29/12/2018 09:27 AM

فێستیڤاڵی سلێمانی ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ باشترینه‌كانی جیهان

له‌ ھه‌نگاوێكی بێوێنه‌دا فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌بێته‌ نوێنه‌ری فێستیڤاڵی ئۆسكار له‌ ناوچه‌كه‌دا.

دوای ئه‌وه‌ی فێستیڤالی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌ خولی سێھه‌میدا میوانداری (11 فێستیڤاڵ ئۆسكار كوالیفی) كرد‌و له‌‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رجه‌میان له‌نێو فێستیڤاڵه‌كه‌دا سیمناریان سازدا، ھه‌روه‌ھا له‌ خولی سێیه‌مدا توانرا فیلمه‌ زۆر باشه‌كانی دنیای تێدا نمایشبكرێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكارێك كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی ھه‌بێت له‌ جیھاندا.

له‌م خوله‌ی فێستێڤاڵدا یه‌كێك له‌ ستراتیژه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ فێستیڤاڵی سلێمانی ببێته‌ یه‌كێك له‌ فێستیڤاڵه‌ باشه‌كانی دنیا، له‌ورووه‌وه‌ توانرا ئه‌وه‌ به‌ كردار بسه‌لمێنرێت، هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌ری فێستیڤاڵه‌ باشه‌كانی دونیا ئاماده‌یبوون‌ و دادوه‌ریی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ ھه‌ڵسه‌نگێنن.

لای خۆشیه‌وه‌ دانه‌ر عومه‌ر به‌رێوه‌به‌ری هوونه‌ری فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ دوای گفتوگۆ‌و ئاڵوگۆری په‌یوه‌ندیه‌كان و پشتگیریكردنی ئه‌و فێستیڤالانه‌ی كه‌ (ئۆسكار كوالیفای)ن، سه‌پۆرتكردنیان به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی واتای پێگه‌یي بوون به‌جیھانی بوونه‌و لێره‌شه‌وه‌ ئاشكرای ده‌كه‌م فێستیڤاڵی سلێمانی ته‌نها ھه‌نگاوه‌ ئیدارییه‌كانی ماوه‌ كه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌ باشترین فێستیڤاڵه‌كانی جیھان.

وتیشی: له‌ ئێستاشدا ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئۆسكار له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێت بۆ ئاینده‌ی فێستیڤاڵ‌ و پایته‌ختی رۆشنبیری.

هاوكات روونیشیكرده‌وه‌: ھه‌نگاوه‌كانی بوون به‌ نوێنه‌ری ئۆسكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھه‌ر فیلمێكی كورت یان دۆكیومێنتاری له‌ فێستیڤاڵی سلێمانی ببێته‌ باشترین فیلم، ئه‌وا راسته‌وخۆ له‌ ئوسكار ده‌چێته‌ ریزی كاندیدی فیلمه‌كانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات.

خاك - راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی فیلمی نێو ده‌وله‌تی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved