27/1/2019 08:59 AM

کایەی سیاسی سلێمانی

سلێمانی وەک یەکەیەکی جوگرافی و سنورێکی فراوان، دوور لەھەر کاریگەری و کارتێکردنێکی ناوچەگەری، شارێکە بۆ بەخشش و نوێبوونەوەو داھێنان، لە ڕابوردوەوە تائێستای بۆ چرکەیەک نە لە کاروانەکە دواکەوتوەو نە کەمتەرخەمیەکی نواندوە، ڕاستە پێگەیەکی بازرگانی، پیشەسازی یان کشتوکاڵی جیاکەرەوەی ئەوتۆی نیە لە شارەکانی تری کوردستان گرنگتر بێت، بەڵام مێژویەکی تایبەتی بۆ خۆی خولقاندوە. ئەو مێژوەش سەروەریەکی نیشتمانی و نازناوی جۆراوجۆری پێبەخشیوە کە پەیوەستی کردوە بە رابوردوی خۆی و داھاتوەکەشیەوە، چ وەک شاری ھەڵمەت و قوربانی بێت یان پایتەختی ڕۆشنبیری، شارێکە لەژێر کاریگەری کەلتورە سیاسیە نیشتمانی و پێشکەوتنخوازیەکەیدا لەزۆر قۆناغی گرنگی مێژویی و سەردەمی جیاوازدا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە.

بۆ کورتە وتارێکی وەھاو بۆ خوێنەری کورد، ڕەنگە ئاوڕدانەوە لە ڕابوردو و بەڵگەی مێژویی ھێنانەوەم پێویست نەبێت، بەڵام لە درێژەی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری ڕزگاری نیشتمانی باشوری کوردستاندا، سلێمانی ھەمیشە لە پێشەوەو پێشەنگ بوە، کاریگەری و شوێن پەنجەی خۆی بەسەر خەبات و شۆڕشەکانیەوە جێھێشتوەو ئەمەش نەک تەنھا لەڕوی تۆپۆگرافی و ھەڵکەوتە جوگرافیەکەی، یان پشتیوانی ماددی و خوێن و قوربانی و بەخشینی سەرچاوە مرۆییەکەیەوە بوە، بەڵکە بە دیوێکی تردا لەڕوی ئەو ژینگە سیاسیەی لە سلێمانیدا فەراھەم بوەو نەشونمای کردوەو لەڕوی دنیا بینی و کۆمەڵایەتیەوە بوە بە قیبلەنمای شۆڕش و جوڵانەوەو گەشەو پێشکەوتنە سەرتاسەرییەکانی جوڵانەوە سیاسیەکانی کوردستان.

لە ڕابوردودا، ژینگە یان کایەی سیاسی سلێمانی، وێڵ و سەوداسەرو خولیای ئازادییەکەی لە ڕزگاری نیشتمانی و بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکانی و سەربەخۆییدا چڕکردبوەوە، بەڵام لەسایەی ئەزمونەکانی حوکمڕانی خۆماڵی و کەلتورە بزێو و نەوەستاوو ڕۆڵە پێشەنگیەکەیەوە، ساڵانێکەو ئیستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کایە سیاسیە دەستی بە داوەکانی ژیانێکی باشترو خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیشەوە بەتوندی گرتوە، کایە سیاسیەکەی بەداوای شەفافیەت و بەدیھێنانی عەدالەتێکی گشتگیر بارگاوی کردوەو بەرپرسیارێتیەکی خستوەتە ئەستۆی ھەموان. بۆیە ھەر ھێزێکی سیاسی بیەوێت لە کاروانەکەی سلێمانی دانەبڕێت و کاروانچیەکانی جێی نەھێڵن، بیەوێت لەکۆی پرۆسەی سیاسی لە باشور دوانەکەوێت، پێویستە لە پەیامەکانی ئەم کایە سیاسیە تێبگات و بیخوێنێتەوەو لێی ڕابمێنێت، تا دواتر بتوانێت کاری پێ بکات، ئەگەرنا با وێڵی دوای چارەنوسە نادیارەکەی خۆی بێت، چونکە کایەی سیاسی سلێمانی لە ئیستادا باوەشی بۆ ھێزە عەدالەتخوازو شەفاف و سیاسەت ڕونەکان کردوەتەوە.


*پێشکەشە بەڕۆحی ئەکرەمی ساڵەحی ڕەشە.

سەرکەوت زەکی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved