28/1/2019 09:07 AM

چه‌ند ئه‌پڵیكه‌یشنێك بۆ ئاشكراكردنی دزی ئه‌ده‌بی و هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی

دزی ئه‌ده‌بی و فكری دڵه‌ڕاوكێیه‌كی راسته‌قینه‌ی لای نووسه‌ران و كه‌سانی تری ئه‌و بواره‌ دروستكردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی و رێنوس له‌كاتی نووسیندا ده‌بێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ كاری نووسه‌ره‌كه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كێشه‌ی یاسایی و كاری له‌وه‌ش خراپتری روبه‌روو ده‌بێته‌وه‌.

له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌واڵی گه‌وره‌دان، ده‌توانن بگه‌ن به‌ كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی به‌نرخ، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی بچووك ده‌ستنادات بگه‌ن به‌و به‌رنامانه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ زمانه‌وانی و دزییه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیان بۆ بپشكنێت.

له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ تۆری رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی دیارترین میكانیزمه‌ خۆراییه‌كانی ئه‌و بواره‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ به‌ئاسانی له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌ده‌ست بخرێن كه‌ ئه‌مانه‌ن:

Dupli checker
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئامرازێكی ئاسان و خۆراییه‌، بۆ پشكنینی دزی ئه‌ده‌بی و فكری و ڕۆژنامه‌وانی به‌كارده‌هێنرێت، كه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت هه‌ژماری بۆ دروستبكات، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ رێگه‌ به‌ به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌دات كه‌ رۆژانه‌ گه‌ڕان به‌ 50 توێژینه‌وه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ هه‌ژماری نه‌بوو، ئه‌وا ده‌توانێت ته‌نها یه‌ك توێژینه‌وه‌ بپشكنێت، بۆ پشكنینی ناوه‌ڕۆك (تێكست) به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت به‌رنامه‌ی DOCX یان txt دابه‌زێنێت و ده‌قه‌كان دابگرێت.

Plagiarisma
هه‌رچه‌نده‌ شێوه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ كۆنه‌، به‌ڵام چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی تێدایه‌ كه‌ وات لێده‌كات به‌كاریبهێنیت، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ پشتگیری له‌ 190 زمانی جیهانی ده‌كات كه‌ رێگه‌ به‌ به‌كارهێنه‌رانی ده‌دات پشكنین بۆ بابه‌ته‌كانی خۆی بكات، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی دابه‌زاندنی فۆڵده‌ره‌ كۆمپیوته‌رییه‌كان یان Pasteی نوسینه‌كان له‌و شوێنه‌ی كه‌ خۆی مه‌به‌ستیه‌تی، یان گه‌ران له‌رێگه‌ی به‌سته‌ری URL بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ رێگه‌ به‌ گه‌رانێكی كه‌می رۆژانه‌ ده‌دات، گه‌ر بته‌وێت گه‌ڕانی زۆر بكه‌یت پێویسته‌ بڕێك پاره‌ بده‌یت.

Grammrly
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ ده‌توانرێت بۆ پشكنینی دزی ئه‌ده‌بی و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و ڕێنوسیش به‌كاربهێنرێت، Grammrly به‌ خۆرایی ده‌توانرێت له‌ ئینته‌رنێتدا دابه‌زێنرێت، هه‌روه‌ها ده‌شتوانرێت له‌ به‌رنامه‌ی chrome كاری له‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بوونی هه‌بێت ئه‌وا له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌رنامه‌كه‌ داوا له‌ به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌كات هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی دروستبكات (پاره‌ بدات)، به‌ڵام زۆرینه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌خۆڕاین.

Serch engine report plagiarism checker
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆو به‌خۆڕایی هه‌ڵده‌ستێت به‌ پشكنینی راپۆرته‌ دزراوه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان، كه‌ رێگه‌ ده‌دات په‌یست بكه‌یت و فۆڵده‌ره‌كان داببه‌زێنیت، به‌ ڕه‌نگه‌كانی سه‌وزو سور بابه‌ته‌كانت بۆ دیاری ده‌كات، گه‌ر سه‌وز بوو واته‌ بابه‌ته‌كه‌ دزراوی ئه‌ده‌بییه‌، ئه‌گه‌ر سوریش بوو ئه‌وا واته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

Paperrater
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ كه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانه‌، پێویستی به‌ دروستكردنی هه‌ژمار نیه‌، به‌كارهێنه‌ر زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت بابه‌تی تیایدا په‌یست بكات و پشكنینی بۆ بكات، هه‌روه‌ها شیكردنه‌وه‌ بۆ بڵاوكراوه‌كه‌ ده‌كات و هه‌ڵه‌ رێزمانیه‌كان راست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ رێگه‌ به‌ گه‌ڕانی كه‌م ده‌دات، بۆیه‌ گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت گه‌رانی زۆر بكات پێویسته‌ پاره‌ بدات.

Edubirdie
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ ئینته‌رنێتدا بوونی هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ نوسینی وتارو راپۆرت، هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندی پشكنینی دزینی ئه‌ده‌بی تێدایه‌، تایبه‌تمه‌ندیه‌كی تری به‌رنامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت نوسخه‌یه‌ك به‌ته‌واوی كۆپی بكات و دواتر به‌راوردی بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

Plagium
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ ئینته‌رنێتیه‌و به‌خۆراییه‌، به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت تا 5000 پیت گه‌ڕان بكات، به‌كارهێنه‌ر زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت له‌ شوێنی دیاریكراو چه‌ندی بوێت په‌یست بكات، كه‌ دواتر ئه‌نجامه‌كه‌ی پێده‌دات، هه‌روه‌ها گه‌ر كه‌سێك ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ پاره‌ بكرێت ئه‌وا پیته‌كانی بۆ دیاری ناكرێت، واته‌ به‌ ویستی خۆی په‌یست ده‌كات.


خاك - و/ گۆران قادر
س: ijnet



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved