پێشه‌كی: كورد و گێڕانه‌وه هه‌رچه‌ند سه‌رله‌به‌ری كایه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی گرێدراوه به گێڕانه‌وه و داستانه‌وه. نه‌ته‌وه‌ی كوردیش به‌پێی ئه‌و بارودۆخه ناجێگیره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه تێیدایه و ئه‌و كاره‌سات و تراژیدیایانه‌ی كه دوژمنان و به‌شێكیشی خۆیان پێكیان هێناو، پڕه له گێڕانه‌وه و سه‌ربرده‌ی تاڵ و سامناك كه نموونه‌كانی له مێژووی هاوچه‌رخی مرۆیدا كه‌من. مێژووی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه له‌لای كورد ناگاته حه‌وت ده‌یه و ئه‌مه‌ش به چه‌ند قۆناغی پچڕپچڕ و به‌ینابه‌ین و ئاڵۆزدا تێپه‌ڕیوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و تراژیدیا و كۆمه‌ڵكوژی و قڕكردن و كۆچ و كوشتاره‌ی كه به مل نه‌ته‌وه‌ی كورددا هاتووه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی كورد هێشتا نه‌یتوانیوه له‌مباره‌یه‌وه ده‌وری خۆی بگێڕێت و ئه‌وه‌ش كراوه، جیا له هه‌ندێ كاری سه‌ره‌تایی و گێڕانه‌وه‌یه‌كی رتووش و ڕاپۆرتئاسای به‌ده‌ره له زمانی گێڕانه‌وه. ده‌نا قووڵایی ئه‌و تاوان و تراژیدیایانه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هاتوون، هیچیان له هۆلۆكۆست و هێرشه‌كانی مه‌غۆڵ و تاوانه‌كانی جه‌نگ و شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی مێژوو كه‌متر نین. ده‌بێ چیرۆكنووس و رۆماننووسی كورد له ڕوانگه‌ی هونه‌رییه‌وه بپه‌رژێنه سه‌ر لایه‌نه جیاجیاكانی ئه‌و كاره‌ساتانه، هه‌تا ببنه هه‌وێن و به‌ردی بناغه‌ی سینه‌مای كوردستان. وشه سه‌ره‌كییه‌كان: هه‌ڵه‌بجه، ناسنامه، زمان، سه‌رهه‌ڵگرتن، ئه‌شق، تاسه، نیشتمان، ژن، وه‌فا، خه‌رده‌ل. ناو و كرۆكی رۆمانه‌كه: «پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه» ناوی دووه‌م ڕۆمانی «مه‌حمود نه‌جمه‌دین»ه، كه لای خوێنه‌ران زیاتر به چیرۆكنووس ناسراوه. ئه‌م ڕۆمانه له دووتوێی 210 لاپه‌ڕه و ساڵی 2018 له چاپخانه‌ی كارۆ له سلێمانی و له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری چاپ كراوه. كرۆك و چه‌قی ئه‌م رۆمانه چیرۆك و سه‌ربرده و خولیای ئه‌و كچ و ژن و پیاو و مناڵانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه كه پاش كاره‌ساتی كیمیاباران به‌سه‌ریان هاتووه. داستانی نه‌هامه‌تیی ژیانی ئاواره‌یی ئه‌و مرۆڤه بێبه‌خت بێ نیشتمان و بێ ناسنامه‌یه كه له گازی خه‌رده‌ل و دووكه‌ڵ و بۆردومان رزگاریان بووه، به‌ڵام خۆیان ون كردووه و هه‌ڵوه‌دای ئه‌وینی سه‌رهه‌ڵگرتوو و ناسنامه‌ی شێواو و بێ سه‌ره‌تا و ئاڵۆزی خۆیانن. ئه‌م ده‌قه ده‌ستی خستۆته سه‌ر بابه‌تێكی نوێ، به قووڵایی ژانێكدا رۆچووه كه ڕوو له هه‌ر كوێیه‌كی ئه‌م نیشتمانه بكه‌ی نموونه‌ی زۆره، وه‌لێ كه‌م نووسه‌ر ئاوڕی لێ داوه‌ته‌وه. گه‌وهه‌ری ئه‌م ده‌قه خولیا و ئاوات و خۆزگه و هه‌ناسه‌ی ئه‌و كچ و ژن و دایكانه ده‌گێڕێته‌وه كه له حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویست، هاوسه‌ر و باوك و براكانیاندا هه‌ڵده‌قرچێن و له‌ناو زامی چاوه‌ڕوانیدا ده‌تلێنه‌وه. كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و باكوور و ئه‌نفالی باشوور و هه‌ڵه‌بجه‌ی زامار، تژین له‌و دایك و ژن و ئه‌وینداره دڵهه‌ڵقرچاوانه‌ی له حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی گراو و برا و باوكه دڵڕه‌ق و بێسه‌روشوێنه‌كاندا پرچیان سپی بووه، وه‌لێ هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕێن و بێ هیوا نه‌بوون. مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌م سۆنگه‌یه‌وه و له‌ناو ئازاری بێبڕانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌ستی بردووه بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی زام و برینێكی به‌سۆ و چیرۆكی ئه‌ودیوی ژیانی كچه داماو و چاره‌ڕه‌شه‌كان و ژنه پۆپچه‌رمووه چاوه‌ڕێیه‌كانی نیشتمانی كورد ده‌گێڕێته‌وه كه هێشتا گرێی ئه‌و رازه‌یان بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه بۆچی سه‌ریان هه‌ڵگرت؟ و له كوێن و بۆچی ناگه‌ڕێنه‌وه؟ زمانی گێڕانه‌وه: جیا له كرۆك و نوێبوونی چه‌قی رۆمانه‌كه كه زۆر سه‌رنجی راكێشام، دووه‌م بابه‌ت كه بووه جێی دڵخۆشیم، زمانی ره‌وان و بێ‌گرێ و گۆڵ، ساده له هه‌مانكاتدا قووڵ كه لێوانلێوه له ره‌سه‌نایه‌تیی به‌دوور له دۆخی زاڵی ئه‌مڕۆی «زمانی میدیای كوردی». ئه‌مه جێگه‌ی دڵخۆشی و ده‌ستخۆشییه له كاك مه‌حمودی وردبین، هه‌رچه‌ند خۆشی ماوه‌یه‌كی زۆره له میدیای نووسراوی كوردیدا كار ده‌كات، وه‌لێ خۆی له زمانی «سه‌قه‌ت و شێواو و نزیك له هه‌ڵدێر»ی میدیای كوردی پاراستووه و به زمانێكی ته‌واو ئه‌ده‌بی و له گشتی گرنگتر به گه‌وهه‌ری «زمانی گێڕانه‌وه» ئه‌م ده‌قه‌ی داڕشتووه. نووسه‌ر له «پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه»دا به‌بێ لاساییكردنه‌وه و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی جۆری گێڕانه‌وه و زمانی هیچ نووسه‌ر و ڕۆماننووسێكی دیكه، ده‌ستی بۆ پرسێك بردووه كه شوێنی رووداو و گه‌وهه‌ری چیرۆك و سه‌رله‌به‌ری كایه زمانییه‌كان كوردین و خه‌یاڵ و خولیا و خه‌ون و ئاشقبوون و گریان و شین و شه‌پۆڕ هه‌مووی كوردی و خۆماڵییه. خه‌یاڵی فراوان و به‌ربڵاو و له هه‌ندێ شوێن زاڵبوونی خه‌یاڵی شاعیرانه و په‌خشان وێنه وای كردووه خوێنه‌ر له هه‌ندێ شوێن هه‌ست ده‌كات له زمانی گێڕانه‌وه داده‌بڕێ. له‌ناو دیالۆگێكدا له‌ناكاو قوتبوونه‌وه‌ی رسته‌یه‌كی خه‌یاڵی كه دووره له ڕه‌وتی چیرۆكه‌كه‌وه، خوێنه‌ر ون و گێژه ده‌كات. ده‌وری كاره‌كته‌ر: گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كیی رۆمانه‌كه یه‌كه‌م كه‌سی تاكه، واته (مه‌هتاب، یان شكۆفه) به‌سه‌رهات و سه‌ربرده‌ی خۆی و ماشوقه‌كه‌ی (باڵانبۆ) و كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه وه‌ك (به‌هنام، فه‌ریبا، مه‌لا سه‌یفوڵڵا، دایه گوڵستان، شه‌كیبا، فه‌رشید، باڵانبۆ، گوڵان، به‌هرۆز، شنروێ، باپیره ئه‌شره‌ف و میهران و…) ده‌گێڕێته‌وه. یه‌كه‌م كه‌سی تاك وه‌ك باوترین جۆری گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانی سه‌رده‌م، بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی كه زیاتر ئاوڕ له پرسی كاره‌سات و تراژیكه‌كان ده‌ده‌نه‌وه، گونجاوتره و لێره‌دا، دانه‌ر (نووسه‌ر) كه‌متر سێبه‌ری به‌سه‌ر ده‌قه‌وه‌یه و ناكارێت فكر و هزری خۆی بخاته زه‌ین و زاری كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه. له‌م ده‌قه‌دا خوێنه‌ر گه‌ر خوێنه‌رێكی وشیار و جیدیی رۆمان و شاره‌زای زمانی گێڕانه‌وه نه‌بێت، لێی تێك ده‌چێت و وا ده‌زانێ رۆمانێكی فره كاره‌كته‌ر و ئاڵۆزه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا كاره‌كته‌ره‌كان له‌جێی خۆیانن. هه‌رچه‌ند چیرۆك و سه‌ربرده‌ی به‌شێكیان له‌ڕووی كات (زه‌مه‌ن) و شوێنه‌وه لێك جیان و سنووره ده‌سكرده‌كان ده‌بڕن. هه‌ندێكیان له چركه‌ساتی بۆردومانی كیمیایی و به‌هاری هه‌ڵه‌بجه‌وه ژیانی گێڕانه‌وه‌یان ده‌ست پێده‌كات و هه‌ندێكیان له‌ناو جه‌رگه‌ی تارانی ئاڵۆز و دووكه‌ڵاویدا دێنه بوون، وه‌لێ گه‌وهه‌ری ژیان و خولیا و خۆزگه‌ی هه‌موویان ڕوو به ڕووگه‌ی گه‌یشتن به «ناسنامه» و گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد (هه‌ڵه‌بجه) و گه‌یشتنه به خۆشه‌ویست، یان زانینی سه‌ره‌داو، یان هه‌واڵێكه له ئازیزه سه‌رهه‌ڵگرتووه‌كان. له هه‌ڵبژاردنی ناوی كاره‌كته‌ره‌كاندا نووسه‌ر زۆر به وریاییه‌وه كاری كردووه و له ناو و هێما و سیمبۆله‌كانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك (شنروێ، باڵانبۆ) و شوێنه‌كانی وه‌ك (عه‌بابه‌یلێ، هاوار، مله‌خورد، كانی ئاشقان و…) كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و ئه‌مه‌ش مانای دیسان زیندووكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێمایانه‌یه بۆ ناو كۆمه‌ڵگه له رێگه‌ی زمان و سیحری گێڕانه‌وه‌وه. هه‌روه‌ك پێشتر وتم زمانی ئه‌م ده‌قه ساده و ڕه‌وانه، به‌ڵام له زۆر شوێن هه‌ست ده‌كرێت دیالۆگ و ئاخاوته‌ی كاره‌كته‌ره‌كان شێواو و ئاڵۆزه و سه‌ره‌تا و كۆتاییان دیار نییه. گۆڕینی خێرای دیمه‌ن و ڕووداوه‌كان، جۆرێك قه‌ره‌باڵغی و ئاڵۆزیی پێكهێناوه. نووسه‌ر هه‌وڵی داوه له جۆری گێڕاونه‌وه‌دا نوێگه‌ری بكات كه له ده‌قه باوه‌كانی دیكه پێش خۆی جیاواز بێت، ئه‌م ته‌كنیك و فۆرمه له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی باشووری كوردستاندا كه‌متر باوه و زیاتر چیرۆكنووس و رۆماننووسانی گه‌نجی رۆژهه‌ڵات گرنگی پێده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات زمانی نووسینی مه‌حمود نه‌جمه‌دین بۆ گێڕانه‌وه به‌لای نووسه‌رانی رۆژهه‌ڵاتدا ده‌شكێته‌وه و چه‌ند نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی رۆژهه‌ڵات وه‌ك «سه‌ید قادر هیدایه‌تی» رۆماننووس و محه‌مه‌د ره‌ئووف مورادی وه‌رگێڕ، رۆمانی «پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه»یان به جیاواز و هه‌وڵێك بۆ ته‌كنیك و فۆرمی نوێگه‌ری له قه‌ڵه‌میان داوه. خاڵێكی لاوازی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئه‌م ده‌قه، ئه‌وه‌یه په‌روه‌رده و بارهێنانی كاره‌كته‌ری تێدا نییه، خوێنه‌ر تێناگات سه‌ره‌تای په‌یدابوونی پاڵه‌وان كه‌یه؟ بۆ وێنه له‌ناكاو ناوێك و شوێنیك دێته ناو باسه‌كه‌وه و قوت ده‌بێته‌وه و ده‌بێته هۆی دابڕان له باسه‌كه‌ی پێش خۆی. له هه‌ندێ شوێن كاره‌كته‌رێك دێته مه‌یدان كه به‌ساڵاچووه، یان نێوان ساڵه، له حاڵێكدا پێشتر قه‌ت باسیان نه‌كراوه. ئاستی رۆشنبیری و جۆری دیالۆگ و ده‌ربڕینیان وه‌ك یه‌ك وایه و ئه‌مه‌ش جۆرێك زاڵبوونی هزری نووسه‌ره به‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كاندا. نووسه‌ر به‌پێی ڕه‌وتی ته‌مه‌ن و گه‌شه‌ی هزری و شوێن – كاتی كاره‌كته‌ر نه‌ڕۆیشتۆته پێش و ره‌هایی پاڵه‌وانی تێدا نییه و گه‌وره و بچووك و ژن و كوڕ تێگه‌یشتنیان زۆر لێك نزیكه. ریتم و ئاخاوتن: یه‌كێك له خه‌سڵه‌ت و خاڵه به‌رچاوه‌كانی رۆمانی هاوچه‌رخ، ئاوڕدانه‌وه له ورده كولتووره‌كانه و ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی پاڵه‌وانه‌وه دێته بوون. حزووری زمانی زاره‌كی و كووچه و كۆڵان و شێوه‌زاره‌كان له ڕۆمانێكدا كه (كات – شوێن) تێیدا به‌ربڵاوه، ده‌بێ یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كان بێت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه هه‌م جۆرێكه له زیندووبوونی رۆمان و هه‌م ڕێگه‌دانه به كاره‌كته‌ر كه وه‌ك خۆی بدوێ و سێبه‌ری نووسه‌ر (منی هه‌مووشتزان)ی له‌سه‌ر نامێنێ. گرنگیدان به له‌حن و ئاخاوته‌ی ناوچه‌یی كاره‌كته‌ره‌كان له رۆمان‌دا نیشانه‌ی فره ڕه‌نگیی كۆمه‌ڵگه و به‌رفره‌یی كولتووره. له‌م ده‌قه‌دا كه سه‌ره‌تاكه‌ی له هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور و هه‌ورامانه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه شێوه‌زاره‌كانی (جاف، هه‌ورامی)ی تێدایه، ده‌بوا گرنگی پێ بدرێت، به‌ڵام ده‌ربڕین و دیالۆگی كاره‌كته‌ره‌كان ناوچه‌یی نین و ئه‌و فۆنه‌تیك، ده‌سته‌واژه و بنزارانه له‌م رۆمانه‌دا كه به‌شێكی له «لوڕستان، تاران» و ناوچه‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵات رووده‌دات، تێیدا غایب (پیوار)ه كه شێوه‌زاریان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان جیاوازه. هه‌رچه‌ند هه‌تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئاگادار بم، مه‌حمود نه‌جمه‌دین بۆ نووسینی چیرۆك و رۆمانه‌كانی به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه رووداو و شوێنه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی باشووری كوردستانن، زۆر به‌دواداچوون ده‌كات و به وردی له‌باره‌ی ئه‌و شوێنانه‌وه ده‌خوێنێته‌وه و زانیاری كۆ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام بریا لایه‌نی له‌حن و ئاخاوته‌ی كاره‌كته‌ره‌كانیشی له‌به‌رچاو گرتبا، كه ئه‌مه به‌ڕای من وه‌ك نه‌قز و كه‌موكووڕییه‌ك دێته ئه‌ژمار. جه‌نگ، ژن و وه‌فا: له كۆمه‌ڵگه‌ی ناسه‌قامگیری كوردستاندا هه‌ر كاتێك جه‌نگ و كاره‌سات و تراژیدیا‌كان روویان داوه، یه‌كه‌م توێژ كه جیا له خه‌ساره گیانی و جه‌سته‌ییه‌كان، كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌رییه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ژنان بوون. چونكه له شه‌ڕ، كۆچ و ئاواره‌یی، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و كۆڕه‌ودا هه‌م پیاو زۆرتر كوژراوه و هه‌میش لێكترازان و لێكدابڕانی ئه‌ندامانی ماڵباته‌كان له یه‌كتر، ئازار و بڕك و ژانه‌كانی ژنان و كچانی زیاتر كردووه. له نه‌مانی پیاودا ژن هه‌م ده‌وری باوكی گێڕاوه و هه‌م خه‌مه گه‌وره‌كش كه دایككایه‌تییه له كۆڵی بووه و له‌ناو چه‌قی ئه‌م ئازاره ئه‌سته‌م و دژواره‌دا وێڕای پاراستنی شێرازه‌ی بنه‌ماڵه و بیره‌وه‌ری و سه‌ربرده‌كان، هاوكات زۆربه‌یان بوونه‌ته هێمای وه‌فاداری و ئه‌مه‌كناسی و هه‌تا سه‌ره‌مه‌رگ به ئه‌وین و خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان پابه‌ند بوون، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان كه پیاو و گراوه‌كانیان بێسه‌روشوێن بوون یان سه‌ریان هه‌ڵگرتووه. كرۆكی ئه‌م رۆمانه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته داڕێژراوه، ده‌قێك كه لێوڕێژه له پێگه‌ی ژن و هه‌ست و خه‌ون و خه‌یاڵی كچه ره‌به‌ن و پیره‌ژنه چاوه‌ڕوانه‌كان كه هه‌تا دواساتی ژیان چاو له‌ڕێی پیاوه سه‌رهه‌ڵگرتووه‌كان ده‌مێننه‌وه و له‌سه‌ره‌مه‌رگیشدا هه‌ر بێ هیوا نین. بو وێنه له مه‌هتاب له لاپه‌ڕه هه‌ژده‌دا له‌زاری باوكییه‌وه ئه‌یژێ: «داپیره له ئاویلكه‌دانا له منی روانیوه و بۆ دواجار گوتویه‌تی چه‌ند دڵخۆشم روخسارت هاوشێوه‌ی ئه‌شره‌فی تێدایه». (ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستی هه‌رگیز له‌دڵ ده‌رناچێ، ئاشق كه ده‌كه‌وێته ئاویلكه، ئیزرائیلیش وه‌كو دڵداره‌كه‌ی ده‌بینێ.) خه‌م و ئازاره ڕۆحی و ده‌روونییه‌كانی ژنانی ناو ئه‌م رۆمانه كه هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی مه‌رگه‌ساته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌ست پێده‌كات، تژییه له هه‌ڵچوون و داچوون و دڵه‌ڕاوكێ، وێڕای گه‌ڕاون به شوێن ناسنامه‌ی ونبوویان، به‌رده‌وام رابردووی پڕ له دووكه‌ڵ و مه‌رگ و خه‌رده‌ل و بۆنی سێ‌و و دووكه‌ڵ و سه‌ره‌تای به‌هاری هه‌ڵه‌بجه وه‌ك فیلمێك له یادگه‌یاندایه. هاوكات له‌ناو چه‌قی ئێستای پڕ له سه‌رگه‌ردانیدا په‌له‌قاژه بۆ ژیانێكی به‌خته‌وه‌رانه ده‌كه‌ن، به‌ڵام داهاتوویان لێڵه، چونكه چیرۆك و سه‌ربرده‌ی ئه‌و كچ و ژن و مناڵه ونبوویانه‌ی گه‌ڕانه‌وه هه‌ڵه‌بجه و ده‌ست به روویانه‌وه نرا، له خه‌م و ئازاری بێ‌ناسنامه‌یی و بێ‌نیشتمانییه به‌ژان و ئازارتره. له كۆتاییدا له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی «مه‌حمود نه‌جمه‌دین»ه‌وه، ئاماژه به‌م چه‌ند خاڵه به پێویست ده‌زانم. – پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له رۆماننووس و چیرۆكنووسانی باشوور له حاڵێكدا له‌ناو ده‌قه‌كانیاندا روویان له ئه‌وروپا، به‌غدا و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه، له‌م ده‌قه‌دا كوردستان یه‌ك كوردستانه و سنووری باشوور و رۆژهه‌ڵات له‌لای بێ واتایه و كاتێك ده‌په‌رژێته سه‌ر «لوڕستان، ده‌ڕه‌شه‌هر، هه‌ورامان، مه‌هاباد، پیرانشار، بۆكان و….» خوێنه‌ر هه‌ست ناكات كه‌ی و چۆن سنووری بڕی، بۆیه گه‌ر خوێنه‌رێك له سنه و كرماشان ئه‌م ده‌قه بخوێنێته‌وه، باوه‌ڕ ناكات كه‌سێك له باشووری نیشتمانه‌وه ئه‌م ده‌قه‌ی خوڵقاندووه، ئه‌م جۆره روانینه كه نیشتمان و كوردبوون تێیدا شه‌پۆل بدات، هه‌ر له ڕۆڵه‌یه‌كی كه‌ركوكی ده‌كاڵێته‌وه. – هه‌رچه‌ند پێشتر باسی هه‌ندێ ئاڵۆزیی ئه‌م ده‌قه‌م كرد و وتم، خوێنه‌ر وریا نه‌بێ سه‌ری لێ تێك ده‌چێ و دیالۆگ و ئاخاوته‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كانی بۆ جیا ناكرێته‌وه، من لام وایه نووسه‌ر ئامانجی له‌م جۆره گێڕانه‌وه هه‌بووه، هه‌م هه‌وڵێكه بۆ چه‌ند ده‌نگی و هه‌میش هه‌وڵدانه بۆ به‌شداریپێكردنی خوێنه‌ر له ئاراسته و ڕه‌وڕه‌وه‌ی ده‌قدا بۆ هزرین و تێرامان. هاوكات هه‌ست ده‌كه‌م نادیاری و ونبوونی چاره‌نووسی پاڵه‌وانه‌كان، ئاڵۆزی، دڵه‌ڕاوكێ و شپرزه‌یی ده‌روونییان ده‌قاوده‌قی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ناسه‌قامگیری كوردستانه. ناكرێ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه مێژووی شێوێندراوه، ڕابردووی پڕه له خوێن و جه‌نگ و ئاواره‌یی و ناسنامه‌ی شه‌مزاوه و ئێستاشی «ده‌ڵه‌مه»یه، باسی خۆشی و ئاسایش و هیوا ئومێد بكه‌ی و له‌گه‌ڵ خۆت و خوێنه‌ر ڕاستگۆ نه‌بیت. بۆیه پێم وایه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م ده‌قه ئاوێنه‌ی باڵانوێنی لانیكه‌م به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانن كه هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی ژیان و ئاسووده‌یین و ئومێد و ژیان به‌ڕوویاندا پێناكه‌نێ و به‌خته‌وه‌ری تۆراوه. – ئه‌م ده‌قه ده‌قێكی چه‌ند ڕه‌هه‌ند و فره‌چه‌شنه و ده‌كرێ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت. له‌ڕووی ده‌روونناسی، ڕۆحی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی… شرۆڤه و شیكاری بكرێت، چونكه مرۆڤی سه‌یر و ئاڵۆزی تێدایه كه له نیشتمان هه‌ڵكه‌ندراون. قسه‌ی سه‌ری زمان و بنی زمانیان، حه‌سره‌ته بۆ نۆستالۆژیا و گه‌یشتنه به ئازیزترین كه‌سه‌كان كه له‌وپه‌ڕی بێوه‌فایی و دڵڕه‌قیدا و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێ بۆچی سه‌ریان هه‌ڵگرتووه؟ ئایا بۆ ماوه‌یی (میراتی) بووه، یان شتێكی دیكه. ئه‌م ده‌قه پڕه له كۆد و ڕه‌مز كه ده‌بێ ڕه‌خنه‌گر و خوێنه‌ره‌وه‌ی كونجكۆڵ بیانشێكێنێ. – له‌م ڕۆمانه‌دا له رسته‌یه‌كدا ئومێد و هیوا له‌دایك ده‌بێ، له‌ناكاو گریان و شین و شه‌پۆڕ و مه‌رگ و ئاواره‌یی به‌رۆكت ده‌گرن. زۆر ڕۆمانسییانه وه‌سفی به‌ژن و باڵا و لار و له‌نجه‌ی كچ و كرا‌و و خۆشه‌ویست ده‌كرێ. ماچ و رامووسان و مه‌مك كوشین و ده‌مه‌ته‌قی پشت په‌نجه‌ره و سرته‌ی ژوانی ئاشقان ده‌تبه‌نه ته‌شقی ئاسمانی خه‌یاڵ، له‌ناكاو بۆنی خه‌رده‌ل و «ڤی‌ئیكس» و سیانۆر و سیر و گۆڕستان و بێوه‌فایی و گریان، بۆ ناخی كاره‌سات و مه‌رگ په‌لكێشت ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا هه‌روه‌ك له لاپه‌ڕه 139 و 140دا هاتووه: (كه‌چی تۆ سه‌یری كامێرامانه ئێرانییه‌كان ده‌كه‌یت و ده‌ڵێیت: «شكۆفه‌ی گه‌مژه ئه‌وه پرۆڤه ده‌كه‌ن بۆ كاری سینه‌مایی، نابینی كامێرامانه ئێرانییه‌كان خه‌ریكن گرته‌كان تۆمار ده‌كه‌ن! له‌و باوه‌ڕه دام فیلمێكی زۆر نایابی لێ ده‌رده‌چێ.» ئه‌وان به‌ڕاستی خنكان، ئه‌و هه‌موو فڕۆكه‌یه، بۆمبا وه‌كو باران به‌سه‌ر شاره‌كدا ده‌بارێ، ته‌نانه‌ت بۆ خۆشت خه‌ریكه ده‌خنكێی… كه‌چی پێت وایه پرۆڤه‌ی فیلمه، نا ئامۆزا گیان پرۆڤه‌ی مه‌رگێكی راسته‌قینه‌یه و هێوش هێواش خه‌ریه گیانمان ده‌كیشێ.) بۆیه ئه‌م ده‌قه به جۆرێك وێنای پرۆڤه‌ی مه‌رگی كورده. – سه‌ره‌تا و كۆتایی به‌رده‌وامی ئه‌م ده‌قه ته‌واوكه‌ری یه‌كدین، سه‌ره‌تایه‌ك كه مرۆڤی كورد له‌ناو جه‌نگ و هه‌را و په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگدا چنگی به ناسنامه‌دا كردووه و ده‌یهه‌وێ بیپارێزت. كۆتاییش كه باڵانبوو، خۆشه‌ویستی ونبوو و سه‌رهه‌ڵگرتوو له دارستانێك له شێوه‌ی باڵنده‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ و وێڕای ئه‌شقێنێ له‌گه‌ڵ مه‌هتاب، پێك ده‌گه‌ن و پێكه‌وه ده‌خه‌ون و به‌رهه‌می ئه‌و ژوانه‌ش «به‌چكه شێر» واته كوڕێكه. ئه‌مه ڕاز و چیرۆكی گه‌ردوون و به‌رده‌وامیی ژیان و كۆتایی نه‌هاتنی ئه‌م ده‌قه و زیندووبوونیه‌تی و هاوكات ده‌ربڕی كۆڵنه‌دان و پشوودرێژیی مرۆڤی كورده له خه‌بات بۆ به‌زاندنی مه‌رگ و گه‌یشتن به تروپكی ئازادی و ژیان.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure