3/2/2019 03:44 PM

وەفایی

 

میرزا عەبدوڕڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی (١٨٤٤) له شاری مەهاباد لەدایکبووە.وەفایی کوڕی مەلا غەفوور کوڕی مەلا نەسڕوڵڵا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان. خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان پێ وتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبوە و وانەی بە منداڵان وتوە و پێی ژیاوە.

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لەمەڵبەندی خۆی مەھاباد بردۆتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لەدوای ئەوە لەجێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی شاعیری بۆ خۆی بردووە.

وەفایی فیزی زل بووە، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، موچەی فەقێیاتی نەویستووە.شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستووە لەبەر ئەوە لێی نزیک بۆتەوە. ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.

وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لا درووست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرامبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت ئەم ئار‌ەزووەی لا درووست بووبێ.لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٠٠ ز وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی ١٩٠٢ ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئیستانبول و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز.

ھەرچۆنێبێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چووه بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبووبن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.

کۆچی دوایی
لە سارای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و ئەنجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٠٢ز دوور لە نیشتمان بەخاک دەسپێردرێ.پیرەمێرد دەڵێ: "بەدەستی خۆم لە بیابان وەفاییم ناشتووە."

نووسه‌ر و شاعیری ناسراوی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ساکار سۆفیزاده ناسراو به‌ "موحیبی مه‌هاباد" توانی وێنەی شاعیری گەورەی کورد بدۆزێتەوه. موحیب، ڕوونیكرده‌وه‌، وێنه‌كه‌ له‌ ئه‌لبومی "عه‌لیخانی قاجار" دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ وێنه‌گری تایبه‌تی هه‌ریه‌ک له‌ ناسره‌دین شا و، موزه‌فه‌ره‌دین شا، پاشای قاجار، بووه‌ و له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا سه‌دان وێنه‌ی ده‌گمه‌نی پادشا و سیاسی و ناودارانی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێرانی گرتووه‌.

له‌ وێنه‌كه‌دا شه‌ش كه‌سایه‌تی و مامۆستای ئایینی مه‌هاباد له‌ ته‌نیشت یه‌كتر وه‌ستاون، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئه‌لبومه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ وێنه‌ی وه‌فایی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌هاباده‌، به‌ڵام رووننه‌كراوه‌ته‌وه‌ كامه‌یان خودی وه‌فاییه‌.

موحیبی مه‌هابادی، كه‌ هاوكات له‌ نه‌وه‌كانی وه‌فاییه‌، وتیشی: "پاش به‌دواداچوونی ورد و سۆراخی باڵا و ڕاده‌ی ریش و ڕه‌نگی پێست و شێوه‌ و ڕووخسار و شێوازی پۆشینی جلوبه‌رگی وه‌فایی، ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كه‌سی چواره‌می وێنه‌كه‌ له‌لای راسته‌وه‌، وه‌فایی خۆیه‌تی".

به‌پێی زانیارییه‌كانی موحیب، وێنه‌كه‌ له‌نێوان ساڵانی ١٨٩٩-١٩٠٠ له‌ خانه‌قای شه‌مزین گێراوه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارڕێیانی ئازادی له‌ شاری مه‌هاباد و، وه‌فایی له‌و ساڵانه‌دا، وه‌ک وانەبێژ له‌و خانه‌قایه‌ خزمه‌تی كردووه‌.

شیعری وەفایی
وەفایی لە شێعری دا شوێن کە‌وتووی نالیە وە زۆرێک لە وشە‌کان و جوانیە ئە‌دە‌بیە‌کانی شێعری نالی لە شێعری وەفاییش دا ئە‌بینین. ئارە‌زووی لە لە‌ف و نە‌شر بووە و ئە‌م خاڵە لە زۆری شێعرە‌کانی دا ئە‌بینین.

نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم حەقم بەدەستە ئەگەر بناڵم
بەغەمزەی چاوت بەخەندەی زارت بردیان بەغارەت خەو و خەیاڵم
فەرمووت چلۆنی چ بڵێم عەزیزم دوور لە زولفی تۆ، کافر بەحاڵم
سەبا دەخیلم ھە تاکو ماوم بڵێ بەزاری بڕۆ بەخاڵم
دەمێکی بابێ دەوای دڵم کا بە‌چاوەکانی گەلێ بێ حاڵم
"وەفایی" چی دیت لەسەر بگێڕێ نەما لەسەر تۆ نە سەر نە ماڵم
شێعری کوردی وەفایی
لەو رۆژەوه دوور کەوتووه سایەت له سەری من سووتاوه له تاوت هەموو گیان و جگەری من
جەرگم هەموو لەت لەت بوو به سێڵاوی سروشکم چبکەم که به دەریا چووه لەعل و گوهەری من
دیفەرموو له سەر خاکی دەری خۆی که منی کوشت جەننەت به سه بۆ خوێنی شەهیدی نەزەری من
قەت وا دەبێ خاکی دەری تۆ تاجی سەرم بێ؟ ئەو دەوڵەته بۆ من نییه ئەی خاک به سەری من
زولفت که وەکوو شامی غەریبانه، لەوێدا حاڵی چییه داخوا دڵەکەی دەر بەدەری من
وەک بولبولی شەیدا به هەزار نەغمه دەناڵم جارێ گوڵەکەم گوێ بده ناڵەی سەحەری من
دیم هاته عەیادەت دەمی پڕ خەندەی بوو یەعنی روح و دڵی بێماره دەوای گوڵشەکەری من
بێ نوره دڵم هێنده له سەر یەک مەشکێنه رو وابکه شەوقێکی بدا تا فەنەری من
خۆش بەو دەمە ساقی له دەری مەیکەده فەرمووی: ئەو جامه له من بگره "وەفایی" به سەری من
شێعری فارسی وەفایی
ای به یاد زلف و خالت صد هزاران جان اسیر دانه ات عنقا شکار و دام تو سیمرغ گیر
با جمالت هر چه در هر دو جهان است حسن و زیب ژره و خورشید عالم قلزم و ێ‌ب غدیر
یک نفس دیدار تو خوشتر ز صد خلد برین یک زمان هجران تو سرمایه صد ز مهریر
شرح حال این دل پر خون چه گویم یا علیم عرچ درد جان سرگردان چه خوانم یا بصیر
چون تویی سلگان عالم چون منم کمتر گدا رحمتی، لگفی، نگاهی پادشاها بر فقیر
لب فرو بستم "وفایی" از بیان حال خویش تا به کی ترک ادب در پیش دانای چمیر
سەرچاوەکان
لاپەڕەی ساکار سۆفیزاده له فەیسبووک
کتێبی تاریخ مهاباد (مێژووی مەهاباد)/سەید محەممەد سەمەدی/١٣٧٣ مەهاباد

ویكیدی پیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved