له ئێستاداو له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان به‌فربارین ده‌ستی پێكردووه‌و خه‌ڵكی بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان ڕوو له ناوچه به‌فراوییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا كاریگه‌ری به‌فر له‌سه‌ر چاو چییه؟ به‌تایبه‌ت كاتێك به‌فر به‌ر چاوه‌كان ده‌كه‌وێت ده‌بێته هۆی چی؟ له‌وباره‌یه‌وه د.ماكۆك محه‌مه‌د پزیشكی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری و نه‌خۆشییه‌كانی چاو به سایتی خاكی راگه‌یاند: كاریگه‌ری به‌فر له‌سه‌ر چاو پێیده‌وترێت به‌فره كوێربوون كه بریتییه له: 1-ئازاری چاوه‌كان و له‌ده‌ستدانی بینایی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی خۆره‌وه، كه گلێنه‌ی چاوه‌كان ئه‌ڕوشێنێت و توشی هه‌وكردنی ئه‌كات. 2-به‌فر ئه‌بێته هۆی شكاندنه‌وه‌ی تیشكی زیانبه‌خشی خۆر بۆ ناو چاوه‌كه، ئه‌و كه‌سانه‌ی خلیسكێنه‌ی سه‌ر به‌فر ئه‌كه‌ن یان شاخه‌وانن، ئه‌گه‌ری هه‌یه زیاتر توشی ئه‌م باره ببن، چونكه هه‌تا شوێنه‌كه به‌رزتر بێت، تیشكی خۆریش به‌هێزتر ئه‌بێت. 3-جگه له به‌فر، ئه‌و كه‌سانه‌ی له بیابانی لمی سپی یان له‌ناو ده‌ریادان، ئه‌گه‌ری هه‌یه توشی هه‌مان گرفت ببن، چونكه ده‌نكۆڵه‌ی لم و دڵۆپه‌ی ئاویش تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی ئه‌شكێننه‌وه بۆ ناو چاو. 4-ئه‌و ئامێرانه‌ی تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌ییان لێوه ده‌رئه‌چێت هه‌مان كێشه بۆ چاو دروستده‌كه‌ن، وه‌كو ئامێری له‌حیمكردن. نیشانه‌كانی به‌فره كوێربوون: *دروستبوونی ئازار له چاوه‌كاندا *سووتانه‌وه‌ی ناو چاو *هه‌ستكردن به‌وه‌ی شتێك وه‌كو خوێ یان ورده لم له‌ناو چاودا بێت *سوربوونه‌وه‌ی چاوه‌كان *چاوه‌كان پڕئه‌بن له ئاو *هه‌ستیاربوون به ڕووناكی *لێڵبو‌ونی بینایی *هه‌ڵاوسانی پێڵووه‌كان *سه‌رئێشه *كاتێك سه‌یری گڵۆپێك یان ڕووناكییه‌ك بكات دره‌وشانه‌وه‌و خه‌رمانه‌ی به‌ده‌وردا ئه‌بینێت *هه‌ندێكجار ڕه‌نگه‌كانیش تێكه‌ڵ ئه‌كات چاره‌سه‌ر: *له ماوه‌ی ڕۆژێك یان چه‌ند ڕۆژێك به‌بێ چاره‌سه‌ریش باش ئه‌بێت و گرفتێكی ئه‌وتۆ به‌جێناهێڵێت. *باشتروایه له‌و ماوه‌یه‌دا خۆت له به‌ركه‌وتنی ڕووناكی زیاتر بپارێزیت و چاویلكه‌ی هه‌تاوی به‌كاربهێنیت. *باشتروایه شۆفێری نه‌كه‌یت. *ئه‌گه‌ر هاوێنه‌ی لكاوت له‌چاودا بوو، ئه‌بێت ده‌ریبهێنیت و به‌كاری نه‌هێنیته‌وه تا به‌ته‌واوی باش ئه‌بیت. *قه‌تره‌ی ته‌ڕكردن و فرمێسكی ده‌ستكرد به‌كاربهێنه *ئه‌توانی ده‌رمانی دژه ئازار به‌كاربهێنیت *چاوه‌كانت مه‌خورێنه *ئه‌گه‌ر دوای 24 كاتژمێر به‌ره‌و باشی نه‌چویت پێویسته سه‌ردانی پزیشكی چاو بكه‌یت *بۆ ئه‌وه‌ی توشی ئه‌م حاڵه‌ته نه‌بیت پێویسته چاویلكه‌ی دژه تیشك به‌كاربهێنیت، كه ته‌واوی تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی گلئه‌داته‌وه‌و ناهێڵێت بگاته چاو. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure