10/1/2019 09:33 AM

د.یوسف: پڕۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای توانای تاكەكان دابڕێژرێت

بە ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د.شێرزاد نەجار ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری خوێندنی باڵاو ڕاوێژكاران و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان و ڕاگری كۆلێژەكانی پەروەردەو بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی ڕێگەكانی وانەوتنەوە، وۆركشۆپی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو.

لەو وۆركشۆپەدا كە لە هۆڵی كۆبونەوەكانی هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا ئامادەبووان ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان بێدەنگیان نواند، پاشان چەند وتارێك پێشكەشكرا.

سیستمی وانەوتنەوە بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردوو هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە
لە سەرەتادا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد، لەو چوارچێوەیەداو لە سەرەتای وتارەكەیدا بەگرنگیەوە باسی لە بەستنی وۆركشۆپەكە كردو وتی: لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٥) دەستمان بە گفتوگۆیەكی زانستی كراوە كرد دەربارەی ڕێگەكانی فێركردن و وانەوتنەوە لەنێو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، ئەوكات ژمارەیەكی بەرچاو فیدباكی بەشداربوانی خولی ڕێگەكانی وانەوتنەوەمان بەدەستگەیشتبوو، لەهەمانكاتدا داتاو زانیاری وردمان دەربارەی گۆڕانكاریی و میتۆدەكانی پێداگۆجی لەسەر ئاستی جیهان لەبەردەستدا بوو.
وتیشی: خاڵی سەرەكی فیدباكی ناوخۆیی بریتیبو لە (شكستی) سیستمی پێداگۆجی تەقلیدی لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان، كە خۆی لە خەسڵەتێكی پاسیڤ دادەبینیەوەو، بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردوو هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتوە.
وتیشی: مامۆستا (لەجیاتی خوێندكارو قوتابی) هێشتا هەر چەقی پرۆسەی خوێندن و فێركردنە، سیستمی خوێندمان نەیتوانیوە وەك پێویست دونیا بینی نەوەی نوێ فراوان بكات و ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی بیركردنەوەو ڕەخنەگرتن داهێنان و كارسازی و پێكەوەیی بخولقێنێت، پەیوەندیمان بە كایەكانی كۆمەڵگەو پێداویستییەكانی بازاڕو گەشەكردنی ئابوری وڵاتەكەمان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نییە، لەبری داهێنان و دیبەیتی بونیادنەرانە هێشتا لە ژمارەیەك لە زانكۆكانمان بە ئاڕاستەی تۆخكردنەوەی كەلتوری مەلزەمە هەنگاو دەنێن.

یەكەمین پرۆژەشمان لە (ڕیفۆرمی پێداگۆجی) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەش، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە كارنامەی وەزارەتەكەی بۆ ئەو بوارەی خوێندنی باڵا كردو ڕاگەیاند: یەك ساڵ پێش ئێستاو لە مانگی (١/٢٠١٨)دا وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیمان ناردە وڵاتی فنلاند.
وتیشی: فینلاند یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتوەكان، لەو سەردانەدا ژمارەیەك زانكۆو دامەزراوەی زانستی و ئەكادیمی ئەو وڵاتە بەسەركرانەوەو لە كۆتاییشدا گفتوگۆیەكی زانستی و وردیان لەگەڵ كاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی فنلاند ئەنجامدابوو، ڕوونیشكردەوە دوای گەڕانەوەی وەفدەكەی وەزارەت ژمارەیەك لە زانكۆكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای فینلاند ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
وتیشی: بە سوپاسەوە دەرگای دەستپێكردنی پڕۆژە زانستی و ستراتیجییەكانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە كردەوە، یەكەمین پرۆژەشمان بریتیبوو لە (ڕیفۆرمی پێداگۆجی) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
ڕوونیشیكردەوە ئەوە یەكەم پڕۆژەیە، بەڵام كۆتا پڕۆژەیە نابێ بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە ئەزمونی سەركەو‌تویان هەیە، ئەوەشی ڕاگەیاند: یەكێك لەو كارانەی كە دەبێ كاری لەسەر بكەین ئەوەیە چەندە خوێندكاران و كەسوكاریان و كۆمەڵگە متمانەیان بەئێمە هەیه.

گەشەكردنی تەكنۆلۆجیاو دەرفەت و پێداویستییەكانی بازاڕی كار گەلێك گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە
لە تەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە گرنگی پێداگۆجی لە زانكۆكان كردو ڕایگەیاند: پیداگۆجی مانای هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و كارامەییە لە كۆنتێكستێكی پەروەردەییداو، هەمو ئەو كاركێكانە دەگرێتەوە كە لە پرۆسەی فێربوندا ئەنجامدەدرێن.
ئەوەشی ڕاگەیاند كە (پێداگۆجی) لەژێر كاریگەری گۆڕانكارییە ڕۆشنبیری و ئابوریەكانی سەدەی بیست و یەك و گەشەكردنی تەكنۆلۆجیاو دەرفەت و پێداویستییەكانی بازاڕی كار گەلێك گۆڕانكاری بەسەرداهاتوە، وڵاتی فینلاند لەسەر ئاستی جیهان لە پێشەنگی ڕیفۆرمی (پەروەردەیی و پێداگۆجی)دان، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: خاڵی بنەڕەتی ڕیفۆرمی پەروەردەیی هەر نمونەیەكی پێشكەوتوی پێداگۆجی بریتییە لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و كارامەیی پێداگۆجی مامۆستایان و پێدانی ئازادی و ئۆتۆنۆمی بە ناوەندە پەروەردەییەكان بۆ ئەوەی خۆیان لەبواری فێركردندا دەستكراوە بن و هەمیشە دەرفەتی داهێنان و تازەكاری لەبەردەمیاندا ئاوەڵا بێت.

دەبێت پرۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای تواناو پۆتێنشیاڵی تاكەكان دابڕێژرێت
سەبارەت بەئەزمونی سەركەوتوی وڵاتی فینلاند، د.یوسف گۆران ڕونكردنەوەی زیاتری لەبارەی سیستمی ئەو وڵاتەدا وتی: لە سیستمی پەروەردەی فینلاندا قوتابی و خوێندكار لە سێنتەری پرۆسەی پەروەردەو فێركردندان، (متمانە)... ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و حكومەت و كۆمەڵگە متمانەیان بە كواڵیتی پرۆسەی خوێندن و فێركردن هەیە.
وتیشی: یەكێك لە جوانترین خەسڵەتەكانی  فیركردن لەم سیستمە بریتییە لەو كۆنسێپتەی كە هەر منداڵێك یان گەنجێك  (توانایەكی تایبەت و ناوازەی هەیە)، بۆیە دەبێت پرۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای تواناو پۆتێنشیاڵی تاكەكان دابڕێژرێت، واتا هەر تاكێكی كۆمەڵگە لە پرۆسەی فێربوندا ڕێچكەی فێربونی تایبەت بە خۆی هەیەو مامۆستایان و سیستمی پەروەردە دەبێت ببنە  ڕێخۆشكەر لەبەردەم گەشەكردنی توانای یەكە بەیەكەی تاكەكاندا، واتا سیستمی پەروەردە دەبێت متمانەی بە توانای ناوازەی یەكە بەیەكەی تاكەكانی كۆمەڵگە هەبێت و هەلی دەركەوتن و گەشەكردنی ئەو توانایانە بڕەخسێنێت.

هەموو خوێندكارێك دەبێت بەشداربێت لە كارێكی داهێنەرانە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ گرنگی پرۆسەی خوێندن و فێركردن و لەوبارەیەوە وتی: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای  (فێربون و بیركردنەوەی داهێنەرانەو كارسازی) دابڕێژرێت، هەموو خوێندكارێك دەبێت بەشداربێت لە كارێكی داهێنەرانە كە خزمەت بە چارەسەركردنی پرس و گرفتەكانی سێكتەرەكانی كۆمەڵگەو بزنس و كەرتی پیشەسازی بكات.
د.یوسف گۆران جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە دەبێت هەوڵبدەین پرۆسەی خوێندن بەتەواوەتی لەگەڵ كۆمەڵگەو بزنس و كەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێكەوە گرێدراو بن، وتیشی: پرۆسەی فێربون لە سەدەی بیست و یەكدا پڕۆسەیەكی داینەمیكەو تەنها لە ژورەكانی پۆلدا قەتیس نابێت، بەڵكو دەبێت هەمو سوچێكی كۆمەڵگە وەك ژینگەیەكی پەروەردەیی بۆ خوێندن و فێركردن بەكاربهێنرێت.

ساڵی ڕابردوو یەكەمین گروپی مامۆستایانی زانكۆ ڕەوانەی فینلاند كران
لە تەوەرێكی دیكەی وتارە گرنگەكەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە وردەكارییەكانی ئەو پرۆگرامەكە كرد كە لەگەڵ زانكۆیەكی فینلاندی ئەنجامیاندا بۆ ڕیفۆرمكردن لەبواری پێداگۆجی بۆ ئەوەش وتی: لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنانەی كە هەمانە لە مانگی نیسانی (٢٠١٨) ڕەشنوسی درافتی یەكەمین پرۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆی هامك (HAMK) بە ناونیشانی (Pedagogical Training for Teachers professional Development) داڕێژرا.
وتیشی: لەو چوارچێوەیەدا توانیمان (٣٣) مامۆستا لە (١٧) زانكۆی هەرێمی كوردستانەوە بنێرینە فینلاند بۆ بەشداری لە پڕۆگرامی (ڕاهێنانی پێداگۆجی)، ڕونیشیكردەوە كە پرۆگرامەكە دوو بەشی سەرەكی لەخۆدەگرێت:

بەشی یەك: بریتیبو لە ڕاهێنانی ئەو (٣٣) مامۆستایە لەسەر پرانسیپەكانی پێداگۆجی مۆدیرن و ئامادەكردنیان بۆ سەركردایەتیكردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە هەرێمی كوردستان، لەم ڕاهێنانەدا بەگشتی تەركیز لەسەر كۆنسێپتە نوێیەكانی پێداگۆجی مۆدێرن كراوە بەتایبەت:
• Student Centered Approach
• Innovative Pedagogical Method
• Competence Based Curriculum
• Entrepreneurship and Innovation
• University Business cooperation

بەشی دوو: ئەو مامۆستایانەی بەشداری ئەم پرۆگرامەیان كردوە لەدوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان هەم پرۆگرامی نوێی پێداگۆجی بۆ هەرێمی كوردستان دادەڕێژن، هەمیش ڕاهێنان بە مامۆستایانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ مەبەستی گواستنەوەی ئەو كۆنسێپتە نوێیانەو دەستپێكردنی پرۆسەی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

سەرباری ئاستەنگیەكان، قۆناخی یەكەمان بەسەركەتوی جێبەجێكرد
سەبارەت بەئەنجامی ئەو پڕۆگرامە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: قۆناخی یەكەممان تا ڕادەیەكی زۆر بە سەركەوتویی تەواوكرد، ئەو (٣٣) مامۆستا توانیان بۆ ماوەی (دو هەفتە لە ناوەوەی هەرێم) و (٦ هەفتە) لە فینلاند بە سەركەوتویی بەشداری كۆرسەكە بكەن و خۆیان بۆ قۆناخی دوەمی پرۆسەكە ئامادەبكەن.
وتیشی: شانازی دەكەین كە توانیمان سەرباری هەمو ئاستەنگەكان ئەم پرۆسەیە بەسەركەوتویی بەڕیبكەین، بەتایبەت ئەمجارەیان پرسی ڤیزا گرفتێكی گەورەبوو، ئەوەش بەهۆی نەبونی كونسڵگەری فینلاند لە هەرێمی كوردستان، ناچاربوین مامۆستایان دوو جار بنێرینە ئەنكەرە جاری یەكەم بۆ پێشكەشكردنی داواكاری وەرگرتنی ڤیزاو جاری دوەمیش بۆ وەرگرتنەوەی ڤیزاكانیان، خۆشبەختانە توانیمان هەموویان بگەیەنینە شوێنی خوێندنەكەیان.
وتیشی: ئەمڕۆ هەمو كاندیدەكان لەم وۆركشۆپەدا باس لە ئەزمونی خۆیان دەكەن و ناوەرۆكی پرۆگرامی نوێی پێداگۆجی دەخەنە پیش چاومان، هیواشی خواست بە گفتوگۆیەكی زانستی كراوە بتوانن تیگەیشتنی تەواو دروستبكەن و ئامادەكاری بۆ دەستپێكی پرۆگرامی ڕیفۆرمی پێداگۆجی بكەن.

لەو پڕۆگرامەدا، كۆمەڵێك دامەزراوەی ئەكادیمی و زانستی هەماهەنگ بون
لە بەرامبەر بەسەركەوتویی بەڕێوەچونی ئەو كۆرسەدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاسی تایبەتی زانكۆی هامك كردو وتی: بەڕاستی نمونەیەكی بەرزو ناوازەی پرۆفێشناڵیزم و ئاستێكی بەرزی زانستی و ئەكادیمیان نیشانداین، ئێمە لێرەوە دەستخۆشیان لێدەكەین، سوپاسی تایبەتی یەكە یەكەی بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆگرامەو ئەو مامۆستایانەی زانكۆی هامك دەكەین، كە لەم پڕۆژەیەدا بەشداربون.
وتیشی: زانكۆی هامك فیدباكی خۆیان لەسەر پرۆگرامەكەو یەكە بەیەكەی بەشداربوانی كۆرسەكە ئامادەكردوەو بە شیوەیەكی فەرمی پیشكەشی وەزارەتی دەكەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی بەشداربوی كۆرسەكەی كرد كە ماندونەناس و لەخۆبوردوبون، وەك (قوتابی/ خوێندكار) ماوەی مانەوەیان لە شاری (هامێلینا) بەسەربرد، لەهەمانكاتدا د.یوسف گۆران سوپاسی تایبەتی سپۆنسەرەكانی پرۆگرامەكە كرد كە جگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرسێ زانكۆی (لوبنانی فەرەنسی، گەشەپێدانی مرۆیی و نەورۆز) بەشداربون لە دەستەبەركردنی لایەنی دارایی پڕۆژەكە.
وتیشی: ئەم هەنگاوە یەكەمین مۆدێلی (Public Private Partnership)ە لەبواری خوێندنی باڵا كە تیایدا هەردو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هەماهەنگی دەكەن لە سپۆنسەركردن و سەرخستنی بەرنامەیەكی نیشتیمانی هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

پڕۆژەی ستراتیجی لە ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا جێبەجێ دەكرێ
سەبارەت بەكارنامەی داهاتوی وەزارەتەكەی، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەرنامەكانمان لەگەڵ زانكۆی هامك و زانكۆكانی دیكەی فینلاند بەردەوامدەبێت، ڕاشگەیاند: هەر لە بەرنامەی ڕیفۆرمی پێداگۆجی دەمانەوێت لە ساڵی (٢٠١٩)دا لانی كەم سێ گروپی دیكەی مامۆستایان بنێرین، هەروەها گفتوگۆمان ئەنجامداوە لەگەڵ دامەزراوەی (ئارێنێ) و (فین ئێك) و ژمارەیەك زانكۆو دامەزراوەی ئەكادیمی فینلاند، كە پڕۆژەی ستراتیجی لە ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا جێبەجێ بكەین و هەوڵبدەین ئەم هەنگاوانە ڕیفۆرمی كەرتی پەروەردەش بگرێتەوە.

لەمەودوا دەبێ قوتابی و خوێندكار دەكرێنە سێنتەری پرۆسەی فێركردن
لەكۆتایی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هیوای خواست هەمو ئەو كۆنسێپتانەی كە لەم پرۆگرامەدا باسدەكرێن بە تیگەشتنی قوڵەوە بخەینە بواری پراكتیزەكردنەوەو سود لە ئەزمون و توانای وڵاتی فینلاندو ئەم مامۆستا ئازیزانە وەربگرین كە ڕاهێنانیان لەو وڵاتە ئەنجامداوە.
ڕاشگەیاند: لەمەودوا دەبێ قوتابی و خوێندكار بكەینە سێنتەری پرۆسەی فێركردن و بواری داهێنان و كارسازی زیاتر برەخسێنینن، وتیشی: دەبێ زانكۆكانمان زیاتر ببەستینەوە بە بازاڕی كارو سێكتەرەكانی كۆمەڵگەو بزنس و پیشەسازییەوە، هەمو جێگایەكی ئەم كۆمەڵگەیەمان بكەینە ژینگەیەك بۆ خوێندن و فێربون و داهێنان و ئەفراندن.

پڕۆگرامی پێداگۆجی لە فینلاند چەند تەوەرێكی لەخۆگرتبو
پاشان وتاری (Maaret Viskari) بەرپرسی پەروەردەی جیهانی لە زانكۆی (Hamk)ی فینلاندی خرایەڕو.  لە وتارەكەیدا باسی لە بیرۆكەو گەڵاڵەكردنی پڕۆگرامەكەو دواتر جێبەجیكردنی پڕۆژەكە كرد، وتیشی: پرۆگرامە چەند تەوەرێكی لەخۆگرتبو كە تیایدا ڕۆژانه لە وڵاتی فینلاند بەشێوەیەكی پراكتیكی ڕاهێنان بە بەشداربوانی خولەكە دەكراو لەلایەن ستافێكی كارامەوە بەنوێترین میتۆدەكانی پێداگۆجی ئاشنادەكران. 

ئەزمونی وانەوتنەوە لە زانكۆكانی وڵاتی فینلاند
لە بەشێكی دیكەی ئەو وۆركشۆپەدا، چەند تەوەرێكی جیا سەبارەت لایەنەكانی پیداگۆجی پێشكەشكران، لەوبارەیەوەو لە تەوەری یەكەمدا لەلایەن (د.محمد صدیق لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، د.ئاراس قادر لە زانكۆی پۆلیتەكینكی هەولێرو د.توانا عبدالرزاق لە زانكۆی كۆمار) باس لە ئەزمونی وانەوتنەوە لە زانكۆكانی وڵاتی فینلاند كرا.

هەشت مۆدێل و پڕۆگرامی پێشنیازكراو بۆ خولی پێداگۆجی
لە تەوەری دوەمدا، لەلایەن (د.كارمەند حەمەد لە زانكۆی سۆران، د.موئەید محمد لە زانكۆی نەورۆز، د.ستار جەبار لە زانكۆی زاخۆ، د.ئەحمەد عومەر لە زانكۆی گەشەپێدان، د.نازدار عزالدین لە زانكۆی هەولێری پزیشكی، د.نەبەز نەوزاد لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، د.ڕێژین هارون لە زانكۆی سلێمانی، د.ئەسعەد محمد لە زانكۆی گەرمیان، د.توانا حەمید لە زانكۆی چەرموو، د.موصعەب سەلمان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك، د.ئەیسەر عبدالخالق لە زانكۆی سلێمانی، د.علا‌والدین خەلیل لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.عەباس بورهان لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر، د.محمد ئیبراهیم لە زانكۆی دهۆك، د.ئەمین عبدالقادر لە زانكۆی دهۆك، د. شاكر حسن زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك، د.حسین عەلی لە زانكۆی نەورۆز و د.هاوكار محی الدین لە زانكۆی ڕاپەڕین) باس لە هەشت مۆدێل و پڕۆگرامی پێشنیازكراو بۆ خولی پێداگۆجی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا.

كۆمەڵێك پێشنیاز گەڵاڵەكران
لە بەشی سێیەمی وۆركشۆپەكەدا، لەلایەن (د.محمد عەلی لە زانكۆی سۆران، د.كاروان عەلی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.ڕەمەزان مصگفی لە زانكۆی زاخۆ، د.كاروان وەسمان لە زانكۆی سەڵاحەددین/ هەولێر، م.ئەژین مصگفی لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و د.عومەر مەحمود لە زانكۆی گەرمیان) وەڵامی پرسیاری ئامادەبوان درایەوەو گفتوگۆی ورد لەسەر تەواوی تەوەرەكانی وۆركشۆپەكەدا كرا، بەگەڵاڵەكردن و خستنەڕوی چەند ڕاسپاردەیەك كۆتایی بەوۆركشۆپەكە هات.


خاك - بەرێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved