە بەخشی،ئەوەش بەهەڵوێستێكی مەردانە لەقەڵەم درا‌و بووە جێی ستایش‌و پێزانین‌و ئەو كەسایەتییەی بەزیندوویی‌و نەمری هێشتەوە، هەر بۆیەش ساڵی 2018 زانكۆی سلێمانی  لەپای ئەو هەڵوێستەی، لەیادی یۆبیلی زێڕینیدا نیگاری شكۆمەندی پێبەخشی.
كەریم قەرەنی ساڵی 1925 لەگەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایك بووە.قۆناغەكانی خوێندنی لەشارەكانی سلێمانی‌و بەغدا تەواو كردووە.لەبەغدا كۆلیجی سەربازی تەواو كردووە‌و بووە بەئەفسەر‌و وەك ئەفسەرێكی نیشتمانپەروەر خزمەتی كردووە.وەك جێگری بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی عیراق‌و فەرماندەی ئینزباتی سلێمانی خزمەتی كردووە.
ماوەیەك بەڕێوەبەری كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بووە.بەر لەچەند مانگێك لەكودەتای بەعسییەكان لەساڵی 1968، لەلایەن تاهیر یەحیای سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە، ئەركی پارێزگاری سلێمانی پێسپێردراوە. لەساڵی 1970 خۆی خانەنشین دەكات‌و لەكاری رەسمی دوور دەكەوێتەوە.
هەرچەند بەعسییەكان هەوڵ دەدەن كە پۆستی باڵای بدەنێ‌، بەڵام ئەو رازی نابێ‌‌و وەك كەسایەتییەكی نیشتمانی بێلایەن دەمێنێتەوە.ساڵی 1994 لە تەمەنی 69 ساڵیدا، بەهۆی  جەڵتەوەی دڵەوە لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كرد‌و بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو كاتەوە نەتوانرا تەرمەكەی بهێنرێتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و هەر لەشاری  بەغدا بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی كەریم قەرەنی زانستخوازو نیشتمانپەروەر.
سەرچاوە:
سوپاس بۆ برای بەرێز كاك سەرهەنگ كەریم قەرەنی بۆ ناردنی زانیارییەكان.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved