27/1/2019 09:22 AM

كێشه‌ی ته‌ركیزكردنت هه‌یه‌؟ ئه‌م ئه‌په‌ یارمه‌تیت ده‌دات!

له‌ جیهانێكدا كه‌ مێشكی ئێمه‌ به‌رده‌وام ڕوبه‌ڕووی چه‌ندان ورووژێنه‌ره‌، بۆ زۆربه‌مان ته‌ركیزكردن له‌سه‌ر شتێك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كارێكی ئاسته‌مه‌. توێژه‌ران له‌ زانكۆی كه‌مبریج له‌ به‌ریتانیا ئێستا ئه‌پێكیان په‌ره‌ داوه‌ كه‌ مێشك ڕاده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی فێری ته‌ركیزكردن و لێوردبوونه‌وه‌ ببێت؟

به‌شێكی زۆرمان له‌ ڕۆژدا ده‌بێت له‌مكاره‌وه‌ بچینه‌سه‌ر ئه‌و كارو كاره‌كانمان بگۆڕین. به‌مه‌ ده‌وترێت "فره‌ئه‌ركی". فره‌ئه‌ركی پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌ خێرایی سه‌رنجمان له‌سه‌ر چالاكییه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌ر چالاكییه‌كی دیكه‌ بگۆڕین و پاشان بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوومان كه‌ ئه‌وه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر توانایی ته‌ركیزكردنی ئێمه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت.

پڕۆفیسۆر باربارا ساهاكیان له‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌روونناسی زانكۆی كه‌مبریج ده‌ڵێت "زۆربه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌مان بووه‌ كاتێك له‌سه‌ر كاره‌وه‌ دێینه‌وه‌ ماڵ هه‌ستده‌كه‌ین هه‌موو ڕۆژه‌كه‌ سه‌رقاڵ بووین، به‌ڵام دڵنیاش نین له‌وه‌ی كه‌ چیمان كردووه‌. زۆربه‌مان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیمه‌یل، سه‌یركردنی كورته‌نامه‌، گه‌ڕان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌ك فره‌ئه‌ركین".

د.ساهاكیان و هاوكاره‌كانی پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌وان ڕێگه‌یه‌كی باش و ساده‌یان بۆ كێشه‌ی ته‌ركیزكردن دۆزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان ئه‌پێكی ڕاهێنانی مێشكیان به‌ ناوی "دیكۆدێر" په‌ره‌ داوه‌، كه‌ یارمه‌تی به‌كارهێنه‌ران ده‌دات یادگه‌، تواناییه‌ بیركارییه‌كان و توانایی ته‌ركیزكردنیان باشتر بكه‌ن.

له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م ئه‌په‌ به‌كارده‌هێنن له‌ سه‌رنجداندا له‌و كه‌سانه‌ باشتربوون كه‌ یاری بینگۆ ده‌كه‌ن یان ته‌نانه‌ت هیچ یارییه‌كی مۆبایل ناكه‌ن.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved