2/1/2019 03:33 PM

جیاوازیی نێوان زمانی ئاخافتن و نووسین


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


ئاشکرایە، زمانی کوردیی وەک هەموو زمانێکی دیکەی نەتەوەکانی جیهان، لە زمانی ئاخافتن و نووسین پێکهاتووە. زمانی ئاخافتنیش بەپێی شوێن و نێوچە دەگۆڕێ. ئەمەش پێوەندییەکی توندوتۆڵی، بە دیالێکتەکانی زمانی کوردییەوە هەیە. واتە هێندێ جار، لە گوندێکەوە بۆ گوندێ، لە نێوچەیەکەوە بۆ نێوچەیەک، یا لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕێ. کەواتە جیاوازییەکی گەورە، لە نێوان هەردوو زمانی ئاخافتن و نووسیندا هەیە.
هەرچی زمانی ئاخافتنە، زۆر لە پێش زمانی نووسینەوە هەبووە. بۆیە زمانی ئاخافتن، بە بەردی بناغەی زمانی نووسین دادەنرێ. چونکە زمانی ئاخافتن، ئەو زمانە ساکارە خۆڕسکەیە، کە کۆمەڵێکی دیاریکراو پێی دەدوێن، زمانی تێکڕای ڕۆڵەکانی ئەو گەل و نەتەوەیە پێکدێنێ. بەڵام زمانی نووسین، لە زمانی وێژەیی کۆمەڵێکی ئیتنیی تایبەتی پێکهاتووە.
لەبەرئەوە ئەو وێژەیەی دەسڕەنگینەکانی کورد، لە کۆندا بۆیان بەجێهێشتووین، بە زمانی گفتوگۆ نووسراوە و ئەو وێژەیەش بە وێژەی فۆڵکلۆر ناسراوە. (زمانی کوردیی لە وێژەی فۆڵکلۆردا، زۆر دەوڵەمەندە.) چونکە بە هەموو دیالێکت و خواردیالێکتەکانی زمانی کوردیی، (هۆنراوە، چیرۆک، داستان، ئەفسانە، پەندیپێشینان، گۆرانیی و نوکتەمان هەیە. بەڵام زمانی یەکگرتووی نووسین، لە ئەم جۆرە نووسینانە ناچێ و شێوەیەکی یەکگرتووی هەیە، بە زمانی وێژەیی یا زمانی نەتەوەیی … ناودەبرێ.) «1»
گومانی تێدا نییە، (یەکە سەرەکییەکانی هەموو زمانێ، لە پیت، وشە، ڕستە، ئامرازەکانی لێکدەر، پێوەندیی و بانگکردن، نیشانەکانی خاڵبەندیی و بەشەکانی ئاخافتن لە ناو، ڕاناو، ئاوەڵناو، کردار، ئاوەڵکردار و دەنگ پێکهاتوون) «2»
زمانیش لە یەکە پچووکەکانەوە بۆ یەکە گەورەکان دەسپێدەکا. واتە سەرەتا پیت و وشە، پاشان ڕستە دێ. هەرچەندە پیت بە یەکێ لە بنچینە سەرەکییەکانی زمان دەژمێررێ، چونکە بێ پیت نە وشە و نە ڕستە درووست نابن. بەڵام لە زمانی کوردیدا، پیتێ بە تەنیا هیچ جۆرە واتایەک نابەخشێ. بەڵکوو بە دوو پیت و پتر، وشە پێکدێ و واتا دەبەخشێ، وەک (با، کا، پێ، لا، خڕ، فڕ …)
بەپێی ژمارەی ئەو پیتانەی لە درووستکردنی وشەیەکدا بەشداریدەکەن، دوو جۆر وشەمان هەیە: ساکار و ئاوێتە. لەبەرئەوە وشە بە یەکەیەکی سەرەکی ڕستە دادەنرێ. بەڵام ڕستە بە بەردی بنچینەی هەموو زمانێ دەژمێررێ.
زۆربەی وشە لە زمانی کوردیدا، یەک واتایان هەیە، لە هەموو زمانێکیشدا، چەن وشەیەک هەن، پتر لە یەک واتایان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەن وشەیەکی نزیک لە یەکدییەوە هەن، تەنیا بە پنتێ، پیتێ یا بە (٧)ێکی سەر پیت و ژێر پیتەکان، واتاکانیان دەگۆڕێ. بۆ نموونە:
ئەو وشانەی بە گواستنەوەی شوێنی پنتەکان، واتاکانیان دەگۆڕێ، وەک (بەست: نەست. جۆماڵ: خۆماڵ. خوان: جوان. خۆش: جۆش. خۆر: جۆر. خەم: حەم. زیخ: ڕیخ. فوو: موو. قاز: قار…)
ئەو وشانەی بە گواستنەوەی پیتێ، واتاکانیان دەگۆڕێ، وەک (په‌ڕاو: به‌راو. چاو: جاو. زه‌نگ: ڕه‌نگ ده‌نگ. ژیان: زیان…)
هەروەها ئەو وشانەی بە گواستنەوەی (٧)ی سەر پیت و ژێر پیتەکان، واتاکانیان دەگۆڕێ، وەک (بڕۆ: برۆ. پێو (پێوەدان): پیو. تاپۆ (تارمایی یا تاپۆی خانوو): تاپو (کەندووی گەنم هەڵگرتن). تووڵە (تووڵەنەمام): توولە (توولە و تانجی). ته‌ڕ: ته‌ر (تەرەبوون). تێر: تیر. جیڕ: جیر. چۆک: چوک. چۆم: چوم. چۆن: چون (وەک) چوون (ڕۆشتن). خۆر: خوڕ. خۆ: خو. خۆش: خوش. خۆرت (لاو، گه‌نج): خورت (به‌هێز). دڕاو: دراو. دێ: دی (تۆم دی). ڕۆن: ڕون. زێوان (پاسەوانی مەزارگە): زیوان (خۆجوڵاندن). زۆر: زور. ژێر: ژیر. سێر: سیر. سێ (3): سی (30) یا (سی نێو لەشی مرۆ و ئاژەڵ). شێر: شیر. فێڵ: فیل. قاڕ (ئارام، دەنگی بەرزی پەلەوەڕ و پەز): قار (خەم، توورەیی). کڕیار: کریار (کردە). کۆڕ: کوڕ. کۆڵ: کوڵ. گۆڕ: گوڕ. گوڵ: گول. گۆڵ گۆل. گەڵ: گەل. مۆڕ: مۆر. وڕە: ورە. هێڵه‌ک: هێله‌ک.)
بە ئەم نموونانەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، گەر چەن پنت و پیت و (٧)ی سەر و ژێری وشەکان بگۆڕین، واتاکانیان تێکدەچن. بۆیە دەبێ، نووسەرانی کورد، بە زمانی یەکگرتووی نووسین بنووسن، نەک هەر نێوچە و شارێ، بە خواردیالێکتەکەی خۆی بنووسێ. چونکە لە هێندێ نێوچەی وەک (هەولێر، کۆیە، ڕانیە، قەڵادزێ …)، زۆر جار لە قسەکردندا، ئەو وشانە بەتەواوی گۆناکەن، جا گەر بە ئەو شێوەیەش بینووسن، کە دەیڵێن، ئەوا ڕاست نییە!
* نووسەر و مامۆستای زانکۆ
سەرچاوە
1. دوکتۆر کەمال فوواد، زاراوەکانی زمانی کوردیی و زمانی ئەدەبیی و نووسینیان، گۆڤاری زانیاری، ‌ژ 4، بەغدا، 1971.
2. دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، سەلیقەی زمانەوانیی و گرفتەکانی زمانی کوردیی، چ 2، سولەیمانی، 2005.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved