27/1/2019 02:43 PM

ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی


هاوار مستەفا خان

لە پێناوی بە باشی بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگە مەزنە، پێویست دەکات بەشێوەیەکی سستماتیکی هەڕەمێکی تۆکمە بۆ سەرپەرشتیاریی گشتی و بۆرد و ئەنجومەن و ژووری هەڵبژاردنی فیلم و ژووری هەڵسەنگاندنی فیلم و لیژنەکان، دابنرێت و پێکهاتەو پەیکەری بنەڕەتی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

بەشی یەکەم: ئەندامانی بۆردی گشتیی کۆمیسیۆنی بەڕێوەچوون
یەکەم: سەرۆکی گشتیی ئاهەنگی دابەشکردنیخەڵاتی یڵماز گونەی.
دووەم:وەزیری رۆشنبیری.
سێیەم:وەزیری ناوخۆ.
چوارەم:وەزیری گەشتوگوزار.
پێنجەم:پارێزگار.
شەشەم: ژووری بازرگانی.
حەوتەم: دەستەی وەبەرهێنان.
هەشتەم:سەندیکای سینەماکاران – لە ئێستادا سەندیکای هونەرمەندان.
نۆیەم: ئەکادیمیای هونەر- بەشی سینەما.
دەیەم: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی و هونەر.
یانزەهەم: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەما.
دوانزەهەم:سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
سیانزەهەم: یەکێتی نووسەرانی کوردستان.
ئەگەر هەر ناوێکی تریش لەکاتی خۆیدا بووە دیفاکتۆ بە نموونە» ژووری بازرگانی پیشەسازی سینەما» ئۆتۆماتیکی دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبردن.

بەشی دووەم: بۆردی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی
١- سەرۆکی بۆرد: سەرۆکی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی، دەبێ هونەرمەندێکی خاوەن ئەزموون و بەناوبانگ و ناسراوبێت.
٢- جێگری یەکەمی سەرۆکی بۆرد:
٣- جێگری دووەمی سەرۆکی بۆرد:
٤- سکرتێری بۆرد:
٥- لێژەی پەیوەندی و پێشوازی:
٦- لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیریی:
٧- لیژنەی دارایی و کارگێڕی:
٨- لیژنەی دیزاین و تەکنیکی:
٩- لیژنەی مارکێتینگ:

بەشی سێیەم: ژووری هەڵبژاردنی فیلم
یەکەم: -ژمارەی ئەندامانی بۆردی هەڵبژاردنی فیلمی پێشبڕکێ لە (١٠٠)دەرهێنەرو رەخنەگری سینەمایی و میوزیسیان و ئەکتەرو وێنەگرو مۆنتێرو ئەندازیاری دەنگ و سیناریست و وەبەرهێنەری سینەمایی پێکدێت کە سەدا( ٨٠)ی بۆ کوردو کوردستانیان دەبێت و سەدا( ٢٠) یش بۆ بیانی کە لەو بوارەنەی ناومان هێناون شارەزاو ئەزمووندارو ناسراوبن.
دووەم:- مەرجی سەرەکیە ئەندامانی بۆرد لەهەردوو رگەز» نیوە بە نیوە» بێت، واتە ئەندامێتی وەکیەک دەبێت، بە نموونە: ٨٠ ئەندامی کوردستان، چل بەرامبەر بە چل دەبێت.
سێیەم:- دابەشکردنی رێژەی ئەندامانی بۆردی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی بۆ ئێستاو لە سەرانسەری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:-
١- ئەندامانی باکوری کوردستان(٢٤)تەنها بیست و چوار کەسایەتی.
٢- ئەندامانی رۆژهەڵاتی کوردستان (٢٢) تەنها بیست و دوو کەسایەتی.
٣-ئەندامانی باشوری کوردستان (٢٠) تەنها بیست کەسایەتی.
٤- ئەندامانی رۆژئاوای کوردستان (١٤) تەنها چواردە کەسایەتی.
٥- بۆ(٢٠)ئەندامێتی دیکە، پێویست دەکات لە پایتەختەکانی « تاران و ئەنکەرە و بەخداو دیمەشق»، چوار ئەندام و بۆ «فەڕەنسا» وەك دەوڵەتی پشتیوان و دوا مەزاری گونەی کە فەرەنسا نەك هەر تاکە وڵات بوو ئەو هونەرندە مەزنەی گرتەخۆ، بەڵکو گۆڕستانی کۆمۆنەی پاریسی کردە دوا هەوارو لە پێرلاشیز بەتەنیشت شۆڕشگێڕانی وڵاتەی بەخاکسپارد، ئەوەی تریش کە دەکاتە ١٠ ئەندام، بۆ سەرانسەری دونیا تەرخان بکرێت.

بەشی چوارەم:ژووری هەڵسەنگاندنی فیلم
یەکەم:- ١٠٠ ئەندامی «ژووری هەڵبژاردنی فیلم» وەك هێمایەكە بۆ سەدەی دابەشکردنی کوردو کوردستانیان بەکارهاتووەو لە بۆتەی ئەو جەورو ستەمەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە، نیشانەی بەدەنگی بەرز رەتکردنەوەی ئەو ستەمەیە کە سەرباری ئەوە، ئەوەتا گەلی کورد لە سەر پێی خۆی وەستاوەو بە هونەرو کولتوورو فەرهەنگ لەپاڵ چەکی شانی پێشمەرگەو شەڕڤانان بۆ سەندنەوەی ماف و بەیەکەوە ژیانی گەلانی ناوچەکە تێدەکۆشێت، یڵماز گونەی-یش لە پایە هەرە بنەڕەتییەکەی ئەو بەرخودانەیە.
دووەم:- ٤٧ ئەندامی «ژووری هەڵسەنگاندنی فیلم» هێمایەکە بۆ تەمەنی یڵماز گونەی، ئەو لەو تەمەنە کورتەیدا پەیامێکی گەورەی مرۆڤایەتی گەیاند، سەرباری ئەوەی ١٢ بۆ ١٣ ساڵێکی تەمەنی لە زینداندا بەڕێکرد، کە ئەویشی کردبووە دەرفەتێك بۆ تۆمارکردنی ژیانی راستەقینەی هاونیشتیمانیان.
سێیەم:- ئەندامانی «ژووری هەڵسەنگاندنی فیلم»، کە ژمارەیان « ٤٧ « کەسایەتییە، بەمشێوەیە بەسەر بەشەکانی کوردستان و دونیا دابەش دەکرێت:
١-(١٢)ئەندام بۆ باکوری کوردستان.
٢-(١٠)ئەندامی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
٣-(٩)ئەندامی بۆ باشوری کوردستان.
٤-(٦)ئەندامی بۆ رۆژئاوای کوردستان.
٥-(١٠)ئەندام بۆ گەلانی دیکەی دەرەوەی کوردستان.

بەشی پێنجەم:خەڵاتەکانی یڵماز گونەی
کێبڕکێ «خەڵاتی یڵماز گونەی» لەسەر «١٤» خەڵاتە، کە «١٠» خەڵاتیان لە نێوان فیلمی درێژی بەرهەمی کوردو کوردستانی و ئەوانەش دەبێت کە لەسەر کوردو کێشەکانی بەرهەمهێنراوەو لە نەتەوەی کوردو کوردستانی نین. خەڵاتەکان بۆ (پێنج)بەش، دابەش و پۆلێن کراوە، بەمجۆرە:
یەکەم:- ١٠ خەڵات بۆ پێشبڕکێی فیلمی کوردی و کوردستانیی.
دووەم:- خەڵاتێك بۆ باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری درێژی کوردیی.
سێیەم:- خەڵاتێك بۆ باشترین «ماڵباتی هونەریی کوردیی و کوردستانیی.
چوارەم:- خەڵاتێک بۆ باشترین فیلمی بیانی.
پێنجەم:- خەڵاتێك بۆ باشترین داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی گەلان.
خەڵاتەکان:-
أ‌-خەڵاتی باشترین بەرهەمهێنەر.
ب‌-خەڵاتی باشترین دەرهێنەر.
ت‌-خەڵاتی باشترین سیناریست.
پ‌-خەڵاتی باشترین چیرۆك.
ج‌-خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ.
ح‌-خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ.
خ‌-خەلاتی باشترین میوزیك و گۆرانی.
د‌-خەڵاتی باشترین وێنەگرتن.
ژ‌-خەڵاتی باشترین مونتاژ.
ر‌-خەڵاتی باشترین فیلم.
ز‌-خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری درێژ.
س‌- خەڵاتی باشترین ماڵباتی هونەریی کوردستان.
ش‌-خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی.
ص‌-خەڵاتی باشترین داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی گەلان.

بەشی شەشەم: شکۆنامەو شێوەو قەبارەی خەڵاتەکانی یڵماز گونەی
یەکەم:- پێویست دەکات شێوەی خەڵاتەکە ئی ئەوکاتە بێت کە یڵماز گونەی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کان -١٩٨٢ وەك کێوێك لەسەر ستەیج وەستاو، بەزەردەخەنەیەکەوە؛ دەستی راستی بەرزکردەوەو پەنجەکانی توند لە مشتناو بە دەستی چەپیشی شکۆنامەی سەرکەوتنی گرتە دەست و بە دونیای گەیاند کە؛ وێستگەیەکی گرنگی خەباتی گەلێکی چەوساوەی وەك گەلی کورد فۆرمی نێودەوڵەتی وەرگرت و ئیدی کورد بەنەمری دەمێنێتەوە.
دووەم:- کێشی ئەو خەڵاتە لە « ٥٠٠»گرام تێنەپەڕێت.
سێیەم:- قەبارەی لە ٣٠ سم کەمتر نەبێت و لە ٣٥ سم تێنەپەڕێت.
چوارەم:- بێجگە لە خەڵاتی پۆرترێت، شکۆنامەی یڵماز گونەی بەو کەسانە بدرێت کە خەڵات وەردەگرن، ئەویش بە جوانترین و شیکترین شێوازێك دیزاین دەکرێت کە پۆرترێتی سەرەکی گونەی لەسەر دەبێت و واژۆی ئەوانەی لەسەر دەبێت:
١- وەزیری رۆشنبیری.
٢- رێکخەری خەڵاتی یڵماز گونەی.
٣- پارێزگار.

بەشی حەوتەم:ماڕش و ئاواز و هۆزان و کلیپی ئاهەنگەکە
پێویست دەکات؛ شیعرەکەی هۆزانڤانی رەوانشاد شێرکۆ بێکەس میلۆدییەکی بۆ بکرێت سەردەمیانە، بەڵام تێکەڵکێش بکرێت بە لاوك و سیاچەمانەو حەیران و قەتارەو ئەڵڵاوەیسی، لە نێوان مۆرکی کوردیی و رۆژئاوایی میکسێکی مۆدرێنی لێدرووست بکرێت. زۆر گرنگە لە نێو ئامێرەکاندا؛ دەف و تارو سازو شمشاڵ هەبێت.
بەشی هەشتەم:ماوەی کاری
سەرۆك و لێپراسراوەکان
ماوەی مانەوەو رێژەی بەشداری رەگەزەکان وەكیەک دەبێت، بەمشێوەیە:
یەکەم:- پێویستە؛ سەرۆکی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی و سەرۆکی لیژنەکان تەنها چوار ساڵ لەسەر پۆستەکانیان بەردەوام دەبن و دوای تەواو کردنی خولێك کە بریتیدەبێت لە(٤)ساڵ، کۆتایی بە مانەوەی دیت و جارێکی تر چانسی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانەیان پێنادرێت کە سەرەکیە.
دووەم:- ئەگەر سەرۆکی خول لە رەگەزی نێر بوو، ئەوا جێگرەکەی لە رەگەزی مێ دەبێت، بە پێچەوانەشەوە گەر سەرۆک لە رەگەزی مێ بوو، ئەوا جێگرەکەی لەرەگەزی نێر دەبێت، ئەو خاڵە بۆ تەواوی لیژنەکانیش هەروا جێگیر دەبێت.

بەشی نۆیەم: شارو شوێنی ئەنجامدان خەڵاتی یڵماز گونەی
باشترین شوێن «باشوری کوردستان»ە کە خاوەنی دامەزراوەی فەرمی و دەستوری و یاساییە، ئینجا لە نێوان دوو شارو دوو پایتەختدا کە یەکێکیان» هەولێر» و ئەویتریان» سلێمانی»یە، یەکلایی دەکریتەوە، بۆیە چەند پرسیارێك پێویستە بکرێن، ئایەشاری هەڵبژێردراو و گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئاهەنگە کوێ دەبێت؟ دەبێ خەسڵەتەکانی ئەو شارە چی بن؟ بۆچی گرنگە شارەکە گەورەو ناسراو و خاوەن پێگەبێت؟. بۆیە پێویستە:
یەکەم:- « ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵمازگونەی « لە شاری سلێمانی یان هەولێر ئەنجامبدرێت بەو پێیەی ئەو دوو شارە بە فەرمی « پایتەخت»ن، یەکێکیان پایتەختی رۆشنبیریی و ئەوی دیکەشیان پایتەختی سیاسیی هەرێمی کوردستان».
دووەم:-خاڵێکی تری دەستنیشانکردنی ئەو دوو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سنوری هەردوو شار، بۆتەی ناوچەی سۆرانین لە « باشوری کوردستان»وەك دوو ناوەندی گرنگی کوردستان، لەبەر ئەوە بۆنەیەکی وەها کە دیاریکردنی رۆژی سینەمای کوردیی و دابەشکردنی خەڵاتێکە بە ناوی یڵماز گونەی کە هونەرمەندێکی مەزنی باکوری کوردستانە و شێوەزاری کرمانجیە، لە یەکبدرێن و لە یەکتری موترب بکرێن؟!.
سێیەم:- ئەو بۆنەیە بکرێتە بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی سەرانسەری کوردستان و ساڵانە لەو رۆژەدا تەنها ئەو یادە ببێتە بۆنەیەکی گەورەی سینەمایی و هەموو جۆرە چالاکیەکی تر لە پێش یان دوای ئەو بۆنەیە رێکدەخرێت.
بەشی دەیەم: مەزارو گڵکۆی یڵماز گونەی
بە هەمان شێوەی مەزاری گۆڕستانی پێرلاشیز، مەزارێك بۆ گونەی لە بەردەم ئەو شوێنە درووست بکرێت کە دەبێتە شوێنی هەمیشەیی ئەنجامدانی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی.
ئامانجی ئەو گڵکۆیە بۆ سەردانیکردنی شاندو خەڵکییە، هاوکات دەبێتە نەریتێك بۆ دوای ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکەش، خەڵك و هەوادارانی گونەی دەتوانن بە چەپکە گوڵی شانازی سەردانی ئەو مەزارە بکەن و وێنەی یادگاری لەتەکدا بگرن.
بەشی یانزەهەم: مۆزەخانەی یڵماز گونەی

ئەو گەوهەرەی یڵماز گونەی لەدوای خۆیدا جێی هێشتوە تەنها فیلم و رۆمان و چیرۆکەکانی نین، کە زۆر گرنگن، بەڵکو بەجێهێشتنی ئەو کاریگەریەیە بەسەر هاوڵاتیان و دەوڵەت و توێژی سینەماکار و ئەدیب و هونەردۆستان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان و تورکیا.
گونەی زۆرترین نووسین و هەواڵ و راپۆرت و دیداری بە دیوی ئەرێنی و نەرێنی، واتە ئەوەی بە پشتگیری دەوڵەتی تورکیا بۆ ناشرینکردنی لەسەری نووسراوە، لەگەڵ ئەوەی راستگۆیانەو پیشەییانە لەسەر نووسراوەو بڵاو کراوەتەوە.
بێجگە لەوە، ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندی دونیا، لەناویاندا خاوەنی خەڵاتی ئۆسکارن، لەکاتی زیندانی وئەزیەتدانی گونەی هاتوونەتە دەنگ و بە گروپ و ژمارەی زۆر واژۆیان دژی دەوڵەت کۆکردۆتەوە. چەندین کەل و پەل و نووسراوی رەخنەگرانی سینەمایی و هاوڕێکانی دەکرێت باشترین کەرەستەبن بۆ ناو مۆزەی یڵماز گونەی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved