توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر منداڵانی تازه له‌دایكبوو ده‌ریده‌خات كه مرۆڤه‌كان تواناییه‌كی زگماكییان هه‌یه كه ئه‌و تواناییه بۆ ناسینه‌وه‌ی وشه‌كان له زماندا به‌كاردێت. تیمێكی نێونه‌ته‌وه‌یی له توێژه‌ران دوو میكانیزمیان له منداڵێكی 3 ڕۆژه‌دا دۆزییه‌وه، كه ئه‌و میكانیزمانه یارمه‌تی ده‌ده‌ن وشه‌كان له زنجیره‌یه‌ك ده‌نگدا بناسێته‌وه. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه تێگه‌یشتنێكی بنه‌ڕه‌تیمان سه‌باره‌ت به یه‌كه‌م هه‌نگاو له فێربوونی زماندا پێده‌دات. یه‌كێك له مێكانیزمه‌كان به ناوی پرۆزۆدی (مێلۆدیی زمان) ناسراوه، كه ئه‌و تواناییه‌مان پێده‌دات بزانین له چ كاتێكدا وشه‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كات و كه‌ی كۆتایی پێدێت. میكانیزمه‌كه‌ی دیكه پێیده‌وترێت "ئاماری زمان"، كه باس له‌وه ده‌كات چۆن له دووپاتبوونه‌وه‌ی شوێنی ده‌نگه‌كان له وشه‌دا به‌دوای یه‌كتریدا تێده‌گه‌ین. د.ئه‌لیسا فێری له زانكۆی مه‌نچێسته‌ر ده‌ڵێت "ئێمه پێمانوایه ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ڕوونیده‌كاته‌وه كه منداڵێكی ساوا چه‌نده هه‌ستیاره‌و چه‌نده زانیاری وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه‌ش بۆ دایك و باوكان زۆر گرنگه‌و هه‌ندێك تێگه‌یشتنیان بۆ دروستده‌كات كه چۆن منداڵه‌كانیان گوێیان بۆ ده‌گرن". د.ئانا فلۆ ده‌ڵێت "زمان یه‌كجار ئاڵۆزه‌و ئه‌م توێژینه‌وه‌یه سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتنه له‌وه‌ی كه چۆن منداڵه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و شته تێبگه‌ن كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌یبیستن. ئێمه پێمانوایه كه زمان له وشه‌كان پێكهاتووه به‌ڵام كاتێك قسه ده‌كه‌ین زۆرجار وشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری تێكه‌ڵده‌بن. هه‌ربۆیه یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كان له فێربوونی زماندا ئه‌وه‌یه كه وشه‌كان له‌ناو زنجیره‌ی ئاخاوتندا بناسینه‌وه. توێژینه‌وه‌كه‌ی ئێمه ده‌ریده‌خات كه منداڵێكی 3 ڕۆژه به‌بێ ئه‌وه‌ی واتای وشه‌كان بزانێت، ده‌توانێت وشه‌كان له یه‌كتر جیابكاته‌وه". خاك – سه‌مه‌د كورده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure