16/1/2019 02:46 PM

فیقهی شۆڕش

  لێكۆڵینەوەیەكی فیكریی سیاسی  بیرمەندی لێبراڵی میسری (د . یووسف زێدان) ە و ئەحمەد سەیید عەلی بەرزنجی  وەریگێڕاوە ، دەزگەی ڕۆشنبیری جەمال عیرفان  لەم دواییانەدا بەقەبارەی 284 لاپەڕە  چاپ و بڵاوی كردەوە،  نووسەر وەك لە پێشەكیەكەیدا  ئاماژەی پێدەدا { دەشێ‌ وابزانرێ‌ كەوشەی (فیقـه)تەنیا لەبواری زانستی شەرعیدا نەبێ‌  بەكارنایەت ، ئەوە ڕاستە  كەزۆرتر بەزانستی ئایینی گوتراوە ، بەڵام بەلای منەوە  مانا ئەسڵییەكەی ( زانین وحاڵیبوون لە شتێك ) دەگەیەنێ‌ .}
  كتێبەكە بریتییە لە كۆمەڵە باسێكی شرۆڤەكاری و  وردبوونەوە و تێڕوانین  بۆشۆڕشەكەی  ئەم دواییەی  گەلی میسر ( 25 یەنایری 2011 ) كەلە ڕیزبەندی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانەی  وڵاتانی  عارەبیان گرتەوە و ناوزەدكران  بە ( بەهاری عەرەبی ). سەرنجدانیكی  قوول وزانستیانە لەماهییەتی ئەو شۆڕسەی میللەت خۆی بەرپای كردو  چۆن هەندێ‌ لایەن ( وەك ئیخوانەكان و  دەستەو تاقمە  ئیسلامییە جۆر بەجۆرەكان ) دور لەوانەی  پێوەی  ماندوبوون ، وەك حازرخۆری بەر سێبەر ، جڵەویان گرتە دەست و ڕێڕەوەكەیان گۆڕی  بەمەبەستی  لەباربردنی.
  دیارە دزینی شۆڕش لەخاوەنەڕەسەنەكانی ، كەخەڵكە زۆر لێكراوەكەیە، لەلایەن تاقم و حیزبی ئەوتۆی دورلە مەینەتیەكانی  خەڵكی ، خۆتێهەڵقورتاندنی كەسانی سەربە ڕژێمی  پێشوو  تالەسەردەمی تازەدا پێگەیە بۆخۆیان دەستە بەركەن ، یان هەرنەبێ‌ لەپلەو پایەی  پێشوویاندا بمێننەوە ، دیاردەیەكی  تازەنییە.
  نووسەر دێتەسەر گاڵتەجاڕی دیموكراتی كە ئەوانە مەبەستە خراپەكانیان  تێیدا  بەئیفلیجی پەیڕەو دەكەن، ئەویش لەڕێی  هەڵبژاردنێكی ساختەو پەڕلەمانێكی  دەهۆڵژەن بۆ ئامانجەكانیان، بەدەر لە خزمەتكردنی  گەل و  وڵات، بەجۆری گشت ئەم  بەلاڕێدا بردنانەی  شۆڕشەكە  لەخزمەتی  هەوادارانی  سیستمەكەی  پێشوودا نەبێ‌  كەسیدی  سوودمەند نابێ‌ لێی. نووسەر لەم  ڕوانگانەوە  باس لەشۆڕشەكە دەكات تا ئاستی  هەڵبژاردنە  سەرۆكایەتیەكەی  محەممەد مورسی كە هەرچۆنێكبی  تێیدا  سەركەوت، ئینجا  سەرنجی نووسەر لەسەر ئەو بارو زرووفەی  بە باڵاپۆشییەكی  ئایینییەوە  خولقاندیان.
  ئەم بابەت و  زانیاری و  وردبوونەوانەی  كتێبەكە  بوارێكن بۆ خوێنەر  لەهەندێ‌ ڕووەوە  بەراوردكارییەك و تائەندازەیە  لەیەكچوونێ‌  بكات  لەنێوان  ئەو شۆڕشەو  هەندێ‌ لە  بەسەرهاتەكانی  دوای بەهاری 1991 ی  كوردستانی باشوور ، لەمەدا  دەكرێ‌  ڕاو بۆچوونەكانی نووسەر بۆلای ئێمەش  سوودێكی باشیان ببێ‌. 
  بەگشتی كتێبەكە حەوت بەشی گرتۆتە خۆی، بەشی شەشەمی  دێتە سەر ( لووتكە پڕشنگدارەكانی  حیكمەی عەرەبی ) كەشرۆڤەكردنی  ڕێڕەوی  ژیان و فیكری  حەوت بیرمەندو حەكیمی  ناوداری ناو مێژووی  هـزرو فیكری عەرەبییە وكاریگەریان  لەسەر  گۆڕانكاریەكانی بواری فیكری و سیاسی و كۆمەڵایەتی وژیاریی  نەك تەنیا عەرەب  بەڵكو گەلانی ڕۆژەڵات ، دیارە ئەمیش وەك هەر نووسەرو توێژەرێكی عەرەبی تر  ئەوەی فەرامۆش نەكردوە كەئەسڵ وبنەو بنەچەی  زۆر لەزانایان و  بیرمەندان و پیاوانی ترۆپكی  ڕۆشنبیری  ناو گەلانی  موسوڵمانی  غەیرە عەرەب  بباتەوە بۆ عەرەب  خۆیان  { ئەمە بە پەراوێز ڕوونكراوەتەوە }جا لەو  كەسانە : ( عەلا  ْ ئیبن نەفیس ، ئیبن سینا ، حونەین بن ئیسحاق عیبادی ، ئیبن تەیمییە ، عەتاولڵای ئیسكەندەری ، ئیمامی سیووتی ،  ئیخوان ئەلسەفا ) 
  لەپاینی  وەرگێڕانەكەشدا  بۆهەندێ‌ وشەو زاراوە و دەستەواژەی وا كەتاڕادەیە  نامۆیە بەزمانەكەمان  یان  حاڵیبوون لێیان پێویستی بەڕوونكردنەوەیە ، لە سیاقی خوێندنەوەدا  دێنە بەر چاو ، فەرهەنگۆكێك  بە پشتبەستن  بە قامووسە عەرەبی و  خۆماڵییەكان  رێكخراوە .
خاك 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved