2/2/2019 04:01 PM

لە دەستەی كوردستانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ چواردە كورسی خوێندنی دكتۆرا لە بواری شێرپەنجە بەڕێوەچوو

 

سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2-2-2019، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ 14 كورسی خوێندنی دكتۆرا لە بواری شێرپەنجە، بەڕێوەچوو.

بە سەرپەرشتی و رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، سەنتەری توێژینەوەی شێرپەنجە لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگیی نەخۆشخانەی هیوا و سندوقی كۆمەك بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و زانكۆكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، 14 كورسی خوێندنی دكتۆرا لە بواری نەخۆشی شێرپەنجە، راگەیاند.
 
 مامۆستا بڕیار ئەحمەد حەسەن بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە ناوخۆیی و جیهانییەکانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا دەستەی كوردستانی بە هاوكاریی نەخۆشخانەی هیواو سندوقی كۆمەك بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، 14 كورسی خوێندنی دكتۆرا لە بواری شێرپەنجەدا راگەیاند، وتیشی: بۆ رێكخستنی ئەم پرۆگرامە بەوشێوەیە، بەخۆشحاڵییەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و بەڕێز د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هاوكارێكی زۆر زۆر باش بوون. هەروەها پڕۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی هەوڵی تەواوی داوە بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆگرامەکە و سەرخستنی.


 لەبارەی شێوازی خوێندنیشەوە وتی: كاندیدە وەرگیراوەكان كۆرسێك لە سەنتەری كوردستانی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە لە دەستەی كوردستانی دەخوێنن، پاشان دەستدەكرێت بە توێژینەوەی زانستی. واتە بەوشێوەیە رێكخراوە كە بەشێك لە خوێندنەكەیان لە دەستەی كوردستانی دەبێت، بەشەكەی دیكەش لە دەرەوەی وڵات دەبێت، ئێمە كاری پێویستمان كردووە لەگەڵ زانكۆكانی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی كاندیدە وەرگیراوەكان بەشێكی خوێندنەكەیان لە باشترین سەنتەری توێژینەوەی بواری شێرپەنجە لە ئەڵمانیا و دەرەوەی وڵات بخوێنن ئەمەش بەپێی پێویستی خوێندكارەكە رێكدەخرێت. واتە دەكرێت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی تاقیگە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، سوود لە دەرەوەی وڵات وەربگیرێت.

 *دكتۆر محەمەد عەبدلوەهاب رێكخەری پرۆگرامەكە و ئەندامی لیژنەی زانستی لە نەخۆشخانەی هیوا: بەدڵنیاییەوە ئەم پرۆگرامە بەردەوام دەبێت، هیوادارین ساڵی داهاتوو فراوانتر ببێت و هەموو عیراق بگرێتەوە.

 لەبارەی پرۆگرامەكەوە، دكتۆر محەمەد عەبدلوەهاب رێكخەری پرۆگرامەكە و ئەندامی لیژنەی زانستی لە نەخۆشخانەی هیوا لە لێدوانێكدا بۆ سایتی دەستەی كوردستانی رایگەیاند: ئەم پرۆگرامە زیاتر لە ساڵێكە تاوتوێ دەكرێت، خۆشبەختانە بە هەماهەنگیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و سندوقی كۆمەك بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، بەڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی، توانرا گەڵاڵە بكرێت. وتیشی: ئەم پرۆگرامە گرنگییەكی زۆری هەیە، دیارە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی سەنتەرەكانی بواری شێرپەنجە بریتییە لە توێژینەوەی زانستی. ئەمەش كاریگەرییەكی زۆرباشی دەبێت لە پەرەپێدانی ئەو توانا مرۆییانەی كە ئێمە لەمبوارەدا هەمانەو لەم رێگەیەشەوە دەتوانین پەرەی زیاتر بە توێژەرانی بواری شێرپەنجە بدەین، بۆ ئەوەی توانای زانستییان بەرزبكەنەوە. وتیشی: بەدڵنیاییەوە ئەم پرۆگرامە بەردەوام دەبێت، هیوادارین ساڵی داهاتوو فراوانتر ببێت و هەموو عیراق بگرێتەوە.

 پڕۆژەی داهاتوو

دكتۆر محەمەد عەبدلوەهاب راشیگەیاند: پڕۆژەی داهاتوومان لەگەڵ دەستەی کوردستانی، بۆ پزیشكانی دەرمانسازیی و پەرستارەكان دەبێت و بریتییە لە راگەیاندنی 8 كورسی ماستەر، بەڵام هێشتا ئەم پڕۆژەیە لە تاوتوێكردندایە. هەروەها بۆ ساڵی داهاتووش چەند كورسییەكی دیكەی دكتۆرا رادەگەیەنین.

 وردەكاریی پڕۆژەكە

شایانی باسە، لەم پرۆگرامەدا پێویستە خوازیار هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت لە بواری پزیشكی گشتی و بەلایەنی كەمەوە ماستەر، یان دبلۆمی باڵای پزیشكی دوو ساڵەی هەبێت لە بوارەكەی خۆیدا. پێویستیشە خوازیار هەموو مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی با‌ڵا و توێژینەوەی زانستی تێدا بێت.
هەروەها تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە سەر (سی) نمرە دەبێت و (پانزە) نمرەی لە سەر پسۆڕی گشتیی كاندیدەكە دەبێت، (پانزە) نمرەكەی تر لە سەر پسپۆڕی وردی كاندیدەكە دەبێت.

 كاتی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان و ماوەی سكاڵا

لە رۆژی 20-12-2018–ەوە كاتی پێشكەشكردن دەستیپێكرد و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2-2-2019، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بەڕێوەچوو. بڕیاریشە رۆژی 7-2-2019، ئەنجامی بەرایی تاقیكردنەوەی كاندیدە وەرگیراوەكان رابگەیەنرێت. ماوەی سكاڵاش لە رۆژی 7-2-2019 دەستپێدەكات و تا رۆژی 14-2-2019، بەردەوام دەبێت. رۆژی 17-2-2019 ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.

دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved