جه‌مالی ده‌لاك له‌سه‌ره‌تادا له‌به‌ر گرنگی و پڕبایه‌خی ئه‌و وته جوان و به‌نرخه‌ی كاك (ڕه‌حیمی لوقمانی) شاعیر كه ده‌فه‌رموێت (هه‌ركه‌س ده‌نگ و ئاوازی حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌یهه‌ژێنێ و كاری تێنه‌كا ، له‌كوردبوونی خۆی گوماندار بێت) (1) ده‌ست پێبكه‌م ،له‌ساڵیادی هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك و ده‌گمه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له دوای 46 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دواییدا ، هێشتا ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی پێشه‌نگه‌و هه‌میشه له‌لوتكه‌دایه ، ئافه‌رین بۆ ئه‌و ژینگه‌و سرووشته‌ی كه هونه‌رمه‌ندێكی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی تێدا ژیاوه‌و په‌روه‌رده بووه ، هونه‌رمه‌ندێك نه‌خوێنده‌وار به‌ڵام له‌ڕووی زانستی موزیك و گۆرانییه‌وه به مامۆستا ناوببرێت له‌كاتێكدا زیره‌كی نه‌خوێنده‌وار بێ مامۆستا و بێ ڕاهێنه‌ر فێری ئه‌و هونه‌ره به‌رزه پڕ به‌خششه بووه ، هه‌رئه‌و خه‌سڵه‌ته به‌رزه هونه‌رییه‌ی زیره‌كه شیاو شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه پسپۆران و شاره‌زایانی بواری موزیكی كوردی زیاتر خوێندنه‌وه له‌سه‌ر توانا هونه‌رییه‌كانی زیره‌ك بكرێت ، هه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌خوێنده‌واره‌یه كه ئه‌مڕۆ هونه‌ره‌كه‌ی بۆته قوتابخانه ( دوای خۆی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان هه‌تا ئێستاش له‌سه‌ر سفره‌ی ڕه‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌ندی حه‌سه‌ن زیره‌ك نانی ئاواز و وشه ده‌چڕن و ده‌سته‌مۆیی گۆرانییه‌كانی زیره‌كن ) (2) . زۆر جاران كه باس دێته سه‌ر هونه‌ر و كه‌سایه‌تی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، زۆركه‌س به‌داخه‌وه نه‌زانانه باس له‌هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت ده‌كه‌ن له‌ژیانی هونه‌ری زیره‌كی نه‌مردا، ده‌یانه‌وێت ژیانی له‌كه‌دار بكه‌ن به‌ڵام خۆشبه‌ختانه لایه‌نی هونه‌رو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ی له ئاواز‌و وشه‌و گۆرانی كوردی ئه‌وه‌نده به‌رزه به‌هێنده‌ی كێوه سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان و له‌هونه‌رو كه‌سایه‌تی زیره‌ك كه‌م ناكاته‌وه، به‌ڵكو ڕۆژ به‌رۆژ هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كشێ و ده‌نگی نوێ ده‌بێته‌وه ، یان ده‌گوترێت تا مه‌ی نه‌خواردبێته‌وه گۆرانی بۆ نه‌وتراوه و به‌رده‌وام سه‌رخۆش بووه ، ده‌ی باشه حه‌سه‌ن زیره‌ك زاده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه نه‌بووه ، خاوه‌نی هه‌ست و سۆز‌و دركی به‌ئازاره‌كانی ژیان نه‌كردووه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌سته مرۆییانه‌ی زیره‌ك نه‌بوایه ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه هونه‌ریانه ده‌خوڵقا، كه‌واته (حه‌سه‌ن زیره‌ك كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌یه ، ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌كانی ژیانی به‌ره‌نج و زه‌حمه‌ت ته‌نراوه ، له‌گه‌ڵ خه‌م و مه‌ینه‌ته‌كانی ژیان دوانه بووه ، چۆن ده‌بێ كێوێك له‌ده‌ردو خه‌م و زه‌حمه‌تی ژیانت له‌سه‌ر شان بێ په‌نا بۆ مه‌یی و گۆرانی نه‌به‌ی …! گۆرانی بۆ زیره‌ك مه‌ی بوو بۆ ساتێك له‌بیركردنی گشت ئازاره‌كانی ، هۆی ئه‌وه‌شه كه حه‌سه‌ن زیره‌ك نامرێ و هه‌ر زیندووه ،چونكه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه هه‌ژاره‌كه‌یدا ژیاوه و خۆشی و ناخۆشی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ئێسك و پرووسكه‌وه له‌نزیكه‌وه چه‌شتووه وهونه‌ر هیچ كه‌ڵكێكی تاكه‌كه‌سی پێ نه‌به‌خشیوه ) (3) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و گه‌ڕیده‌یه یه‌ی كه گه‌رمیان و كوێستانی وڵاتی كرد له‌به‌ر ئه‌و عه‌شقه زۆره‌ی بۆگۆرانی هه‌یبوو ، هیچ شار‌و شارۆچكه‌و گوندێكی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ته‌نانه‌ت پایته‌ختی هه‌ردوو وڵاتی عێراق و ئێرانیش نه‌ماوه كه‌یاده‌وه‌ری پر چێژ و به‌خششی هونه‌ری زیره‌كی لێ نه‌بێت ، له‌م ساڵیاده‌دا من به‌پێویستم زانی ڕاوبۆچوونی هه‌ندێك له‌هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر وه‌ربگرم ، بۆئه‌وه‌ی دووركه‌وێنه له‌و خوێندنه‌وه سه‌ره‌تاییانه كه‌پێشتر هه‌میشه بۆته مانشێتی یادكردنه‌وه له‌هونه‌رمه‌ندان به‌تایبه‌ت زیره‌كی مامۆستا و بلیمه‌ت ساڵی له‌دایكبوون و چه‌ند گۆرانی هه‌یه‌و كه‌ی كۆچی كردووه ، پێم باش بوو راو سه‌رنجی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه له دوو خاڵدا وه‌ربگرم: یه‌كه‌م / خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك دووه‌م / ئایا فۆلكلۆر سودی به‌زیره‌ك گه‌یاندووه ، یان حه‌سه‌ن زیره‌ك فۆلكلۆری زیندوكردۆته‌وه سه‌ركه‌وت ڕه‌سوڵ – شاعیر _ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌یه‌كێك له‌پایه گه‌وره‌كانی هونه‌ری كوردی داده‌نرێت و دیارده‌یه‌كه له‌مێژووی میلله‌تان ، به‌ده‌گمه‌ن دووباره ده‌بێته‌وه ، به‌ڕای من ئه‌و خۆرسكییه ڕه‌سه‌نه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌كی دروست كردووه به‌سرووشتی و به‌خۆڕسكیش ده‌مێنێته‌وه ، حه‌سه‌ن زیره‌ك پێگه‌ی هونه‌ری به‌رهه‌مه‌كانی ده‌بووا ئێستا چه‌ندین لێتوێژینه‌وه‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر بكرابایه و له‌ناوه‌نده ئه‌كادیمیه هونه‌رییه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆڵی هه‌بووه له‌نوێكردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئاواز و ڕه‌زمی كوردانه‌ی ڕه‌سه‌ن كه‌خه‌ریكبوو له‌بیر بچنه‌وه . _ حه‌سه‌ن زیره‌ك تاسه‌روه‌ختی ناسینی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره موجته‌بای میرزاده به‌ڕای من هونه‌رمه‌ندێكی میللی بوو ده‌نگ و هونه‌ر و پایه‌ی خۆی نه‌ناسیبوو ..! له‌وه به‌دواوه به‌رهه‌مه‌كانی گۆڕانكاری گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا دێت چ له‌ڕووی ده‌نگه‌وه چ و له‌ڕووی ئاواز‌و دابه‌شكردن و ئه‌داكردنی گۆرانیه‌كانی ،،، هه‌ڵبژاردنی شیعره‌كانی بازێك ده‌هاوێت و به‌ره‌و شیعری نوێ و هه‌لبژاردنی شیعری شاعیران ، به‌گشتی هونه‌ری گۆرانی كوردی له‌پێش حه‌سه‌ن زیره‌ك و دواتریش قازانجی له‌شیعری فۆلكلۆر و میللی وه‌رگرتبوو ،پرسیاری جدی دێته پێش ئایا ئێمه شیعری گۆرانی وامان نه‌بووه یان ئاواز دانه‌ری باشمان نه‌بووه به‌شیعره‌كان بوێرێت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ردا بشكێنێت …..؟! به‌ڕای من ئاوازدانه‌ری باشمان هه‌بووه به‌ڵام ڕۆشنبیری شیعر هه‌ڵبژاردنیان بای ئه‌وه‌نده نه‌بووه تاڕۆی به‌به‌ر گۆرانییه‌كی هاوچه‌رخ بكات. به‌گشتی حه‌سه‌ن زیره‌ك قازانجی به‌فۆلكلۆر گه‌یاندووه و سوودیشی لێوه‌رگرتووه ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین هونه‌رمه‌ندی ده‌گمه‌نمان هه‌یه كه ڕۆشنبیری ئه‌ده‌بی شیعری هه‌بێت و به‌ئاگاییه‌وه ده‌قێكی وه‌رگرتبێت و مامه‌ڵه‌ی هاوچه‌رخی له‌گه‌ڵ كردبێت ، له‌و هونه‌رمه‌ندانه وه‌ك نموونه ( ناسری ڕه‌زازی ، قادر دیلان ، حه‌مه‌جه‌زا ….هتد ) به‌گشتی توانای حه‌سه‌ن زیره‌ك له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شیعردا توانایه‌كی تایبه‌ت بووه و ناكرێت ئه‌و به‌كه‌سی دیكه به‌راوورد بكرێت ده‌توانم بڵێم سه‌رده‌مه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ره‌ك بوو له‌به‌رنه‌بوونی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی هونه‌ریی و میدیایی وه‌ك ئێستا بڵاو وبواری په‌خش كردن قسه له‌سه‌ركردنی كه‌متر بووه . هونه‌رمه‌ند حه‌مه ڕه‌ووف كه‌ركوكی _ ده‌نگی خوالێخۆشبوو حه‌سه‌ن زیره‌ك واته دیمه‌نی جوانی كوردستان و ئاوه‌دانی پڕ له‌خه‌یاڵاتی سه‌رنج ڕاكێشی لادێ و شاخ و پێده‌شه‌ته‌كانی كوردستان ، ده‌نگی قاسپه‌ی كه‌و و هاژه‌ی ڕووبار‌و چۆمه‌كان ، ده‌نگی زیره‌كی نه‌مر ده‌نگی مۆركێكی لێوانلێوی كورده‌واری و گه‌لێكی تر له‌جوانیه‌كانی كوردستان ته‌نها له هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا بوونی هه‌یه . _ پێم وایه فۆلكلۆر هه‌میشه قه‌رزداری زیره‌كی هونه‌رمه‌نده كه‌به‌شێوه‌یه‌ك توانیویه‌تی جوانكاری و نوێبوونه‌وه بكات له‌وتنی گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانی ناوچه جیا جیاكانی كوردستان به‌بیستنیان هه‌ست بكه‌ین گوێمان له‌داهێنانێكی نوێی زیره‌كه ، چونكه خاوه‌ن ده‌نگێكی پاراوی كوردییه و بۆ نموونه ده‌یان ئاوازی ئازه‌ری هێناوه و به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی چریویه‌تی ئه‌وه‌نده به‌هه‌ستێكی كوردیانه خوێندوویه‌تی مۆركه ئازه‌رییه‌كه‌ی لێداماڵیوه‌و واهه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و میلۆدییه هه‌رله‌بنه‌ڕه‌ته‌وه كورد خاوه‌نی بووه. هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ڕزگار حه‌مه ڕه‌ووف _ وه‌ك گۆرانی شاعیر ده‌ڵێت : نه‌حه‌رفی مه‌كته‌بێكی خوێند و نه‌ئوستازێ په‌لی گرت به‌پێچه‌وانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تر به‌ڵكو هه‌میشه موزیكژه‌نه‌كان سودیان له كوردبوونی میلۆدییه‌كانی بینیوه ، حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ده‌نگ و گه‌روی پڕ له‌كوردیه‌وه توانی ناسنامه‌ی كوردبوون ببه‌خشێته سه‌رجه‌م گۆرانییه‌كانی ، كه‌ده‌كرێت له‌كۆلیژه‌كانی موزیك كار‌و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌سه‌ر بكرێت . _ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك سوودی له فۆلكلۆر و ته‌نانه‌ت میلۆدییه‌كانی وڵاتانی تریش بینیوه ، به‌ڵام جوانی سه‌لیقه‌یی ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌وه‌دایه كه زۆر به‌سه‌لیقه‌وه توانیویه‌تی به‌كوردی بكات ، ئه‌مه‌ش كارێكی گرانه مه‌گه‌ر ته‌نها حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و جورئه‌ته‌ی هه‌بوو بێت ، جوانیه‌كی تری ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئه‌وه‌بووه كه زۆر به‌سه‌لیقه‌وه تێكسته‌كانی به‌ئاواز ده‌كرد ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌فسانه‌ی گۆرانی و میلۆدی كوردییه . به‌كر پشده‌ری – شاعیر _ له‌ڕوانگه‌ی منه‌وه گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی كورده _ له‌پێش هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك یشه‌وه فۆلكلۆر هه‌رهه‌بووه به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌نده فۆلكلۆری زیندوو كرده‌وه له‌و فه‌وتان ڕزگاری كردووه . نوسه‌ر و ڕاگه‌یاندنكار جه‌لال هانیسی _ له‌ڕاستیدا كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك دیار و له‌به‌ر چاوه ، ئه‌توانین بڵیین ئه‌و خزمه‌ته‌ی زیره‌ك به‌فۆلكلۆری كوردی كردووه بێوێنه‌یه . زیره‌كی نه‌مر گۆرانی كوردی زیندووكرده‌وه یان باشتر بڵیم بووژاندییه‌وه ، ئه‌گه‌ر زیره‌ك نه‌بایا گۆرانیی كوردی ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویست نه‌بوو ، زیره‌ك بووه به‌قوتابخانه‌یه‌ك له‌هه‌موو ماڵیك هه‌ر له‌منداڵیكه‌وه بگره هه‌تا پیرو گه‌نج به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه گۆرانیه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌كیان له‌به‌ره ، مامۆستا مه‌قامات و گۆرانیی عه‌لی مه‌ردان ده‌ڵیت ( یه‌كه‌م حه‌سه‌ن ، گۆرانیی بێ حه‌سه‌ن زیره‌ك مانای نیه ) به‌ختی كورد زیره‌ك زوو كۆچی دوایی كرد ده‌نا ده‌یان ئاوازی مردووی تری زیندوو ده‌كرده‌وه . هونه‌رمه‌ندی شانۆ و دراما زاهیر عه‌بدوڵڵا _ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره حه‌سه‌ن زیره‌ك مامۆستا‌و ڕێچكه شكێنی گۆرانیی و به‌سته و مه‌قامی كوردی بوو ، ئه‌و چه‌شنی كانیه‌كانی كوێستانی كوردستانه نه‌ووشه ، نه‌ئاوازی لێ ووشك نه‌ده‌بوو . _ به‌دڵنیاییه‌وه به‌هه‌وڵ و هیمه‌ت و زیره‌كی خۆی ده‌یان و بگره سه‌دان بابه‌ت و ووشه و زاراوه‌ی فۆلكلۆری له‌فه‌وتان ڕزگاركردو له‌دووتوێی گۆرانیه‌كانی به‌زیندویی هێشتوونیه‌تیه‌وه . سه‌رچاوه: (2،1) ڕه‌حیمی لوقمانی …شاعیر ….گۆڤاری ڕامان ژماره (252) له مایسی 2018 (3) هیوا فه‌تحیان …..هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure