24/1/2019 01:48 PM

سیرینا ولیامز ماڵئاوایی له‌ گراندسلامی ئوسترالیا كرد

سیرینا ولیامزی ئه‌فسانه‌ی‌ تێنسی سه‌رزه‌وی به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانێتی تێنسی سه‌رزه‌وی ئوسترالیا كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ یاری به‌رامبه‌ر كارۆلینا پلیسكۆڤا پێكان به‌رۆكی گرت.
سیرینا له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ زۆر نزیكبوو له‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن تۆماربكات و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی پێش كۆتایی كه‌ 4 هه‌لی بۆ ره‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی‌ یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
پلیسكۆڤا له‌ یارییه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌ركه‌وت و توانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م 6-4 بباته‌وه‌، به‌ڵام سیرینا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م به‌ به‌هێزی گه‌ڕایه‌وه‌و توانی به‌هه‌مان ئه‌نجام براوه‌بێت.
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدا سه‌ره‌تا سیرینا به‌ ئاستێكی ناوازه‌ ده‌ركه‌وت و به‌ 5 گێم به‌رامبه‌ر به‌ گێمێك پێشكه‌وت له‌ گێمی حه‌وته‌میش 40 به‌ 15 له‌ پێشه‌وه‌بوو، به‌ڵام توشی پێكان هات و به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌و پێكانه‌ش ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی 7-5 دۆڕاند و ماڵئاوایی كرد.

خاك- كوردستانی نوێ



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved