19/1/2019 09:17 AM

وەزارەتی تەندروستی هەرێم: یەكەم حاڵەتی ئەنفلۆنزای بەراز تۆماركرا

تەندروستی هەرێم تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی ئەنفلۆنزای (H1N1)ی راگەیاندو دەشڵێت: توشبووەكە لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو بارودۆخی تەندروستی جێگیرە، رەتیشیدەكاتەوە لە هەرێم هیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆماركرابێت.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خاك رایگەیاندووه: حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای (H1N1) كە بەهەڵە ناسێنراوە بە ئەنفلۆنزای بەراز، لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوەو لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو خۆشبەختانە بارودۆخی تەندروستی جێگیرو باشە.

دەشڵێت: بۆ زانیاری هاووڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن، بەپێویستی دەزانین جەخت لەو راستيیە بكەینەوە كە ئەنفلۆنزای (H1N1) ئێستا بەشێكە لە ئەنفلۆنزای وەرزی، كە پەتایەكی ساڵانەی چاوەڕوانكراوە لە هەموو وڵاتانی جیهان بە شێوەی وەرزی روودەدات، لەڕووی مەترسی و ترسناكی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلۆنزای بەراز (H1N1)  كە لە ساڵی 2009 روویداو جیهانی گرتەوە، ئەوكات كوتانی دژی ڤایرۆسەكە نەبوو، ڤایرۆسەكە نوێ بوو و خەڵك هیچ بەرگریەكیان نەبوو دژی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا كوتانی دژی ڤایرۆسەكە هەیەو هەموو كەسێك بەتایبەت ئەوانەی مەترسیان لێدەكرێت وەك كەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان كەمە دەتوانن كوتانی ئەنفلۆنزا وەربگرن بۆ خۆپارێزی.

تەندروستی هەرێم روونیشیكردۆتەوە: زۆربەی هەرەزۆری حاڵەتەكان بەسوكی دەبێت و پێویستە نەخۆشەكان لە ماڵەوە پشوو بدەن و شلەمەنی زیادە بخۆنەوەو نەچنە شوێنی قەرەباڵغ.

ئەوەشی خستۆتەڕوو: بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیان، پێویستە زوو زوو دەستمان بە ئاو و سابون بشۆین، لەكاتی كۆكەو پژمین دەم و لوتمان بە كلێنیكس یان دەستەسڕ داپۆشین، هەروەها نەچین بۆ شوێنی قەرەباڵغ و داخراو، لەكاتی توشبوون بە نەخۆشيەكە پشوو بدەین و شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە

بەڵام ئەو هاووڵاتیانەی خوارەوە ئەگەر توشبوون، پێویستە زوو سەردانی پزیشك بكەن:-

۱. كەسانی بەتەمەن یان منداڵی خوار پێنج ساڵ.
۲. ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و سینگیان هەیە.
۳. ئەوانەی نەخۆشی كەمی بەرگری لەشیان هەیە.
٤. ژنانی دوو گیان 

لە دەزگا تەندروستیەكان ئەو رێوشوێنانە وەرگیراون كە پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵی نەخۆشیيەكەو چارەسەری نەخۆشەكان.

ئەوەش دەڵێت: ئەو ڤایرۆسە (H5N1) نییە كە ناسراوە بە ئەنفلۆنزای باڵندە، هیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە (H5N1) لە هەرێم تۆمارنەكراوە.


خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved