29/12/2018 09:35 AM

تەمەنی خانەنیشی لە وڵاتان چەندە؟

زیادكردنی تەمەنی خانەنشینی ئامرازێكە بەدەست حكومەتەكانەوە بۆ روبەڕووبونەوەی خەرجی هیوای ژیان لەكاتی لەدایكبووندا (گیتی).

فەرمانبەران لە ولاتە جیاوازەكانی جیهاندا چەند ساڵ خزمەتیان پێویستە بۆ ئەوەی خانەنشین بكرێن؟ ئەو گەلانە كامانەن كە ئەو سیستەمە كۆمەڵایەتییەیان نییە، كە فەرمانبەران بتوانن دوای هەڵكشانی تەمەن (موچەیەك) وەربگرن؟

یوری لازوتین نووسەر لە وتارێكیدا كە لە ماڵپەری (fbr)ی روسی بڵاویكردۆتەوەو دەڵێت: تەمەنی خانەنشینی لە ولاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە، لەو وڵاتانەی لە ڕێكخراوی هاریكاری ئابووری گەشەسەندان، تەمەنی خانەنشین بوون بۆ پیاوان 64.3 یە، هەروەها بۆ ژنانیش 63.7ـە.

نووسەر لەو وتارەیدا ئاماژە بەوەشدەكات كاتێك ڕێژەی لەدایكبوون زیاد دەكات، حكومەتەكان ڕوبەرووری حاڵەتێكی قورسی (هەڵئاوسانی دانیشتووان) دەبنەوە، یەكێك لەو چارەسەرانەی دەیگرنەبەر، بەرزكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەرانە، ئەم حاڵەتە لەهەر یەكێك لە وڵاتانی روسیاو ئوستورالیا لەمدوایانەدا روویدا.

-ئوسترالیا:
ئێستا لە ئوسترالیا فەرمانبەران لە تەمەنی 65.5 ساڵدا خانەنشین دەكرێن، بەڵام بە دەستپێكی ساڵی 2023 ساڵانە دوو مانگ بەرزدەكرێتەوە تا دەگاتە 67 ساڵی، ئەوكات خانەنشین دەكرێت.

سكوت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رەتیكردەوە بتوانرێت بە هاتنی ساڵی 2035 جارێكیتر تەمەنی خانەنشینی بەرزبكرێتەوە تا دەگاتە حەفتا ساڵی.

ئەم بەرنامەیە لە ساڵی 2014دا پێشكەشكرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی جەماوەر بەگشتی و ئەو فەرمانبەرانەی كە نزیكبوونەتەوە لە خانەنشینی نەتوانرا پەسەند بكرێت.

-بەریتانیا:
ئێستا لە بەریتانیا فەرمانبەرانی پیاو لە تەمەنی 65 ساڵیدا خانەنشین دەكرێن، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەهێواشی تەمەنی خانەنشینی ژنان لە 60 ساڵیەوە بەرزبكەنەوە بۆ65 ساڵی.

-ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا:
یاساكانی خانەنشینی لە ئەمریكا ئاڵۆزە، بەپێی یاسای حكومەتە فیدڕاڵیەكان ساڵی خانەنشینی بە 65 ساڵی دیاریكراوە، ئەمەش دەمێكە هەر بەوشێوەیە بووە، بەڵام دەربارەی ئەوانەی ساڵی 1938 و بەرەوژوور لەدایكبوون تەمەنی خانەنشینیان 67 ساڵییە.

بەڵام دەربارەی ئەوانەی لەدوای ساڵی 1959 لەدایكبوون، خانەنشینینكردنیان لەدوای تەمەنی 62 ساڵیەوە ئارەزومەندایە، ئەمكارە یاسای ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕێگەی پێداوە، بەڵام خانەنشینكراوەكان موچەی تەواوەتی وەرناگرن.

-روسیا:
روسیا لەم ساڵانەی دوایدا هەوڵێكی زۆریدا بۆ بەرزكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی كە لەماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە.

ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا، پێشنیاری كرد كە تەمەنی خانەنشینی ژنان لە 55 ساڵەوە بەرزبكرێتەوە بۆ 63 ساڵ، هەروەها پیاوانیش لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ.

بەڵام نووسەر ئاماژە بەوە دەكات، لە راپرسیەكەندا دەركەوت كە ئاستی جەماوەری پۆتین دابەزیوە، بۆیە لەو چاكسازیە پەشیمان بووەوە، پێشنیاری كرد تەمەنی خانەنشینی 60 ساڵ بێت.

-توركیا:
ژنان لە توركیادا لە تەمەنی 58 ساڵیدا خانەنشین دەكرێن، ئەمە لەكاتێكدایە كە تەمەنی خانەنشینی پیاوان لە 60 ساڵ زیاترە، بەڵام ئەو كەسەی لەبواری سەربازیدا 25 ساڵ خزمەتی كردبێت، دەتوانێت خانەنشین ببێت، بەمەرجێك پیاوان تەمەنیان 45 ساڵ بێت بۆ ژنانیش 41 ساڵ.

- ئایسلاندەو نەوریج:
نووسەر دەڵێت ئەو وڵاتانەی ئەسكەندەناڤیە تەمەنی خانەشینی ژنان و پیاوانیان وەك یەك دیاریكردووە كە 67 ساڵە، لەگەڵ ئەوەی هیوای ژیان لە ئایسلەندا دەگاتە 82.8 ساڵ، هەروەها لە نەرویج 82.1 ساڵە.

-لیبیا:
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا تەمەنی خانەنشینی لە 65 ساڵیەوە بەرزكردایەوە بۆ 70 ساڵی، بەڵام بەپێی رۆژنامەیەكی لیبیایی ئەم زیادكردنی تەمەنە بە زۆرەملێی نییەو لیبیەكان دەتوانن لە 65 ساڵیدا خانەنشین ببن.

-چین:
ئەو وڵاتە زۆرترین جیاوازی لە تەمەنی خانەشنینی هەیە لەنێوان ژنان و پیاواندا، بە شێوەیەك ژنان دەتوانن لە 50 ساڵی یان 55 ساڵی خانەنشین ببن، بەڵام پیاوان ناتوانن لە خوار تەمەنی  60 ساڵیەوە خانەنشین ببن.

_هندستان:
تەمەنی خانەنشینی لە هندستان تا ڕادەیەكی زۆر تەمەنێكی كەمە، بە شێوەیەك هندییەكانی كەرتی تایبەت  دەتوانن لە تەمەنی 58 ساڵیدا خانەنشین ببن، هەروەها لە كەرتی حكومیشدا تەمەنیان گەیشتە 60 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن.

بەڵام دانیشتوانەكەی ناچار دەكرێت شتێك پاشەكەوت بكەن بۆ تەمەنی پیریان، ئەگەرنا لە تەمەنی پیریدا بێ موچە دەمێننەوە.

_ئیمارات:
هیچ تەمەنێك بۆ خانەنشینی لە ئیمارات دیارینەكراوە، هەركەسێك بیەوێت لە هەركاتێكدا بێت دەتوانێت خانەنشین ببێت، بە مەرجێك 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، واتە كەسێك لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەستی بەكار كردبێ، دەتوانێت لە تەمەنی 50 ساڵیدا خانەنشین ببێت.

_وڵاتانی بێ موچە
نووسەر ئاماژە بەو وڵاتانە دەكات كە هیچ موچەیەكی خانەنشینی نادەن بە فەرمانبەرەكانیان دوای خانەنشین بوونیان، ئەو وڵاتانە بریتین لە تایلاند، نایجریا، تەنزانیا، هندۆراس، عیراق، فلیپین، پاكستان.

نەبوونی ئەم خزمەتە كۆمەڵایەتیە جۆرێك لە نائومێدی دروستدەكات، بە شێوەیەك كە تەنها كەسانی بەتەمەن نائومێد ناكات، بەڵكو تەواوی هێزە كاركەرەكان نائومێد دەكات.


خاك - و/ گۆران قادر
س: لفلی سمایل‌




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved