8/1/2019 03:28 PM

با زمانەکەمان بپارێزین!


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*



ساڵی (1983-1984)، لە شاری (کیشینۆڤ) پایتەختی (مەڵداڤیا) لە (یەکێتیی سۆڤێت) دەمخوێند. ئەو کاتە، ئەو شارە تەنیا هەر کورد و عەرەبی کۆمۆنیستی (عێراق)ی تێدا بوو، خوێندکاری (بەعس)ی لێ نەبوو، چونکە لە ئەو شارانەی تێکەڵاوبوو، خوێندکاری (بەعس) و سەر بە پارتەکانی دژی ڕژێمی لێ بوو، گرفتێکی زۆر لە نێوانیاندا ڕوویدابوو، لەبەرئەوە جیایانکردنەوە.
ئەو ساڵە، کۆمەڵێ خوێندکاری کورد و عەرەبی کۆمۆنیست، لە (ئێران) و (سووریا)وە هاتن. لەنێو عەرەبەکاندا، کوڕێکی خەڵکی (بەسرە)ی تێدا بوو، ناوی (ئەحمەد) بوو. بەڵام چونکە چەن ساڵێ لە شاخ پێشمەرگە بوو، ناوی نهێنیی (فەرهاد) بوو، لەبەرئەوە لە (سۆڤێت)یش هەر بە (ئەحمەد فەرهاد) مایەوە و شانازیشی پێوە دەکرد. منیش زۆر تێکەڵاویبووم و زۆربەی کات پێکەوە بووین، چونکە لە یەک بەشی نێوخۆیی خوێندکاران بووین!
ئەم کوڕە گەنجە، کوردییەکی باش فێربووبوو، هەر بە کوردیی قسەماندەکرد. ڕۆژێ لێم پرسی، چۆن فێری زمانی کوردیی بووی؟ گوتی: ئێمە کۆمەڵێ پێشمەرگەی کۆمۆنیستی کورد و عەرەب پێکەوە بووین، بڕیارماندا، خۆمان فیری زمانی کوردیی بکەین، چونکە ئێمە لە شاخ و لە (کوردستان)، لەنێو گەلی کورددا بووین، جگە لە ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی گوندەکان، عەرەبییان نەدەزانی، باشتریش وابوو، ئێمە بە کوردیی لەگەڵیان بدوێین. لەنێو خۆماندا بڕیارماندا، وانەی کوردیی بخوێنین. دوای ماوەیەکیش کەمێ فێربووبووین، بڕیارێکی دیکەی نوێمان دەرکرد، هەر یەکێ وشەیەکی عەرەبیی بەکاربێنێ، دەبێ، (250) فلس سزابدا. ئیدی بە ئەو شێوەیە بەردەوامبوووین، تا زۆربەمان بە کوردییەکی باش قسەماندەکرد.
ئێستە من بیر لە قسەی ئەو هاوڕێیەم دەکەمەوە، لەگەڵ ڕەوشی (کوردستان)دا بەراوردیدەکەم، دەبینم، ئەو عەرەبە کۆمۆنیستانە، گەلێ لە بەرپرسەکانی ئەوڕۆی (کوردستان)، خەمی زمانەکەمانیان خواردووە. هەرچەندە بەرژەوەندیی خۆیان وای خواستووە، فێری زمانی کوردیی بنن!
ئاخر هه‌مووی خه‌تای خۆمانه‌، چونکه‌ نایه‌ڵین، عه‌ره‌به‌کان فێری زمانی ئاخافتنی کوردیی ببن. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌، عەرەبێکی زۆر، لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی (عێراق)ەوە هەڵاتوون، له‌ هه‌موو نێوچەکانی باشووری (کوردستان) نیشتەجێبوون و به‌ خاکی خۆیانی ده‌زانن. لەبەرئەوە نە خۆیان دەیانەوێ، فێری زمانی کوردیی ببن، نە خەڵکی (کوردستان)یش ناچاریاندەکەن، فێری زمانەکە ببن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەو کوردەی عەرەبییش نازانێ، بە عەرەبییەکی شەقوشڕ قسەیان لەگەڵ دەکا، لە بازاڕەکانیشدا، دووکاندارەکان هەم بە عەرەبیی قسەیان لەگەڵ دەکەن، هەم بە کوردیی و عەرەبیی هاواردەکەن، تەنانەت تابلۆی سەر هێندێ شوێنیش، بە عەرەبیی نووسراون. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستیان به‌ ئه‌وه نییه‌، فێری زمانێکی دیکه‌ ببن.
ئه‌گینا هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی لێره‌ ده‌ژین و نایانه‌وێ، کوردیی فێربن‌، گه‌ر بۆ وڵاتێکی دیکه‌ی جیهان بڕۆن، ناچارده‌بن، زمانی ئه‌و وڵاتانه‌ فێربن، که‌ لێی ده‌ژین. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ئه‌و وڵاتانه‌، که‌س به‌ زمانی عه‌ره‌بیی نایاندوێنێ و‌ ده‌بێ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان، فێری زمانه‌که‌ ببن، قسه‌ی پێ بکه‌ن و وه‌ک هاووڵاتییه‌کی ئه‌و وڵاتانه‌ش حسابیان بۆ بکرێ!
زۆر بە داخەوە، هێندەی کورد هەستی نەتەوەیی لاوازە، هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا، هێندە هەستی نەتەوەیی لاواز نییە. بە تایبەتی ڕۆڵەکانی ئەم سەردەمە، بیر لە هیچ شتێ ناکەنەوە، خەمی نەتەوە و نیشتمان، زمان و وێژەی کوردییان نییە. ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه‌، هه‌ر وابووه‌،‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی بیانییپه‌رستبووه‌، بۆیە ئەوەتەی هەین، ژێردەسین و هیچمان بە هیچ نه‌کردووه، گەر کاریش وا بڕوا، بە هیچ نابین!‌!
بێگومان، گەر دوو نەتەوەی سەردەست و ژێردەست، لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتیکی یەکگرتووی هاوبەشدا ژیان، نەتەوەی ژێردەس دەبێ، پتر خەمی زمانەکەی بێ، بە هیچ شێوەیە نەهێڵێ، لاوازبێ، بەڵکوو دەبێ، زیاتر بایەخی پێ بدا و ڕاژەیبکا، تا پتر ببووژێتەوە و گەشەبکا، چونکە زمان بە کۆڵەکەیەکی هەرە گرنگی نەتەوە دادەنرێ.
لە ئەو بارەیەوە ڕەوانشاد (جەلادەت بەدرخان) باشی بۆ چووە، ساڵی (1932) فەرموویەتی: (نەتەوەی ژێردەس، بوونی خۆی بە دوو شت، بە دوو چەک دەپارێزێ، ئایین و زمان، گەر ئایینی هەردوو نەتەوەی سەردەس و بندەس یەکبێ، ئەوا زمان تاکە چەک دەبێ) *
ئەز جەرگم بۆ باری زمان و وێژەی نەتەوەکەم ژاندەکا، چونکە زمانە شیرینە ڕەنگینەکەم، نەتەوە چەوساوە ژێردەسەکەم، نیشتمانە داگیرکراوە خۆشەویستەکەم، لە هەموو زمان و نەتەوە و نیشتمانێکی دیکەی ئەم جیهانە، خۆشتردەوێ، بۆیە خەمی بۆ دەخۆم!
* بۆبی ئەسەر، ئەمڕۆ پێویستمان بە چی هەیە؟ گۆڤاری بەربانگ، ژمارە 87، ساڵی 12، ستۆکهۆڵم، 1993، ل 45.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved