31/1/2019 03:13 PM

ئاماژه‌ فه‌زاییه‌كان دووباره‌ بوونه‌وه‌


چاودێرگه‌ی (CHIME)كه‌نه‌دایی 13 ئاماژه‌ی فه‌زایی ڕادێویی نوێ و خێرای پێگه‌یشتووه‌ كه‌ یه‌كێكیان ناو به‌ ناو و به‌ شێوه‌یه‌كی بێ پێشینه‌ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌. زاناكان له‌میانه‌ی وتارێكیاندا كه‌ له‌گۆڤاری (Nature)دا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ باسی ئه‌و ئاماژانه‌ و ئه‌نجامگیرییه‌كانیان كردووه‌.
له‌م باره‌یه‌وه‌ (ئه‌نگرێد ستایرز) له‌ زانكۆی كۆلۆمبیای به‌ریتانی له‌ شاری ڤانكۆڤه‌ری كه‌نه‌داوه‌ ده‌ڵێت» تا ئه‌م ساته‌ وامان ده‌زانی ئه‌و ئاماژانه‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه‌، دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دوباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاماژانه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت سه‌رچاوه‌كان زۆر بن و لێكۆلینه‌وه‌ش له‌ئاماژه‌كان یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی نهێنیه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌ و زانینی سه‌رچاوه‌ی ئاماژه‌كانیش».
تیمه‌كه‌ی ستایرز تا ئێستا 13 ئاماژه‌یان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ شه‌پۆله‌كانیان كورته‌ و ته‌نها 400 میگاهێرتزه‌، یه‌كێك له‌و ئاماژانه‌ش (FRB 180814)یه‌ له‌ لایه‌ن چاودێرگه‌ی كه‌نه‌دی و له‌ مانگی ئابی ساڵی 2018دا بووه‌ كه‌ دوباره‌ ده‌بووه‌وه‌ و 6 جار له‌ هه‌مان پێگه‌دا دوباره‌ بووه‌ته‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌و چاودێرگه‌یه‌ ئه‌و ئاماژانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌له‌ ئه‌ستێره‌ی ڕێگه‌ی كاكێشانه‌وه‌ هاتوون كه‌ مه‌وداكه‌یان به‌ نزیكی (1.6 )ملیار ساڵی تیشكییه‌.
تیمی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و چاودێرگه‌یه‌ش هیوا خوازن بتوانن سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاماژانه‌ دیاری بكه‌ن و به‌ ته‌واوی زانیاریی له‌باره‌وه‌ وه‌ربگرن.
بۆ یه‌كه‌مین جار و له‌ساڵی 2007دا زانایانی سه‌رپه‌رشتیاری ته‌لسكۆبی پاركس له‌ئوستورالیا له‌ كاتێكدا سه‌رقاڵی چاودێریكردنی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی دوور بوون له‌و ئاماژانه‌یان به‌ ده‌ست گه‌یشت و و دوای ئه‌وه‌ش 9 ئاماژه‌ی تریان به‌ده‌ست گه‌یشت.
پاش ئه‌وه‌ی به‌روارد كران ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و ئاماژانه‌ ده‌ستكرد بن یان ڕه‌نگه‌ ئاماژه‌ بن له‌ شارستانیه‌تێكی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه‌ پێیان گه‌یشتێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ و نه‌ده‌توانرا شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
له‌سه‌ره‌تاشدا زاناكان له‌و بڕوایه‌دا بوون ڕه‌نگه‌ ئه‌و ئاماژانه‌ له‌ئه‌نجامی پێكه‌وه‌ لكانی ئه‌ستێره‌ نیوترۆنییه‌كان یان ته‌نه‌ ئاسمانییه‌كانی دیكه‌وه‌ دروست بن كاتێك ده‌بنه‌ كونی ڕه‌ش، به‌ڵام زاناكان به‌ر له‌ دوو ساڵ ئه‌وه‌یان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ چاودێرگه‌ و تلسكۆبی پاركس چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی پێگه‌یشته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌مان پێگه‌وه‌ هاتبوون كه‌ به‌ رله‌ 6 ساڵ ئاماژه‌كانی یه‌كه‌می لێوه‌ وه‌رگیرابوو.
ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێگه‌ی مشتومڕی زانایانی بنكه‌ی چاودێرگه‌كان و زانایانی گه‌ردونناسیی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا و تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ ڕاڤه‌یه‌كی دروست بۆ ئه‌و ئاماژانه‌ بكات.

سه‌رچاوه‌:RT



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved