4/2/2019 03:23 PM

گرفته‌كانی‌ ئه‌لفوبێی‌ زمانی كوردیی‌


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*



تا ئێستە، نەک هەر ئەلفوبێیەکی دیاریکراو و یەکگرتووی نووسینمان نییە، بەڵکوو شارەزایانی زمانی کوردییش لەنێو خۆیاندا، هێشتا لەسەر ژمارەی پیتەکان و زۆر شتی دیکەش، بە تەواوی ڕێک نەکەوتوون.
جگە لە ئەوەی، ئەلفوبێیەکی یەگرتوومان نییە، ئەو ئەلفوبێیەی پێشی دەنووسین، لەنێو پسپۆڕەکانی زمانی کوردییدا، مشتومڕێکی زۆر گەورەی درووستکردووە.هەروەها بە تەواوی، هەموو پێویستییەکانی زمانی کوردیی پڕناکاتەوە. ئەم گرفتەش بە سەخترین کۆسپ دادەنرێ. چونکە هەر ئەمەش وای کردووە، زمانێکی یەکگرتووی نووسینمان نەبێ.
لە ڕاستیدا، هیچ نەتەوەیە نییە، گرفتی زمانەوانیی نەبێ، هەمووشمان دەزانین، ژمارەی پیتەکانی ئەلفوبێی نەتەوەکان، وەک یەک نین. بۆ نموونە: گەلانی ئەورووپا، زۆربەی پیتەکانیان، لە زمانی لاتینەوە وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو یەکێ لە ئەو زمانانە، خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. ژمارەی پیتە لاتینییەکان (26) پیتن. کەچی (لە زمانی فڕەنسیدا 36 دەنگ هەیە … لە زمانی ئینگلیزیشیدا، 44 دەنگ هەیە.)»1»
هەر بە ئەو شێوەیەش، پیتی زمانەکانی عەرەبیی، فارسیی و کوردیی، جیاوازییان هەیە. ژمارەی دەنگەکانیان، لەگەڵ ژمارەی پیتەکانیان یەک ناگرنەوە. بۆ نموونە: زمانی فارسیی لە (32) پیت پێکهاتووە، بەڵام (29) دەنگی هەیە. هەروەها پیتە عەرەبییەکان، لە (28) پیت پێکهاتوون و ئەمانەن:
(ا، ب، ت، پ، ج، ح، خ، د، ژ، ر، ز، س، ش، ص، چ، گ، ڤ، ع، غ، ف، ق، ك، ل، م، ن، و، هـ، ی‌).
سەبارەت بە ژمارەی پیتەکانی زمانی کوردیی، گەلێ بیروباوەڕی جیاواز هەیە، هەر یەکە لە شارەزایانی زمانەکەمان، وەک (جەلادەت بەدرخان، تۆفیق وەهبی، شێخ موحەممەدی خال، کوردۆییڤ، د. جەمال نەبەز، د. کەمال فوواد، تایەر سادق …)، بۆچوونێکی دیاریکراویان هەیە. هەروەها ئەم پیتانەش، بە چەندین قۆناغی مێژوویی جیاوازدا تێپەڕبوون، تا ئەم شێوەیەی ئەوڕۆیان وەرگرتووە.
لە ئەو (28) پیتە عەرەبییانە، سەرەتا تەنیا (21) پیتیان، بۆ زمانی کوردیی دەگونجان. وەک (ا، ب، ت، ج، ح، خ، د، ر، ز، س، ش، غ، ف، ق، ك، ل، م، ن، و، هـ، ی‌) بەڵام (7) پیتەکەی دیکەیان، (پ، ژ، ص، چ، گ، ڤ، ع)، بە هیچ جۆرێ لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردیدا نەدەگونجان.
هەروەها (5) پیتی تایبەتیشمان هەیە، وەک (پ، چ، ژ، ڤ، گ)، لە زمانی کوردیدا بەکاردێنرێن. هەموو ئەو پیتانەی، بە پیتی کوردیی دادەنرێن، هێندێکیان لە زمانە ئێرانییەکان و هێندێکی دیکەشیان، لە زمانە هیندۆ-ئەورووپایییەکاندا هەن. بەڵام ئەم پیتانە، لە زمانی نووسینی عەرەبیدا نین، کەچی لە زمانی ئاخاتنیاندا هەن!
هەرچەندە ژمارەی پیتەکان زیادیکردووە و بووە بە (26) پیت، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، گرفتی نووسین بە کوردیی، بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. لە ئەو بارەیەوە (تایەر سادق) نووسیوێتی: (نووسینی کوردیی، چۆن لە زار دەرئەچێ، وا ئەنووسرێ.)»2»
لەبەرئەوە (5) پیتی قەڵەو و کراوەی دیکەیان بۆ زیادکردووە، وەک (ڕ، ڵ، ۆ، ه، ێ) ئەمانەش لە پیتە سەرەکییەکانی (ر، ل، و، هـ، ی‌)وە وەرگیراون و لەبەر ڕۆشنایی دەنگەکانی زمانی کوردیدا، ئەو نیشانانەیان بۆ داناون و ژمارەی پیتەکانیش بوون بە (31) پیت.
بە کورتی، وردەوردە شارەزایانی زمانی کوردیی، چەن پیتێکی دیکەیان زیادکردووە، تا ژمارەی پیتەکان بووە بە (36) پیت و ئەمانەن: (ا، ئا، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤ، ق، ك، گ، ل، ڵ، م، ن، و، وو، ئو، ۆ، هـ، ه، ی‌، ئی، ێ.)
ئەز لە ئەو باوەڕەدام، تەنیا هەر (33) پیتیان تەواون. ئەو سێ پیتەی دیکەی نووسەران دایانناوە (وو، ئو، ئی)، لە جێی خۆیدا نین، چونکە:
1. پیت و دەنگیان تێکەڵکردووە.
2. ئەو سێ پیتە، هەر یەکەیان لە بنەڕەتدا، لە دوو پیتی لێکدراو پێکهاتوون، وەک (و + و، ئ + و، ئ + ی). گەر هەر کاتێ ویستمان، یەکێ لە ئەو پیتە ئاوێتانە بنووسین، ئەوا بە ئەو دوو پیتە دەینووسین، ئیدی پێویست ناکا، ئەو جووتە پیتانە، بە پیتێکی سەربەخۆ دانێن!
گومانی تێدا نییە، هەر زمانێ تا ژمارەی پیتەکانی پتربێ، بە نیشانەی دەوڵەمەندی ئەو زمانە دادەنرێ. چونکە دەتوانرێ، هەموو دەنگە جیاوازەکانی خۆماڵیی و بیانیی پێ دەرببڕرێ، هەموو وشە و زاراوە کوردیی و جیهانییەکانیشی پێ بنووسرێ. بەڵام خۆ ناکرێ، هەر لەبەرئەوەی زمانەکەی خۆمان دەوڵەمەندکەین، هەر لە خۆمانەوە پیت لە ئەم زمان و ئەو زمانەوە بخوازین، چونکە هەموو زمانێ تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەبەرئەوە دەبێ، ئەو پیتانە لەگەڵ خەسڵەتی زمانی کوردیی و فۆنێتیکەکەیدا بگونجێ.
لە ئەم دواییانەدا، لەنێو نووسەراندا، دوو دەستە پەیدابوون: دەستەی یەکەم دەیانەوێ، ژمارەی پیتەکان زیادکەن و داوادەکەن، پیتە عەرەبییەکانی وەک (پ، ژ، ص، ، گ، ڤ، ع)، لە نووسینی کوردیدا بەکاربێنرێ.
ئەز پێم وایە، ئەمە داوایەکی ڕاست نییە، چونکە ئەو پیتانە، لەگەڵ خەسڵەتەکانی زمانی کوردیدا ناگونجێن. جگە لە ئەوەی هەر لە کۆنەوە، بەرانبەر ئەو پیتانە، پیتی خۆمان هەبووە. هەرچەندە ئێستە، پیتی (ع) لە نووسینی کوردیدا، جێی شیاوی خۆی کردووەتەوە.
دەستەی دووەم دەیانەوێ، ژمارەی پیتەکان کەمکەنەوە و ئەم پیتانەش، بە کوردیی نازانن، وەک ئەوانی دیکە کوردیی یا عەرەبیی بن! پێشەوای ئەم بۆچوونەش، هێندێ نووسەر و ڕووناکبیری وەک (تایەر سادق، د. کەمال فوواد، د. جەمال نەبەز، کامیل ژیر…) بوون. کاتی خۆی ساڵی (1999)، لە بەرهەمی (سەلیقەی زمانەوانیی و گرفتەکانی زمانی کوردیی)، لە باسی (ئەلفوبێیکوردیی)دا، لە لاپەرە (338-368)، بە درێژی لە بۆچوونەکانیان دواوم. باسەکەشیان بە تایبەتی، لەسەر هەر سێ پیتی (ح،ع،ق) بوو. بەڵام ساڵی (2016)، کاک (کامیل ژیر) هۆنراوەیەکی نووسی و باسەکەی تازەکردەوە. لەسەر ئەو بۆچوونەش، لەگەڵ کاک (کامیل)دا، دەمەتەقێیەکی گەرممان کرد. ئەو داوایدەکرد، پیتەکانی (ح، ع، ق) بکەین بە (هێ، ئە، ک) بەڵام دەمەتەقێکەمان بێ ئەنجام بوو. ئەمەش دەقی وەڵامەکەی من بوو.
(ڕاسته‌ ئه‌م پیتانه (پ، ح‌، ژ، ص، چ، ڤ، گ، ع، ق) کوردیی نین، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا، عه‌ره‌بییش نین، به‌ڵکوو سریانین!
ئه‌ز پێم وایه‌، پیته‌کانی (پ، ژ، ص، چ، ڤ، گ) به‌ هیچ شێوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ته‌کانی زمانی کوردییدا ناگوجێن، بۆیە پیتی (پ) و (ص) لە مێژە بوون بە (س)، پیتەکانی (ژ، چ و ڤ)یش، بوون بە (ز)، واتە گرفتێکمان لەگەڵ ئەو پیتانەدا نەماوە. یا هێندێ کەس هەن، بەرۆکی پیتی (غ)ش دەگرن و بە (خ) دەینووسن، کەواتە لەبری (بەغدا) دەبێ، بنووسین: (بەخدا).
به‌ڵام نه‌م سێ پیته‌ (ح‌، ع، ق) ده‌گونجێن، تازه‌ تێکه‌ڵی زمانه‌کەمان بوون و هه‌موو گه‌لانی جیهانیش، که‌ڵکیان له‌ زمانی یه‌کدی وه‌رگرتووه‌. ئاخر عه‌ره‌به‌کانی (میسر)، باش له‌ ئه‌و گرفته‌ تێگه‌یشتوون، بۆیه‌ هه‌ردوو پیتی (چ) و (پ)یان،له‌ زمانی کوردیی یا فارسییه‌وه‌وه‌رگرتووه‌ و زۆر بە باشیش، له‌ نووسینه‌کانیشیاندا به‌کاریدێنن.)
30. 7. 2016
باوەڕناکەم، ئەم سێ پیتە (ح حێ: هـ هێ – ع عەین: أ ئەلف – ق قاف: ك کاف)، هیچ گرفتێ بۆ زمانی کوردیی بئافرێنن. تازە وەک هەموو پیتەکانی دیکەی زمانەکەمان، جێی شیاوی خۆیان، لە ئەلفوبێی کوردییدا کردووەتەوە. کەواتە گەر بە ئەو شێوەیە بێ و ئەو سێ پیتە ڕەتکەینەوە، دەبێ زۆربەی پیتەکانی ناوی مرۆ و شتەکان هەیە، بیانگۆڕین و ئەو سێ پیتەیان لێ دەربێنین!
وەک ( دوکتۆر حەسەن حەمە عەلی) ناوێ، ناوەکەی خۆی بە دڵ نەبووە، هەردوو پیتی (ح) و (ع)ی گۆڕیوە، ناوەکەی کردووە بە (دوکتۆر هەسەن هەمە ئەلی)»2»
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئایا گرفتی سەرەکی زمانەکەمان، تەنیا هەر ئەو سێ پیتەیە، چونکە عەرەبین؟ ئایا تەنیا هەر ئەو سێ پیتە عەرەبین و پیتەکانی دیکە هەموویان کوردین، وا دەبێ، نەیانووسین و زمانەکەمان خاوێنکەینەوە؟!!
ئێمەی کورد، بە پاکتاوکردنی ئەو سێ پیتە، نە زمانەکەمان پێشتردەکەوێ، نە گەلی کوردیش لەدەس ژێردەسی ڕزگاریدەبێ. ئاخر تا پیتەکانی هەر زمانێ، زۆرتربێ، زمانەکە پێشتردەکەوێ، شتی پتر پێ دەنووسرێ، بۆ هیچ پیت و وشەیەکیش دانامێنێ. گەلانی جیهان هەوڵدەدەن، پیتێ بۆ ئەلفوبێکەیان زیادکەن، ئێمەش تازە خەریکین، هێندێکیان تیرۆرکەین و ئەلفوبێکەمان کەمکەینەوە. ئەمە لەپێناوی چیدا دەکەین و کەڵکی چییە؟!!
2019. 1. 15

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ

سەرچاوەکان
1.دوکتۆر محەمەد رەزای باتینی، ئاوڕێکی تازە بۆ سەر ڕیزمان، سوید،1993، ل54.
2.گاهر صادق، ڕێنوس – چۆنێتی نوسینی کوردی، مهاباد، ل9.
3. ئەکرەم خامۆش، کێشەی نیشانەکانی خاڵبەندی دەستوور و بناوانی چارەسەرکرردنی، گۆڤاری خوێندکاری کورد، ژمارە24-25، سۆکسە،1997، ل90.
4.دوکتۆر حوسێن موحەمەد عەزیز، سەلیقەی زمانەوایی و گرفتەکانی زمانی کوردیی، چ1، سولەیمانیی،1999، ل338.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved