14/1/2019 02:13 PM

چەند شیعرێکی لۆرکا

 

بە وەرگێڕانی : ئازاد بەرزنجی

شاعیری ئیسپانی فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا (١٨٩٨-١٩٣٦) بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێ. ئەو خۆی کە لە غەرناتە لەدایک بووبوو، عاشقی شارەکەی و عاشقی ئازادی و شکۆی مرۆیی بوو و تا سەر ئێسقان ئینساندۆست بوو. یەکێک بوو لە شاعیرە چالاکەکانی نەوەی ٢٧. هەڵبەتە لۆرکا لەگەڵ ئەوەدا کە شاعیر بوو، شانۆنووسێکی مەزن و نیگارکێش و هەروەها پیانۆژەن و گیتارژەنێکی کارامەش بوو. لۆرکا لە ساڵی ١٩١٦ەوە دەستی بە نووسینی شیعر کرد و تا ئەو شەوەی لە شەڕی ناوخۆدا و لەسەر دەستی فاشیستە فرانکۆییەکان کوژرا، هەر شیعری چڕی و لەو تەمەنە کورتەیدا خاوەنی چەندان دیوانە شیعرە. ئەوە بوو لە مانگی ئۆگەستی ١٩٣٦ دا کە لە مەدریدەوە گەڕایەوە بۆ غەرناتە، کودەتاچییەکانی سەر بە جەنەراڵ فرانکۆ چوون و لە ماڵی هاوڕێیەکیدا کە شاعیر لویس ڕۆزالیس بوو دەسگیریان کرد و پاشان بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگری کۆمارییەکانە، شەوی ١٨ ی ئۆگەست بردیان بۆ شوێنێکی نزیک لە "ڤیزنار"ەوە و لەوێ گوللەبارانیان کرد.

ئەمەش وەرگێڕانی چەند شیعرێکێتی، پێشکەشە بە ئێوە و بە هەموو شیعردۆست و ئینساندۆستێک.

لە کتێبی"هەموو شەوێک وەرە بۆ لام"ەوە هەڵبژاردەیەک لە شیعری جیهانی

"ماڵئاوایی"

ئەگەر مردم
با تارمەکە لەسەر پشت بێ
مناڵێ پرتەقاڵ ئەخوا
( لە تارمەکەوە چاوم لێی ئەبێ)
پاڵەیەک دروێنە ئەکا
( لە تارمەکەوە گوێم لێی ئەبێ)
ئەگەر مردم
با تارمەکە لەسەر پشت بێ

"گوناه"

ئای چەند خۆشە
کە گوناهەکانمان دیار نین
دەنا ناچار بووین گشت ڕۆژێ
پاک پاک بە ئاو خۆمان بشۆین
یان ئەبووایە
لەبەر بارانا .. بژیاینایە
دیسانەوە .. ئای چەند خۆشە
کە درۆکانمان ڕوخسارمان ناشێوێنن 
دەنا بۆ تاقە ساتێکیش 
کەس کەسی نەئەناسییەوە
سوپاس بۆ ئەو میهرەبانییەت.. خودایا!

"خۆشیی پڕخەم"

خەمناکترین خۆشی ئەوەیە
کە شاعیر بی
ئیدی
بەهای نییە.. خەمی دی
تەنانەت مەرگیش.

"گوڵ"

درەختەکە لەتاو باران
ڕاکشا و دەستی کرد بە گریان
وای.. لە سیحری تریفەی مانگ
چۆن خەوتووە لەسەر ڕووی لق و گەڵاکان!

"بێ چاوی من"

گیانەکەم تۆ بێ چاوی من
ناتوانی ئەو جوانییەی مانگ بەدی بکەی
بێ لێوی من 
ناتوانی تامی شەراب و ماچیش بکەی
بێ دڵی من
تۆ مردوویەکی و هیچی تر
کاتێ وشەکان گیانیان دا
قووڵایی ئاوێنەکانت
بەهایان چی ئەبێ ئیتر؟

"کتوپڕییەک"

لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.
گڵۆپەکە چۆن هەڵئەلەرزی
ئای دایە..
چۆن هەڵئەلەرزی
گڵۆپی سەرشەقامەکە!
سپێدە بوو
کەس تەماشای چاوی نەکرد
کە بە ڕووی هەوا ساردەکەدا ئەیانڕوانی
لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.

"گیتار"

کاتێ گیتارەکە ئەگری
جامی سپێدە وردوخاش ئەبێ
کاتێ گیتارەکە ئەگری
بێهوودەیە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
مەحاڵە کە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
پەیدەرپەی ئەگری
هەروەکو ئاو
هەروەکو با
کە لە کلووی بەفر ئەدا
زۆر ئەستەمە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
ئەو بۆ گەلێ شتی دوور ئەگری
بۆ لمە داخەکانی باشوور
کە تینووی گوڵەکامیلیای سپین
بۆ تیری بێ ئاکام دەرچوو
بۆ شەوانی بێ کازیوە
بۆ یەکەم چۆلەکەی مردووی سەر لقەکان
ئاه.. ئەی گیتارەکە
ئەی دڵی بە پێنج شمشێر تا مەرگ.. زامدارەکە

"کەڵکەڵە"

لەودیو هەر ئاوێنەیەکەوە
ئەستێرەیەکی مردوو هەیە
لەگەڵ پەلکەزێڕینەیەکی مناڵی خەوتوودا.

لەودیو هەر ئاوێنەیەکەوە
ئارامییەکی ئەبەدی هەیە
لەگەڵ هێلانەیەکی بێدەنگی
کە هێشتا باڵی نەگرتووە.

ئاوێنە کانییەکی مۆمیاکراوە
وەکو سەدەفی ڕووناکی
شەوان
بە ڕووی خۆیدا داخراوە.

ئاوێنە دایکی ئاونگە
ئەو کتێبەیە کە شەفەق ڕاڤە ئەکا
ئەو سەدایەیە کە بووە بە گۆشت.

"لەبارەی خۆشەویستیی بێ هیواوە"

شەو نایەوێ بێت
تا تۆ نەیەیت و 
منیش نەتوانم بێم.

بەڵام من هەر دێم
تەنانەت گەر دووپشکی خۆریش 
بە لاجانگەکانمەوە بدات.

بەڵام تۆ هەر دێی
بە زمانێکەوە کە ئەبرژێتەوە 
بە دڵۆپەبارانی سوێر .

ڕۆژ نایەوێ بێت
تا تۆ نەیەیت و 
منیش نەتوانم بێم.

بەڵام من هەر دێم
گوڵەمێخەکی پێوەدراوم ئەدەم بە بۆقەکان

بەڵام تۆ هەر دێی
بە ڕێچکە تاریکەکانا.
نە شەو و نە ڕۆژ نایانەوێ بێن
تا من لە تاو تۆ بمرم
تا تۆ لە تاو من بمری.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved