9/1/2019 09:54 AM

نرخ و جۆری خزمەتگوزاری لە سیتییەكان پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت‌

لیژنەیەك بەدواداچوون بۆ رێكخستنەوەی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش بە نیشتەجێبووانی سیتیەكان دەكرێت دەكات،  سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت، بەپێی پێوەرو ئاستی باشی خزمەتگوزارییەكان نرخەكان دیاری دەكرێتەوە.

ڕۆژى 8-1-2019 لە دیوانی قائیمقامیەت، ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری سیتیەكان كۆبووەوە، كە لە نوێنەری فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان پێكهاتووە، بە مەبەستی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری و نرخەكانیان لە سیتیەكان‌.

پاش كۆبونەوەكە سۆران عەبدول غەفور سەرۆكی لیژنەی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری و سیتیەكان رایگەیاند: لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی جۆرو ئاستی خزمەتگوزایەكان لە سیتیەكانداو نرخەكەی پێكهێنراوە كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێشكەش بە نیشتەجێبوانی سیتیەكان دەكرێت. 

وتیشی: لیژنەكە لە كەسانی پسپۆڕی چەند بەڕێوەبەرایەتییەك پێكهاتووه، كە بریتین لە نوێنەرەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا، وەبەرهێنان، ئاسایشی ئابوری، چاودێری بازرگانی، كە كارى سەرەكیان پێداچونەوەیە بە ئاست و نرخی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش دەكرێت، تا كەموكورتییەكان چارەسەر بكەن و كۆمپانیاكانیش بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە نیشتەجێبوانی سیتیەكان بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو، كۆبونەوەیەكی گشتگیرتر دەكرێت بۆ دیاریكردنی جۆری ئەو خزمەتگوزاریانە كە پێویستە لە یەكەی سیتیەكاندا پێشكەش بە هاووڵاتی و نیشتەجێبوانی ئەو شوێنانە بكرێت، تا لیژنەكە خاڵەكان بخاتە بەرنامەی كاری لیژنەكەوە، وەبەرهێنەكانی پابەند بكرێن لە چارەسەری كەموكورتییەكانیان.

وتیشی: دوای ئەوەی جۆرو نرخی خزمەتگوزاریەكان دیاریكرا، ئەو كۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری لە سیتیەكان پێشكەش دەكەن پابەندبوون بە ئەو جۆرو نرخەی لەلایەن لیژنەكەوە دیاریكراوە، كارەكە دەدرێتەوە بە هەمان كۆمپانیا، هەر كۆمپانیایەكیش پابەند نەبوو بەو نرخە لەڕێی تەندەرەوە دەدرێت بە كۆمپانیایەكی تر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ ئاگاداربوونیش لە ئاست و كوالێتی و نرخی خزمەتگوزاریيەكان بە شێوەیەكی بەردەوام و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوه سەردانی سیتیەكان دەكرێت و‌ لە هەبوونی كەموكورتی كۆمپانیاكان روبەرووی رێكاری یاساییان دەكاتەوە.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved